شارپرێس:
ڕۆژنامەی «نیویۆرک تایمز»ى ئهمریكى ئاشكرایكردوه، چەند وهفدێكى هەواڵگرییو
سەربازیی سوریا سهردانى سعودیهو یەمەنیان كردوه لەماوەی هەفتەکانی ڕابردودا بەمەبەستی
دەستنیشانکردنی ئەو پێگانەی کە ئەگەری هەیە هێزەکانیان لەسەر سنوری نێوان سعودیەو یەمەن
لێى جێگیربن.
ڕۆژنامە ئەمریکییەکە لەزاری سێ بەرپرسی سەربازیی سوریو یەمەنییەوە کە
ئاماژەی بەوەکردوە، ئاگاداری ڕاستەوخۆی پلانەکانن، بڵاویكردوهتهوه، ئەرکی سەرەکیی
چەکدارە سورییەکان بریتی دەبێت لەپاراستنی سنورەکانی سعودیە لەئۆپەراسیۆنەکانی پێشڕەویی
زەمینیی هێزەکانی حوسی، ئەمەش لەژێر چەتری «هاوپەیمانیی مەککە بۆ بەرگریی هاوبەش»دا
دەبێت.
ئەم جوڵانەی دیمەشق بۆ ناردنی چەکدارانی سوری بۆ یەمەنو سعودیە بەمەبەستی
شەڕکردن دژی حوسییەکان، ڕەخنەیەکی بەرفراوانی لێکەوتوەتەوە؛ ئەمەش بەهۆی دوبارە زیندوکردنەوەی
دۆسیەی «بەکرێگیراوانی سوری» کە پێشتر لەلایەن ڕژێمی پێشوی سوریاو گروپەکانی سەر
بە«سوپای نیشتمانی»ی نزیک لەتورکیاوە پەیڕەو دەکرا، کاتێک چەکدارانی سوری دەنێردران
بۆ بەرەکانی شەڕ لەئۆکرانیا، ئازەربایجان، لیبیا، یەمەنو شوێنەکانی دیکە، لەو پرۆسانەشدا
قەیرانی بژێویی خێزانەکان دەقۆزرایەوە بۆ پاڵنانی ڕۆڵەکانیان بەرەو ئەو بەرەی شەڕانە
لەبەرامبەر پێدانی پارەو دەستکەوتی دارایی کە دواتر دەردەکەوت بەو شێوەیە نەبوە کە
پێشتر بەڵێنیان پێدرابوو.
