شارپرێس:
بهگوێرهى ڕاپۆرتە سەرەتاییەکانی ئاژانسی The Associated Pressو تۆڕی NBC News، ئەنجامە سەرەتاییەکانی هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێسی ئەمریکا (2026) پاشەکشەیەکی گەورەی پارتی کۆماری نیشاندەدەنو پارتی دیموکرات، لەلێواری کۆنترۆڵکردنی هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەرانو پیراندایە.
لهئەنجومەنی پیران (سێنات): دیموکراتەکان توانیویانە زۆرینە مسۆگەربکەنو ژمارهى کورسییەکانیان گەیشتوەتە 53 کورسی، لەکاتێکدا کۆمارییەکان 42 کورسییان هەیەو شهش کورسی گرنگیان لەدەستداوە.
لهئەنجومەنی نوێنەرانیش، دیموکراتەکان بەجیاوازییەکی بەرچاو لەپێشەوەن و تائێستا 226 کورسییان یەکلاکردوەتەوە، لەبەرامبەردا کۆمارییەکان تەنها 135 کورسییان هەیەو لهحاکمی ویلایەتەکانیش دیموکراتەکان لە22 ویلایەتدا سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە، لەبەرامبەردا کۆمارییەکان 14 ویلایەتیان بردوەتەوە.
لهویلایەتی تێکساس، بهگوێرهى ڕاپۆرتی CBS News, جەیمس تالاریکۆی دیموکرات سەرکەوتنێکی مێژویی بەسەر کێن پاکستنی کۆماریدا بەدەستهێناو کورسییەکەی بۆ بەرژەوەندی پارتەکەی وەرچەرخاند، لهویلایەتی میشیگن-یش د.عەبدولڕەحمان سەید لەپارتی دیموکرات، کورسییەکەی بۆخۆى یهكلاكردهوهو بوه یەکەم سیناتۆری موسڵمان لەمێژوی ئەمریکادا.
ئهوهش هاتوه، لهویلایەتی کێنتەکی، زاک دێمبۆی دیموکرات لەدەستکەوتێکی چاوەڕواننەکراودا توانیی کورسییەکی ئەنجومەنی نوێنەران لەم ویلایەتەدا کە پێشتر لەژێر کۆنترۆڵی کۆمارییەکاندا بوو، بۆ پارتی دیموکرات بباتەوە.
لەدەستدانی کۆنگرێس ڕێگریی لەجێبەجێکردنی کارنامەی سەرۆک دەکات، چونکە ئەم دامەزراوەیە بەرپرسە لەدەرکردنی یاساکانو پەسەندکردنی بودجەی فیدراڵیو ترەمپ ناتوانێت پرۆژەیاساکانی تایبەت بەباج، کۆچبەرییو چاکسازیی ئابوریی بەئاسانی تێپەڕێنێت، ههروهها دیموکراتەکان سەرۆکایەتی لیژنە گرنگەکانی کۆنگرێس دەگرنە دەستو
ئۆپۆزسیۆن دەسەڵاتی یاسایی خۆی بۆ بانگێشتکردنی بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپو لێکۆڵینەوە لەسیاستەکانیان بەکاردەهێنێت.
دۆناڵد ترەمپ لەلێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز هۆکاری پاشەکشەی پارتەکەی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی کە ناوی ئەو بەڕاستەوخۆ لەسەر کاغەزی دەنگدانەکە نەبوە.
