سوپای پاسداران چی دەڵێت؟
سوپای پاسداران دەڵێت کە یەک درۆنی ئەمریکی لە ڕۆژئاوای تەنگەی هۆرمز بە تەواوی کۆنترۆڵ کردووە
بەبێ ئەوەی تێکبشکێت، دایانبەزاندووە؛ لە هەمان کاتدا، دەڵێن درۆنێکی دیکەی ئەمریکایان
لە ڕۆژهەڵاتی تەنگەى هورموز خستووەتە خوارەوە. ئەم بانگەشانە هێشتا لەلایەن فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سەنتکام)ەوە بە
فەرمی پشتڕاست نەکراونەتەوە.
١. کۆنترۆڵکردنی درۆنێکی ئەمریکی لە ڕۆژئاوای تەنگەی هۆرمز
بەپێی ڕاگەیاندنێکی ماڵپەڕی زانیاریی سوپای پاسداران، یەکەی جەنگی
ئەلیکترۆنیی ئەم هێزە لە ئۆپەراسیۆنێکدا توانیویەتی درۆنێکی ئەمریکی بە ناوی MQM-170 بە ساغى دەست بەسەردا بگرێت. سوپای پاسداران دەڵێت دوای دۆزینەوە و
ناسینەوەی درۆنەکە لە ڕۆژئاوای تەنگەی هۆرمز، توانیویەتی سیستەمەکانی ڕێنمایی و
کۆنترۆڵی ئەو درۆنە بەدەست بهێنێت و بەبێ تێکشکاندنی، دایبەزێنێت. بەپێی بانگەشەکە، ئەرکی درۆنەکە چاودێریکردنی سیستەمەکانی بەرگریی
ئاسمانیی ئێران لە کەنارەکانی کەنداوی فارس و تەنگەی هۆرمز بووە.
سوپای پاسداران هەروەها دەڵێت زانیارییەکانی ناو درۆنەکەی بەدەستهێناوە و
ئەو زانیارییانە نیشانى دەدەن کە فڕینەکەی لە کەنارەکانی یەکێک لە وڵاتانی باشووری
کەنداوی فارسەوە دەستی پێکردووە.
٢. خستنەخوارەوەی درۆنێکی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی تەنگەی هۆرمز
سوپای پاسداران لە ڕاگەیاندنێکی دیکەدا، کە هەمان ڕۆژ بڵاوکرایەوە، بانگەشەی
کرد کە درۆنێکی ئەمریکیی جۆری MQ-1 لە ڕۆژهەڵاتی تەنگەی
هۆرمز خستووەتە خوارەوە. بەپێی بانگەشەی سوپا،
ئەمە چواردەهەمین درۆنی ئەمریکیی ئەم جۆرەیە کە لە شەڕەکەدا خراوەتە خوارەوە. لە ڕاگەیاندنەکەدا هاتووە کە درۆنەکە لەلایەن سیستەمێکی نوێی بەرگریی
پێشکەوتووی دژە ئاسمانى سوپای پاسدارانەوە خراوەتە خوارەوە.
بەپێی ڕاگەیاندنی پەیوەندیی گشتیی سوپای پاسداران، سیستەمەکە لە دەستپێکی
هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، لە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦ تا کاتی
بڵاوکردنەوەی هەواڵەکە، ١٤ درۆنی جۆری MQ-1 و ٥٤ درۆنی جۆری MQ-9ی لەناوبردووە.
سوپای ئەمریکا پێشتر لە مانگی ئابدا ڕایگەیاندبوو کە لە دەستپێکی شەڕ لەگەڵ
ئێران تا ئەو کاتە، لانیکەم ٤٥ درۆنی MQ-9 Reaperی لەدەست داوە؛
ژمارەیەک کە نزیکەی یەک لە سەر چواری کۆی ناوەندی ئەم درۆنانەی ئەمریکا پێکدەهێنێت.
٣. بانگەشەی سووتان و تەقینەوەی سێ نەوتهەڵگر
سوپای پاسداران لە ڕاگەیاندنێکی جیاوازدا، کە میدیای حکومیی ئێران بڵاویان
کردووەتەوە، بانگەشەی کرد کە سێ نەوتهەڵگرى لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، لە
کاتی هەوڵدان بۆ تێپەڕین لە ڕێگایەکی ڕێگەپێنەدراو لە باشووری تەنگەی هۆرمز، بەر مینە دەریاییەکان کەوتوون و تووشی تەقینەوە و
ئاگرتێبەربوون بوون.
