ڕێبەری ئێران داوای گۆڕانکاریی ڕیشەیی لەسیستەمی هەواڵگریی وڵاتەکەیدا دەکات

جیهان

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 285 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
محەمەد باقری قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، ئەمرۆ یەکشەممە ڕایگەیاندووە، موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران، فەرمانی گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە سیستەمی هەواڵگریی وڵاتد کردووە؛ ئەم هەنگاوەش لەدوای ئاشکرابوونی کەموکوڕییە فراوانەکانی سیستەمەکە و بەردەوامیی دزەکردنە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل بۆ ناو ئێران دێت.

قالیباف لە ڤیدیۆیەکدا کە لە تەلەگرام بڵاویکردۆتەوە، داوای لە حکومەت کردووە بە خێرایی وەزیری هەمیشەیی هەواڵگری دیاری بکات، دوای ئەوەی ئەنجومەنی پاسەوانیی دەستوور رەزامەندیی خۆی بۆ یاسای چاکسازیی وەزارەتەکە دەرببڕێت.

پەرلەمانی ئێران دوای دواخستنی حکومەت لە پێشکەشکردنی پڕۆژەی چاکسازیی وەزارەتی هەواڵگری، خۆی دەستی بە ئامادەکردنی پڕۆژەیاساکە کردووە. نوێنەرانیش بە گشتیی ڕەزامەندییان لەسەر بنەماکانی پڕۆژەکە دەربڕیوە و گفتوگۆ لەسەر وردەکارییەکانی دەستی پێکردووە.

بەپێی مەرجە نوێیەکان، کەسانی نائایینییش دەتوانن ببنە پاڵێوراو بۆ ئەو پۆستە، بە مەرجێک بڕوانامەی ماستەر و ئەزموونی پسپۆڕی لە کاروباری هەواڵگری و لانیکەم 10 ساڵ ئەزموونی بەڕێوەبردنییان هەبێت.

ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە نیگەرانییەکان لە دزەکردنی هەواڵگریی ئیسرائیل بۆ ناو ئێران زیادیکردووە. ئیسماعیل خەتیب، وەزیری هەواڵگریی پێشووی ئێران، لە 18ی ئازاری ئەمساڵدا لە هێرشێکی ئیسرائیلدا کوژرا و تا ئێستا جێگرەوەیەکی بۆ دیاری نەکراوە.

هەروەک، کوشتنی موحسین فەخریزادە لە 2020 و ئیسماعیل هەنیە لە تاران لە 2024، لەگەڵ دزەکردنە هەواڵگرییەکانی جەنگی 12 ڕۆژەی حوزەیرانی 2025، نموونەی سەرەکیی ئەم شکستانە بوون. لەو جەنگەدا، هەواڵگریی ئیسرائیل توانیویەتی سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی، سەکۆکانی هەڵدانی مووشەک و فەرماندە باڵاکانی ئێران بکاتە ئامانج.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی