فوئاد مەعسوم لەژێر فشارەكان داوای گفتوگۆی هەولێرو بەغدای كردووە

عیراق

17/09/2017‌ 754 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
فواد مەعسوم سەركۆماری عێراق، بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان ھەولێرو بەغدا بانگھێشتی ئەنجامدانی "دیالۆگی بونیاتنەر"ی كرد، كە بەپێی زانیارییەكان ئەو بانگهێشتەی لەژێر فشارەكان كردووە.

فوئاد مەعسوم لەدوای كۆبوونەوەی لەگەڵ ھادی عامری سەرۆكی رێكخراوی بەدر، لەرێگەی سەرۆكایەتی كۆمارەوە، لەبەیاننامەیەكدا داوای گفتوگۆی نێوان هەولێرو بەغدای كرد، بۆ چارەسەری كێشەكانیان.

هەر بەپێی زانیارییەكان، كە لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لەبەغدا دراوە بەشارپرێس، فوئاد مەعسوم دوای ئەوەی لەسەر پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆم فشارەكانی لەسەر زیادكراوە، بۆ ئەوەی هەڵوێستی بخاتەڕوو، ئەو بانگەوازەی كردووە.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، هەر لەژێر فشارەكان، بەم نزیكانە سەرۆك كۆماری عێراق دەست بەهەوڵەكانی دەكات، بۆ ئەوەی هەلێرو بەغدا لەسەر ئەنجامدانی ریفراندم‌و كێشەكانی نێوانیان گفتوگۆی زیاتر بكەن.

فوئاد مەعسوم لەكۆبوونەوەشی لەگەڵ هادی عامری داوای خستنەگەڕی هەموو ھەوڵەكانی كرد، ئەوەش بەمەبەستی پارێزگاری لەیەكێتی نیشتمانی خاكی عێراق‌و چارەسەری كێشەی نێوان پێكهاتەكان.

چەند رۆژێكە لایەنە عێراقییەكان دەستیان بەفشار بۆ سەر فوئاد مەعسوم كردووە، ئەوەش بەهۆی بێدەنگی لەسەر پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێم، كە لە 25 ئەم مانگە بەرێوەدەچێت.

فشارەكان گەیشتە ئاستێك، كە لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق واژوو كۆكرایەوە، بۆ ئەوەی متمانە لەسەرۆك كۆمار وەربگرێتەوە، كە ئەو پۆستە لەپشكی كورد لای فوئاد مەعسومە.

هـ ـ ح