شارپرێس:
ڕۆژنامەی زە تەلەگرافی بەریتانی لەڕاپۆرتێکی شیکاریی بەپەلەدا ئاشکرایکرد،
ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا، سەرپەرشتیی بونیادنانی شوێنێکی یەکجار نهێنی، قایمو
پارێزراوی لەناوچەیەکی نزیک لەپاریسی پایتەخت کردوە، تاوەکو لەبارودۆخی فریاکەوتنی
نیشتمانیو مەترسیی تونددا ــ لەوانەش ئەگەری هێرشکردنی خۆپیشاندەرانو کۆنترۆڵکردنی
کۆشکی سەرۆکایەتیی ئەلیزێ وەک پەناگەیەک بەکاریبهێنێت.
بهگوێرهى بەدواداچونەکانی ڕۆژنامەکە، بیرۆکەی دروستکردنی ئەم پەناگە
ستراتیژییە بۆ یەکەمجار لەساڵی 2018دا خراوەتە بەرباس؛ ئەمەش ڕاستەوخۆ دوای ئەوەی
خۆپیشاندانە توندوتیژەکانی بزوتنەوەی (هێلەک زەردەکان ـ Yellow Vests)
گەیشتە ناوجەرگەی پاریسو ئەگەری تێپەڕاندنی هێڵە ئەمنییەکانی کۆشکی ئەلیزێ لەئارادابوو،
کە وەک گەورەترین تەقینەوەی کۆمەڵایەتی لەمێژوی هاوچەرخی فەرەنسادا ئەژماردەکرێت.
زانیارییە دزەپێکراوەکان ئاماژە بەوەدەکەن، ئەم پڕۆژەیە تەنها پەناگەیەکی
ئاسایی نییە، بەڵکو کەمپێکی ژێرزەمینیی دژە ئەتۆمیو تیشکدەرە کە بەپێشکەوتوترین سیستەمی
پهیوەندیی سەتەلایەتیو فەرماندەیی سەربازیی بەستراوەتەوە، ئەم شوێنە ڕێگە بەسەرۆکی
فەرەنسا دەدات لەحاڵەتی کەوتنی پایتەخت یان سەرهەڵدانی جەنگی ناوخۆیی، تەواوی جومگە
سهربازییو ئەمنییەکانی وڵاتەکە لەدەرەوەی پاریس بەڕێوەبەرێت.
سەرچاوە سیاسییەکان لەپاریس دەڵێن، بڵاوبونەوەی ئەم ڕاپۆرتە تەلەگرافییە
لەمکاتەدا، پەیوەندیی بەبەرزبونەوەی ئاستی ناڕەزایەتییە کارگێڕییەکانو ململانێی
توندی پارتە ڕادیکاڵەکانەوە هەیە لەناو پەرلەمانی فەرەنسادا کە وڵاتەکەی خستوەتە بەردەم
دۆخێکی نادیاری ئەمنی.
