هۆشداری توند لەو بارەوە دەدات
ئەردۆغان داوای لەبەرپرسانی هەرێم كردەوە لەبڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم پاشگەزببنەوە

کوردستان

20/09/2017‌ 979 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا لە دەستپێكی كۆبوونەوەكانی خولی ٧٢ھەمینی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان وتارێكی پێشكەشكردو تێدا پرسی ریفراندۆمی هەرێمی تاوتوێكرد، كە لەو بارەوە هۆشداری توندیدا.

رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی راپرسی هەرێمی كوردستان وتی: "عێراق پێویستی بەیەكڕیزی‌و یەكپارچەیی‌و دووبارە بەھاوبەشی بونیاتنانەوە ھەیە، داواكردنی سەربەخۆیی قەیرانی نوێ بۆ ناوچەكە دروستدەكات، بۆیە پێویستە لەو ھەنگاوانە دووربكەونەوە، كە ئەگەری روودانی شەڕی لێدەكەوێتەوە".

سەركۆماری توركیا وتیشی: "لێرەوە داوا لەھەرێمی كوردی عێراق دەكەم، كە واز لەم ھەوڵە بھێنن كە دەستیان پێكردووە".

ئەردۆغان هۆشداریدا بەوەی پشتگوێخستنی ھەڵوێستی زۆر روون‌و پێداگری توركیا، رەنگە ببێتە ھۆی دەستپێكردنی قۆناغێك بۆ لەدەستدانی دەرفەتەكانی دەست ئیدارەی ھەرێمی كوردی عێراق".

هەروەها رایگەیاند دەبێت "لەجیاتی خۆشكردنی ئاگر بۆ شەڕو پێكدادانی نوێ، پێویستە ھەموو پێكەوە كار بۆ بونیاتنانی ئاسوودەیی، ئاشتی، ئاسایش‌و سەقامگیری ناوچەكە بكەین".

قسەكانی ئەردۆغان لەكاتێكدایە بڕیارە 25/9/2017 یریفراندۆمی هەرێمی كوردستان بەرێوەبچێت، كە لەو بارەوە تائێستا ناوبراو چەند جارێك هۆشداری داوەو داوای دواخستنی كردووە.

هـ ـ ح