هاووڵاتیانی‌ كوردو عەرەب نایانەوێت ببنە بەشێك لەململانێی‌ سیاسییەكان

کوردستان

17/09/2017‌ 4182 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرحەد ڤارتۆ بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) رایگەیاند، پەكەكە ئامادەیە لەئەگەری بەكارهێنانی هێز لەدژی هەرێمی كوردستان رووبەرووی هەر هێزێكی داگیركەرببێتەوە.

سەرحەد ڤارتۆ، كە هاوكات وتەبێژی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە)یە، كە باڵی سیاسی پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكەیە لەمیانی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ شارپرێس راشیگەیاند، كە "پرۆسەی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان پرۆژەیەكی پارتی دیموكراتەو لایەنەكانی تر دوای كەوتوون".

شارپرێس: لەماوەی رابردوودا پڕۆژەیەكتان بۆ لایەنەكانی چوار پارچەی كوردستان خستەڕوو ئەو پرۆژەیە چی بوو؟

سەرحەد ڤارتۆ: ئێمە لەگەڵ یەكێتی نەتەوەیی كوردین، پێمانوایە هەتاكو پرسی یەكێتی نەتەوەیی چارەسەر نەكرێت هیچ پرسێكی گەلی كورد چارەسەر نابێت، بۆ ئەوەی كورد پارێزگاری لەدەستكەوتەكانی بكات‌و پێگەی خۆی لە رۆژهەلاتی ناویندا بگرێت دەبێت هەرچی زووە یەكێتی نەتەوەیی پێكبێنێت، ئەگەر ئەوە ناكات كورد رووبەرووی مەترسی دەبێتەوەو ناتوانێت بە پێگەیەكی بەهێزەوە لە رۆژهەڵاتی ناویندا خاوەن دەسەلات بێت، پرۆژەكە بۆ ئەوەیە یەكێتی نەتەوەیی دروست بكرێت‌و لەوێدا كورد هەموو كێشەكانی خۆی باس بكات‌و گفتوگۆی لەسەر بكرێت.

شارپرێس: پرۆژەكە چارەسەری كێشەكانی كوردی تێدا خراوەتەڕوو؟

سەرحەد ڤارتۆ: ئێمە دەڵێین هەر پرسێك هەبێت لە كۆنگرەی نەتەوەییدا چارەسەر دەبێت، دەبێت كوردان لە كۆنگرەی نەتەوەیدا كێشەو پرسەكان گفتوگۆی لەسەر بكەن‌و چارەسەر بكرێن، هەر كاتێك كۆنگرەی نەتەوەیی كرا، ئەوكات هەر لایەنەو بەرنامەو لان‌و چارسەری پێدەبێت، بەوە دەتوانین چارەسەری كێشەكانی خۆمان بكەین،بەیەكێتی نەتەوەیی دەتوانین وڵاتانی جیهان ناچار بكەین مامەڵەی ستراتیژمان لەگەڵ بكەن نەك تاكتیكی.

شارپرێس: چی وایكردوە كە یەكێتی نەتەوەیی دروست نەبێت؟

سەرحەد ڤارتۆ: هۆكار زۆرن، بەڵام هۆكاری هەرە سەرەكی ئەوەیە كە كوردان لەناوخۆدا یەك نین‌و تائێستا كۆنەبوونەتەوە بۆئەوەی پرۆژەیەكی هاوبە دابنێین، دەبێت كورد لەرێی یەكێتی نەتەوەییەوە خەتە سورەكانی خۆی دیاری بكات كە لەلای ئەو چی شتێك هێڵی سورە، ئێمە لەو پرۆژەیەی خۆماندا بە دوانزە خاڵ هێڵە سورەكانمان دیاری كردوە بۆ ئەوەی كە كورد لە كۆنگرەی نەتەوەییدا لەسەری رێكبكەوت، تورك‌و عەرەب‌و فارس هەمووی خەتی سوری خۆی هەیە، ئێمە تائێستا نازانین خەتی سوری كورد چییە، بۆیە دەبێت گەلی كورد لەگەڵ یەك دابنیشین‌و كۆببینەوە لەسەر ئەوەی چی بكەین، نابێت چیتر وا بیر بكەینەوە ئەمە كوردستانی منەو ئەوە كوردستانی تۆیە، من كوردستا خۆم ئازاد دەكەم‌و تۆش كوردستانی خۆت ئازاد بكەن یەكێتی نەتەوەیی بەو جۆرە بیركردنەوەیە دروست نابێت.

شارپرێس: ئەو لایەنانەی تۆ سەردانت كردون وەك بەرپرسێكی پەكەكە هەڵوێستیان چیە لەسەر پرۆژكەتان.؟

سەرحەد ڤارتۆ: ئەوان دەیانەوێت لەناوخۆیاندا گفتوگۆ لەسەر پرۆژەكە بكەن‌و دواتر وەڵاممان بدەنەوە، بەڵام ئێمە پێمانوایە تەنیا پێویست نییە وەلامی ئێمە بدەنەوە، بەڵكو پێویستە بۆ رای گشتیش بۆچوون‌و هەڵوێستی خۆیان لەسەر هەندێك پرس رابگەیەنن، چونكە پێمانوایە هەر لایەنەكان بڕیار لەسەر گەلی كورد نادەن، بەڵكو گروپ‌و رێكخراو كەسایەتیش هەن كە دەبێت پرسیان پێ بكرێت‌و بڕیار لەسەر گەلی كورد بدەن، چونكە یەكێتی نەتەوەیی تەنیا مەسەلەیەك نییە تایبەت بێت بە پارت‌و لایەنەكان، بەڵكو لازمە هەموو پێكهاتەكانی كۆمەڵگەی كوردی پەسندی بكەن.

شارپرێس: لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان بۆچوونتان چییە؟

سەرحەد ڤارتۆ: پشتیر هاوسەرۆكایەتی ئێمە هەڵوێستی خۆی رووننكردەوە، ریفراندۆم مافێكی دیموكراتی‌و سروشتی هەر گەلێكە‌و كوردیش حەقی خۆیەتی موومارەسەی ئەو مافەی خۆی بكات،بەڵام پێویستە رێكاری یاسایی‌و دیموكراسی بیگرێتە بەر بۆ بەكارهێنانی ئەو مافەی، ئێمە دەبینن ریفراندۆم لەرێی پەرلەمانی كوردستانەوە بڕیاری لێنەدراوە، پەرلەمان‌و كۆنگرەی نەتەوەیی رەواترین شوێنە بڕیار لەسەر ریفراندۆم بدات،ئەگەر لەدەرەوەی ئەم دوو شوێنە ریفراندۆم بڕیاری لێدرا ئەوا پرسیار لەسەر رەوایەتی بڕیارەكە دروست دەبێت، ئێمە پێمانوایە دەبێت گەلی كورد لە هەرچوار پارچەی كوردستان بەشدار بێت لە بەكارهێنانی ئەو مافەی خۆی.

شارپرێس: مەبەستت ئەوەیە دەبێت پارچەكانی تریش مۆڵەت بەو ریفراندۆمە بدەن؟

سەرحەد ڤارتۆ:ئەوەی دەبینرێت ریفراندۆم بڕیاری تەنیا پارتییەو چەند لایەنێكیش هاوكارن لەگەڵی، بڕیارەكە رەوایەتی نەتەوەیی نییەو پێویستە ئەو مافە هەموو گەلی كورد جێبەجێی بكات،واتە كوردستان تەنیا باشور نییە، بەڵكو سێ‌ پارچەی تری كوردستانیشە، ئەگەر ریفراندۆم لە باشور كرا مانای وایە دان دەنێیت بە رێككەوتنی لۆزان‌و سایكسبیكۆ كە سنورەكانی كێشاوەو كوردستانی بەش كردوە.

شارپرێس: چەند رۆژێكە توركیا هەڕەشەكانی توند كردوەتەوە لەدژی هەرێم ئێوە خوێندنەوەتان بۆ ئەو هەڕەشانە چییە؟

سەرحەد ڤارتۆ: دەوڵەتی ئەكەپە لە هەر شوێنێك كورد هەبێت لەدژیەتی‌و نایەوێت كوردان ببنە خاوەن دەسەلاتی خۆیان، دەوڵەتی تورك تاكتیكیانە مامەڵە لەگەڵ گەلیكورد دەكات، هەندێك لەدژی هەندێكی تر بەكار دەهێنێت، ئەو بەتەنیا لەدژی پەكەكە نییە، بەڵكو لەدژی هەموو گەلی كوردە، بۆ لەناوبردنی كورد سەرەتا لە پەكەكەوە دەست پێدەكات دواتر رۆژئاوا دواتر باشوری كوردستان،بۆیە پەكەكە خاوەنی سیاسەتی ستراتیژی‌و پرنسپی خۆیەتی، بەرگری لە خاكی هەر چوار پارچەی كوردستان دەكات‌و دژی داگیركاری دەوەستێتەوە جا توركیا لەدژی هەر پارچەیەكی كوردستان ئەنجامی بدات.

شارپرێس: ئەگەر توركیا هێز بجوڵێنێت دژی هەرێم پەكەكە هەڵوێستی چی دەبێت؟

سەرحەد ڤارتۆ: وەكو باسم كرد ئێمە لە رۆژهەڵاتی ناوین بەرگری لە گەلان دەكەین، ئەوە پرنسیپی ئێمەیە لەناو كوردستاندا گەلی كورد‌و عەرەب‌و تورك‌و هەموو پێكهاتەكان دەپارێزین، نەك تەنیا گەلی كورد، بۆیە پەكەكە دژی داگیركاری دەوەستێتەوە.

شارپرێس: ئەو ماوەیەی رابردوو باسی دەستگیركردنی دوو ئەفسەری میتی توركیا كرا لە هەرێم ئەو رووداوە چۆن بوو؟

سەرحەد ڤارتۆ: پێشتر هەندێك هەڤاڵی ئێمە لەسەر ئەوە روونكردنەوەی خۆیانداوە، من هیچ قسەیەكی لەسەر ناكەم.

شارپرێس: لەدوای دەستگیركردنی دوو ئەفسەرەكە هیچ شتێكی نوێ هەیە؟

سەرحەد ڤارتۆ: تا ئێستا هیچ شتێكی نوێ نییە.