شارپرێس:
ڕاوێژکارێکی عەلی زەیدیی ڕایدەگەیەنێت، حکومەت بەردەوامە لەکۆنترۆڵکردنی دەروازە سنورییەکان، زیادکردنی داهاتەکانو سەپاندنی سەروەریی یاسا لەسەرجەم ناوچەکانی عێراق بەهەرێمی کوردستانیشەوە.
هادی سەلامی، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دەروازە سنورییەکان، بەئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع)ی ڕاگەیاند، عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیران، هەوڵێکی زۆر بۆ جێبەجێکردنی یاساو کۆنترۆڵکردنی سنورەکان دەدات و داخستنی ژمارەیەک دەروازەی نافەرمی لەچوارچێوەی ڕێکارەکانە بۆ سنوردارکردنی قاچاخچێتی.
ئاماژەی بەوە کرد، تێڕوانینی سەرۆک وەزیران پشت بەبڕگەکانی دەستورو یاسا بەرکارەکان دەبەستێت و ئامانجی کۆنترۆڵکردنی سنورەکان، بەهێزکردنی داهاتەکان و جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدایە، جەختیشی کردەوە پێویستە لەسەرجەم ناوچەکانی عێراق، بەهەرێمی کوردستانیشەوە، پەنا بۆ دەستورو یاسا ببرێت.
وتیشی، بڕیارەکانی سەرۆک وەزیران سەبارەت بەدەروازە سنورییەکان لەچوارچێوەی جێبەجێکردنی دەستوردان و بڕیاری دادگای فیدراڵیش لەبارەی پابەندبون بەچوارچێوە دەستوری و یاساییەکان بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندیی گشتی ڕونە.
ڕونی کردەوە، ئەسیکۆدا سیستەمێکی ئەلیکترۆنییە تایبەت بەخۆکارکردنی ڕێکارە گومرگییەکان و وەرچەرخانی دیجیتاڵی، کە یارمەتیدەرە لەڕێکخستنی کار لەدەروازە سنورییەکان، بەهێزکردنی شەفافییەت و پاراستنی سامانی گشتی، سەرەڕای ئاسانکاریکردن بۆ ڕێکارەکانی هاوڵاتییان و جوڵەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی.
لەکۆتاییشدا دوپاتی کردەوە، داخستنی دەروازە نافەرمییەکان و جێبەجێکردنی یاسا هەنگاوێکن بەئاراستەی دروست و پێویستە هەموان ملکەچی سەروەریی یاسابن.
