ئێران هێرشیکردەسەر سیستەمەکانی ڕێنیشاندانی کەشتیوانی لەگەروی هورمز

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2877 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، بەپشتبەستن بەسێ سەرچاوەی ئاگادار ئاشکرایکرد، ئێران هێرشیکردوەتەسەر سیستەمەکانی ڕێنیشاندانی کەشتیوانی لەدورگەی "دیدمار"ی سەر بەعومان لەناوجەرگەی گەروی هورمز، ئەم هەنگاوە وەک نیشاندانی توانای تاران دەبینرێت بۆ ئامانجگرتنی ئەو ژێرخانە هەستیارانەی کە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەو گواستنەوەی نەوت لەناوچەی کەنداودا بەکاردەهێنرێن.


میدیای فەرمیی ئێران ڕایگەیاند، سوپای پاسداران لەهێرشێکدا توانیویەتی "سیستەمەکانی ڕێنیشاندانی دوژمن" لەدورگەی دیدمار لەناوببات، لەبەرامبەردا، سەرچاوەکانی ڕۆیتەرز هیچ هەڵسەنگاندنێکیان لەبارەی قەبارەی زیانەکان نەخستوەتەڕوو هه‌روه‌ها نەیتوانیوە پشتڕاستی بکاتەوە کە ئایا هیچ کام لەو سیستەمانە بەتەواوی لەناوبراون یان نا.

ڕۆیتەرز لەڕێگەی گرتەیەکی ڤیدیۆییەوە پشتڕاستیکردوەتەوە کە دوکەڵ لەدورگەکەوە بەرزبوەتەوە، هەرچەندە دیارنەبوە چ شوێنێک سوتاوە. هاوکات، وێنەکانی بەرنامەی چاودێریی مانگی دەستکردی "کۆپەرنیکۆس"ی سەر بەیەکێتیی ئەوروپا، تۆمارکردنی چالاکییەکی گەرمایی نائاساییان لەدورگەکەدا نیشانداوە.

دوو سەرچاوەی بواری کەشتیوانی‌و سەرچاوەیەکی ئاسایشی دەریایی بەئاژانسه‌كه‌یان وتوه‌، "هێرشەکەی سەر دورگەی دیدمار کاریگەرییەکی سنورداری لەسەر کەشتیوانیی بازرگانیی لەگەروی هورمز دەبێت، بەوپێیەی لەشوێنەکانی دیکەی ناوچەکەدا سیستەمی جێگرەوە بونیان هەیە".

دوای ئەوەی هێرشەکانی ئێران لەسەرەتای جەنگەکەوە (لەکۆتایی مانگی شوباتی ئەمساڵەوە) جوڵەی کەشتیوانییان لەناوچەکەدا تێکداوە، سوپای ئەمریکا یارمەتیی کەشتییە بازرگانییەکان دەدات بۆ تێپەڕین بەگەروی هورمزدا. هاوکات، هەناردەکارانی نەوتی کەنداو بەشێوەیەکی بەرچاو پەنایان بردوەتەبەر ڕێگەی جێگرەوە بۆ بەردەوامیدان بەگواستنەوەی نەوت، لەوانە گواستنەوەی نەوت لەکەشتییەکەوە بۆ کەشتییەکی دیکە لەنزیک کەناراوەکانی عومان‌و ئیمارات.