نیۆیۆرك تایمز: بنەماڵەی بارزانی‌و تاڵەبانی مەترسین بۆ سەر ریفراندۆم

کوردستان

22/08/2017‌ 2443 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رۆژنامەی نیۆیۆرك تایمز لەژمارەی ئەمڕۆ سێ‌ شەممە وتارێكی لەسەر پرسی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان بڵاویكردووەتەوەو رایگەیاند "بنەماڵەی بارزانی‌و تاڵەبانی مەترسین بۆ سەر ریفراندۆمی هەرێم".

رۆژنامەكە وتارەكەی بەناونیشانی "ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان بەمەترسی دەورەدراوە"، كە باسی ئەو مەترسییانەی كردووە لەسەر ریفراندۆمی هەرێم هەیە.

رۆژنامەكە شەڕەكانی ئێستا بەتایبەتی شەڕی داعش، بەمەترسییەكی گەورە بۆ سەر ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان دەزانێت، كە بڕیارە 25/9/2017 ئەنجامبدرێت.

بەپێی وتارەكە كوردەكانی عێراق لەدوای 1991 جۆرێك لەسەربەخۆییان وەرگرتووەو ئێستاش هەنگاوێكی باشیان بڕیوە بۆ ئەنجامدانی ریراندۆم لە 25 نۆی داهاتوو، لەگەڵ ئەوەش لەساڵی 2003وە حكومەتی ئەو ناوچەیەی عێراق جۆرێك لەسەربەخۆیی ئابووری هەیە، كە خۆی نەوت دەفرۆشێت.

هەر بەپێی وتارەكە، مەترسییەكەی بنەماڵەی مەسعود بارزانی‌و جەلال تاڵەبانی بۆ سەر ریفراندۆمی هەرێم بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە ئەو دوو بنەماڵەیە "دەستیان بەسەر جومگە سیاسی‌و ئیدارییەكانی هەرێم گرتووە، لەگەڵ ئەوەش ئێستا گەندەڵییەكی زۆر لەهەرێم هەیەو بەو هۆیەوە حكومەت لەقەیرانێكی دارایی گەورەیە".

هەروەها باسی لەداخستنی پەرلەمانی كوردستانیش لەساڵی 2015 كردووەو ئاماژەی بەوەش كردووە، بارزانی "چوار ساڵە ویلایەتی سەرۆكایەتییەكەی تەواو بووە، بەڵام ئامادەنییە دەستبەرداری پۆستەكەی بێت".

باسی لەكاردانەوەكانی پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆمیش كردووەو رایگەیاندووە ئەمریكاو وڵاتانی ئەوروپاو وڵاتانی دراوسێی هەرێم‌و عێراقیش لەگەڵ ئەوەن ریفراندۆم دوابخرێت، بۆیە لەئێستادا بەو دۆخەوە باشترین بژاردە دواخستنییەتی بۆ كاتێكی تر.

هـ ـ ح

بەپەلە