راپۆرتێک: بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ خوازیاری دۆرانی ناتانیاهۆ بون

جیهان

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 425 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بە ئاشکرا پشتگیریی خۆی بۆ ناتانیاهۆ راگەیاندووە، بەڵام ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ، هیوای زۆرێک لە بەرپرسانی واشنتۆنی بۆ ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی لەباربردووە و ئەوان هیوادار بوون ئۆپۆزیسیۆن سەرکەوتن بەدەستبهێنێت و ئەو پەیوەندییانە چاک بکاتەوە کە بەهۆی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، خراپ بوون.

بەرپرسێکی پێشووی ئیدارەی ترەمپ بە ماڵپەڕی «پۆلیتیکۆ»ی گوتووە: "ئەمە دەرفەتێک بوو بۆ ڕاگرتنی خراپتربوونی پەیوەندییەکان، لە ڕێگەی حکومەتێکی کەمتر ئیستیفزازکەرەوەە"، و جەختی کردۆتەوە کە بێزارییەکی گشتیی لە ناتانیاهۆ هەیە.

ڕەخنەگران لە نەتانیاهۆ لە هەموو لایەنەکانی گۆڕەپانی سیاسیی ئەمریکادا هەن؛ لە دیموکراتەکانەوە تا جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، و ئەو کۆمارییانەی دژایەتیی دەستێوەردانی ئەمریکا لە ئێران دەکەن.

کریس مێرفی، سێناتۆری دیموکرات، نەتانیاهۆ بە بەربەستێک لەبەردەم توانای ئەمریکا بۆ دەرچوون لە ملمـلانێی ئێران دەزانێت. بە بڕوای ئەو، ئەگەر نەتانیاهۆ دووبارە هەڵببژێردرێتەوە، هەروا کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ترەمپ دەبێت بۆ هەوڵدان بۆ گۆڕینی ڕژێمی تاران.

سەرچاوەیەکی پێشووی کۆشکی سپی، کە هێشتا نزیکە لە بازنەی ناوخۆیی ترەمپ، دەڵێت پشتگیرییەکەی ترەمپ لە نەتانیاهۆ لە پەیوەندیی کەسی و هەژمارە تاکتیکییەکانیانەوە سەرچاوە دەگرێت. 

ئەو جەختی کردۆتەوە کە ئەم پشتگیرییە بەردەوامیی پەیوەندییەکان مسۆگەر دەکات، بەڵام ئەگەر گادی ئایزینکۆت یان کەسێکی نوێ ببێتە سەرۆک وەزیران، پێویستییان بە ترەمپ دەبێت بۆ ناساندنیان بە ئەمریکا.

بەپێی هەمان سەرچاوە، لایەنگرانی ئیسرائیل لەناو کۆمارییەکاندا گۆڕانکارییەکی هێواشتر دەخوازن، وەک پێکهێنانی حکومەتی یەکگرتوویی نیشتمانی بێ ئەو کەسایەتییە توندڕەوانەی وەک بتسەلئێل سمۆتریچ و ئیتمار بن گڤێر.

سەرچاوەیەکی ئەمریکی بە کەناڵی «i24NEWS»ی گوتووە، پێشبینی دەکات ترەمپ لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەستێوەردان نەکات، بەڵکو چاوەڕێ بکات و دوای چەند هەفتەیەک لەوانەیە ئایزینکۆت و نەتانیاهۆ بانگهێشتی مار-ئالاگۆ بکات بۆ تەواوکردنی ڕێککەوتنێک.

  ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی