لەم مانگەوە بەشێوەیەکی بەردەوام سەرموچەو پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران‌و پاداشتی خانەنشینان دابەشدەکرێت

عیراق

49 خولەک پێش ئێستا‌ 1248 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەچوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2027، جوڵەیەکی چڕی پەرلەمانی‌و حکومی لەبەغدا دەستیپێکردوە بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی دامەزراندنی دەرچوانی بەشە پزیشکییەکان، دەرماڵەی کەرتی پەروەردەو خەرجکردنی سەرموچەو پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران‌و پاداشتی خانەنشینان.


ڕۆژنامەی سەباح-ی نیمچەفەرمیی عێراق له‌زارى محەممەد حوسێن ئەبولعەیس ئەندامی په‌رله‌مانى عێراقه‌وه‌ بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، ڕەزامەندیی فەرمیی وەزیری تەندروستی وەرگیراوە بۆ جێگیرکردنی سەرجەم پلە وەزیفییەکانی دەرچوانی ساڵانی (2024، 2025و 2026) لەناو بودجەی پێشبینیکراوی وەزارەتدا بۆ ساڵی 2027 کە یاسای پلەبەندیی پیشە پزیشکی‌و تەندروستییەکان دەیانگرێتەوە.

سەبارەت بەدەرچوانی ساڵی خوێندنی (2022 ـ 2023) ناوبراو ڕونیکردەوە، سەرەتا پشت بەپلەکانی (سڕینەوەو هێنانەکایە ) دەبەسترێت‌و ئەگەر بەشیان نەکرد، وەزارەتی دارایی پلەی نوێیان بۆ دابیندەکات؛ بەگشتیش ژمارەی پلە وەزیفییە داواکراوەکان دەگاتە 200 هەزار پلەی وەزیفی.

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ حوسێن ساڵح مەهدی ئەندامی په‌رله‌مانى عێراق وتویه‌تى، "دۆسیەی دەرماڵەی پیشەیی کەرتی پەروەردە یەکلایی بوەتەوەو تەرخانکردنی دارایی پێویستی لەبودجەی 2027دا بۆ جێگیردەکرێت".

وەزیری دارایی عێراق-یش ڕێنمایی دەرکردوە بۆ خەرجکردنی سەرموچەو پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران به‌گوێره‌ى بەردەستبونی نەختینە، بەجۆرێک لەم مانگەو مانگەکانی داهاتودا بەشێوەیەکی بەردەوام خەرجبکرێن‌و بڕیاردراوە پاداشتی کۆتایی خزمەتی خانەنشینانیش لەهەمان ماوەدا دابەشبکرێت.