هادی عامیری دڵنیایی دەداتە ئارام شێخ محەمەد

عیراق

16/09/2017‌ 11072 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئارام شێخ محەمەد جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق‌و هادی عامیری سەرۆكی ڕێكخراوی بەدر پرسی ڕیفراندۆم‌و دۆخی كوردانی ناوەڕاست‌و باشووری عێراق تاتوێكردو لەو بارەشەوە سەرۆكی رێكخراوی بەدر دڵنیاییدا.

ئارام شێخ محەمەد ئەمڕۆ شەممە لەگەڵ هادی عامری سەرۆكی ڕێكخراوی بەدر كۆبووەو بەپێی راگەیەنراوی كۆبوونەوەكە دواین پێشهاتەكانی گۆڕەپانی سیاسی عێراق‌و هەرێمی كوردستان بەتایبەت پرسی ڕیفراندۆم‌و ترس‌و دڵًەڕاوكێی كوردانی ناوچەكانی ناوەڕاست‌و باشووری عێراق‌و مەترسی لێكەوتەكانی ئەو دۆخەی هاتووەتە ئاراوە تاوتوێكردووە.

لەو بارەوە ئارام شێخ محەمەد ڕایگەیاند: "وێڕای ناكۆكی‌و جیاوازییەكانمان خاڵی گرنگ بەلای ئێمەوە بەردەوامبوونی دیالۆگ‌و گفتوگۆیە، كە بەشارێی چارەسەری هەموو كێشەكانی دەزانین".

ئارام شێخ محەمەد راشیگەیاند "گرنگە ڕێگە نەدرێت بە بەرزبوونەوەی دەنگی هەڕەشەو گوڕەشەو خۆشكردنی ئاگری ناكۆكییەكان لەهەر لایەكەوە بێت"، هیواشی خواست چڕكردنەوەی هەوڵە ناوخۆیی‌و نێودەوڵەتیەكان لەبارەی ڕیفراندۆم بمانگەیەنێتە چارەسەرێكی پەسەندكراو بۆ هەمووان.

جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داواشی لەهادی عامری كرد وەك دۆستێكی دێرینی خەڵكی كوردستان ڕۆڵ‌و كاریگەری خۆی بەكاربهێنێت بەتایبەت لەبەرگرتن لەهەر گرژی‌و ئاڵۆزییەك‌و وەڵامدانەوەی ئەو دەنگانەی هەڕەشە لەكورد دەكەن‌و دەیانەوێت ترس‌و دڵەڕاوكێ دروستبكەن.

لای خۆیەوە هادی عامری ڕایگەیاند: "ساڵانێكی زۆر لەگەڵ برا كوردەكانمان لەیەك سەنگەردا شەڕی دیكاتۆریەتمان كردووە‌و ئێستاش لەیەك نیشتماندا پێكەوە دەژین، جیاوازییمان هەیە لەتێڕوانیداو ڕاپرسی جیابوونەوە بەقازانجی گەلی كورد نازانین بەر لەوەی بەزیان بۆ بەغدا لێكیبدەینەوە".

هادی عامری راشیگەیاند: "دەمەوێت لەڕێی بەرێزتانەوە ئەو پەیامە بۆ خەڵكی كوردستان‌و كوردانی ناوچەكانی ناوەڕاست‌و باشوور بنێرم، كە وەك چاومان پارێزگاریان لێدەكەین‌و بەهیچ شێوەیەك ڕێگنادەین دەستدرێژیان بكرێتە سەر"، هیواشی خواست هەوڵەكان ئاكامێكی لێبكەوێتەوە لەبەرژوەندی هەموو گەلانی عێراق و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری بێت.

هـ ـ ح

بەپەلە