شارپرێس
ڕاپۆرتێکی نوێی ئۆفیسی ژمێریاری حکومەتی ئەمریکا، کە لە 9ی تشرینی دووەمی 2026 بڵاوکراوەتەوە، ئاشکرای کردووە کە هەزاران پارچەی یەدەگ و پێکهاتەی فڕۆکە جەنگییە شەبەحییەکانی F-35 لە سیستەمی فەرمیی کۆگاکاندا تۆمارنەکراون، ئەمەش کێشەی گەورەی لە بەڕێوەبردن و بەدواداچوونی ئەو پارچانەدا درووستکردووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، تا مانگی ئازاری 2026، نزیکەی 17 هەزار پارچە لە سیستەمی بەڕێوەبردنی کۆگای بەرنامەکەدا بە شێوەی پێویست تۆمارنەکرابوون، کە بەهایان نزیکەی 1.3 ملیار دۆلار خەمڵێنراوە، بەڵام ئەگەر تێچووی زیادە و داتای دارایی تەواونەکراو لەبەرچاو بگیرێت، ئەو بڕە لەوانەیە بگاتە 2.5 ملیار دۆلار.
ئەم کێشەیە لە کاتێکدایە کە زنجیرەی دابینکردنی پارچەی یەدەگی F-35 نزیکەی 26 ملیۆن پارچە و پێکهاتە لەخۆدەگرێت، بە کۆی بەهای 31 ملیار دۆلار، کە لە زیاتر لە 700 دامەزراوە لە سەرانسەری جیهاندا دابەشکراون.
ڕاپۆرتەکە هۆکاری سەرەکیی ئەم ناکۆکییانە دەگەڕێنێتەوە بۆ لاوازیی هاوئاهەنگی لەنێوان سیستەمەکانی کۆمپانیا گرێبەستکارەکان و دامەزراوە حکومییەکان، دواخستنی نوێکردنەوەی زانیاریی کۆگا و نەبوونی پشکنینی پێویست.
ئەمە یەکەم جار نییە کە کێشەی لەم جۆرە ئاشکرا دەبێت؛ ڕاپۆرتێکی پێشوو ئاشکرای کردبوو کە یەکێک لە کۆمپانیا گرێبەستکارەکان لەنێوان ساڵانی 2018 و 2022 زیاتر لە 1 ملیۆن پارچەی پێکهاتەی F-35ی لەدەستداوە، بە بەهای زیاتر لە 85 ملیۆن دۆلار.
ئۆفیسی ژمێریاری حکومەتی ئەمریکا هۆشداریی داوە کە بەردەوامبوونی ئەم کێشانە دەتوانێت کاریگەریی لەسەر ئامادەباشیی فڕۆکەکان هەبێت، پرۆسەی چاککردنەوە دوا بخات و مەترسیی بەفیڕۆدانی پارە و دزیی سامانە سەربازییەکان زیاد بکات.
بەڵام ڕاپۆرتەکە جەخت دەکاتەوە کە تۆمارنەکردنی ئەم پارچانە بە مانای ئەوە نییە هەموویان دزراون یان بە شێوەیەکی فیزیکی ونبوون، بەڵکوو ئەمە نیشانەی کەلێنی چاودێریی و بەڕێوەبردنی زنجیرەی دابینکردنی یەکێک لە گرانترین بەرنامەکانی چەکداریی ئەمریکایە.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
