پەرلەمانی توركیا بۆ پرسی ریفراندۆمی هەرێم كۆبوونەوەیەكی نائاسایی ئەنجامدەدات

کوردستان

23/09/2017‌ 484 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پەرلەمانی توركیا كۆبوونەوەیەكی نائاسایی لەسەر پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان ئەنجامدەدات، كە لەكۆبوونەوەكە بڕیاری درێژكردنەوەی ماوەی رێگە پێدان بەئۆپراسیۆنی سەربازی لەسەر خاكی سوریاو عێراق تاوتوێدەكرێت.

كۆبوونەوەكەی پەرلەمانی توركیا، كە ئەمڕۆ شەممە ئەنجامدەدرێت، بەپێی میدیای توركیا كۆبوونەوەیەكی نائاساییەو بەهۆی ریفراندۆمی هەرێمەوە پێشخراوە، كە پرۆسەی ریفراندۆمەكە لە 25 ئەم مانگە ئەنجامدەدرێت.

هەر بەپێی میدیای توركیا ئامانج لەكۆبوونەوەكە درێژكردنەوەی ماوەی ڕێگەپێدان بەسوپای ئەو وڵاتەیە بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازی لەسەر خاكی سوریا و عێراق.

هەروەها بەپێی زانیارییەكان داواكاریی كۆبوونەوەی پەرلەمانی توركیا بەواژووی سەرۆكوەزیران بینالی یڵدرم پێشكەش بەپەرلەمان كراوە، كە تێیدا ھاتووە "ھەڕەشە و مەترسییە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆكان لەناوچە ئاڵۆزەكانی سنوورەكانی باشووری توركیا لە رووی ئاسایشی نیشتمانییەوە زیادی كردووە".

لەداواكارییەكەدا جەخت لەوە كراوەتەوە، كە گرنگی یەكپارچەیی خاكی عێراق و پاراستنی یەكێتی نیشتمانی و سەقامگیری ئەو وڵاتە بۆ توركیا یەكجار گرنگە.

هاوكات رۆژی هەینی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی توركیا لەسەر پرسی ریفراندۆم كۆبووەوەو تێدا دژایەتی خۆی بۆ پرۆسەكە راگەیاندو داوای لەسەركردایەتی سیاسی كرد بڕیارەكە هەڵبوەشێننەوە.

بڕیاری ریفراندۆم لەلایەن مەسعود بارزانی‌و بەشێك لەلایەنە سیاسییەكانی هەرێم لە 7 حوزەیرانی رابردوو دراوە، كە بڕیارە پرۆسەكە لە 25 ئەم مانگە ئەنجامبدرێت‌و نیگەرانی توركیاو چەند وڵاتێكی تری بەدواوە هاتووە.

هـ ـ ح