شاندەكەی هەرێم زیاتر لە 50 خاڵی "پێشێلكراو" دەخاتە بەردەم بەغدا

عیراق

14/08/2017‌ 845 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەرێمی كوردستان چەند خاڵێكی لەدەستووری عێراق ئامادەكردووە، كە تایبەتە بەهەرێمی كوردستان‌و گوایە "بەغدا بەرانبەر هەولێر پێشێلی كردووە".

خاڵەكان لەلایەن شاندی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان ئامادەكراوە، كە بڕیارە ئەمڕۆ سەردانی بەغدا بكەن‌و بیخەنە بەردەم بەرپرسانی عێراقی.

لەو بارەوە ڤیان دەخیل ئەندامی شاندی باڵای ریفراندۆمی هەرێم بۆ بەغدا رایگەیاند "هەموو ئەو ماددە دەستوورییانەمان دەستنیشانكردووە، كە بەغدا پابەندی نەبووە".

ڤیان دەخیل راشیگەیاند ئەو مادانە "زیاتر لە ٥۱ ماددەی دەستووری دەبن لەلایەن بەغداوە بەرانبەر هەرێم جێبەجێنەكراون"، ئەوەش لەماوەی ساڵانی رابردوو.

ڤیان دەخیل، كە یەكێك بوو لەبەشداربووانی كۆبوونەوەكەی رۆژی شەممەی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە ئەوەی ئاشكراكرد، كە پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێم بۆ سەربەخۆیی "تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكانمان دەبێت لەگەڵ بەغداو بەلایەنە سیاسییەكانی عێراق رادەگەیەنین، كە هەرێمی كوردستان بڕیاریداوە ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ئەنجام بدات"، ئەوەش بەهۆی پێشیڵكردنی ئەو مادە دەستوورییانە.

شاندەكەی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم ئەمڕۆ دوو شەممە سەردانی بەغدا دەكەن‌و پێكهاتوون لەرۆژ نووری شاوەیس، فوئاد حوسێن، سەعدی پیرە، محەممەد ئەحمەد، ماجید عوسمان، رۆمیۆ هەكاری‌و ڤیان دەخیل.

هـ ـ ح

بەپەلە