شارپرێس:
ئەمڕۆ پێنجشەممە دادگای تاوانەکانی کەرخی سێیەم لەبەغدا، بەتۆمەتی ئەندامبون لەگروپى تیرۆریستى داعش، سزای زیندانیی هەتاهەتایی بەسەر هەشت كهسى فەرەنسیدا سەپاندو دوانى دیکەی فەرەنسیشی بە15 ساڵ زیندانیكردن سزادا.
بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، دادگاکە دەرکردنی سزای لەبارەی 10 تۆمەتباری دیکەوە بۆ کاتێکی دیکە دواخستوە؛ ئەم بڕیارانەش لەچوارچێوەی دادگاییکردنی گروپێکی 47 کەسیی هاوڵاتییانی فەرەنسیدان کە پێشتر لەزیندانەکانی سوریاوە ڕادەستی عێراق کرابون.
هاوكات ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی لهزارى دادوەر محەمەد سەلمان لەدادگای تاوانەکانی کەرخی سێیەمهوه ئاشكرایكردوه، سزاکان بەپشتبەستن بوه بەیاسای بەرەنگاربونەوەی تیرۆری عێراقیى.
دادوەرەکە وتویهتى، "سزادراوەکان ئەندامی داعش بون، کاریان بۆ گروپهكه کردوەو دەستیان هەبوە لەهێرشەکانو تۆقاندنی هاوڵاتییانی مەدەنی لەعێراقو سوریا".
دادگاییکردنی ئەو چەکدارە بیانییانە لەبەغدا بەردەوامە کە دوای تێکشکانی داعش لەسوریا دەستگیرکرابونو بۆ دادگاییکردن گواسترابوونەوە بۆ عێراقو هێشتا دۆسیەی ژمارەیەکی دیکەیان لەبەردەم دادگادایەو یەکلایی نەکراوەتەوە.