مالیکی: هیچ مەترسییەک لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان نییە

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 306 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

نوری مالیکی رایدەگەیەنێت، هیچ مەترسییەک لە روی دەستورییەوە لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان نییە، دەشڵێت، پلانی ناردنی هێز بۆ سنورەکان تەنیا بۆ رێگریکردنە لە بونی دەروازە نافەرمییەکان و قاچاخچێتی، رونیشی دەکاتەوە، ناردنی هێز بۆ کۆنترۆڵکردنی هەرێمی کوردستان نییە.


نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە چاوپێکەوتنێکی میدیایدا ئاماژەی بەوەکرد،" لە روی دەستورییەوە هیچ مەترسییەک لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان نییە، چونکە پێگەی هەرێمی کوردستان لە دەستوردا چەسپێندراوە ".

لەبارەی ناردنی سوپای عێراق بۆ سەر سنورە نێودەوڵەتییەکانی هەرێم، مالیکی باسی لەوەکرد،  دەستوور رێگری لە بونی سوپای عێراق لە هەرێمی کوردستان ناکات و پاراستنی سنوورەکان لەگەڵ تورکیا، ئێران و سوریا بەرپرسیارێتیی سوپای فیدراڵییە ".

وتیشی،" کاتێک سوپای عێراق باس لە پاراستنی سنور و دەروازە سنورییەکان دەکات، مانای هەڕەشە و دەستدرێژی نییە بۆ سەر هەرێمی کوردستان، سەرۆک وەزیرانیش راشکاوانە وتویەتی کە نایەوێ سوپا بنێرێ بۆ کۆنترۆڵکردنی کوردستان، بەڵکو بۆ پاراستنی سنورەکان و رێگریکردنە لە بونی دەروازەی نایاسایی و نافەرمی."