ئەگەر هەیە پرۆسەكە بایكۆت بكات
گۆڕان بەهۆی كەركوكەوە پێداچوونەوە بەهەڵوێستی لەبارەی ریفراندم دەكات

کوردستان

23/09/2017‌ 1417 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بزووتنەوەی گۆڕان بەهۆی كەركوكەوە، پێداچوونەوە بەهەڵوێستی لەبارەی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان دەكات‌و ئەگەر هەیە پرۆسەكە بەفەرمی بایكۆت بكات.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی باڵاو ئاگاداری بزووتنەوەی گۆڕان بەشارپرێس دراوە، بەهۆی ئەوەی بڕیاردراوە لەشاری كەركوك‌و ناوچە كوردستانییەكانی تری هەرێم ریفراندۆم نەكرێت، ئەو بزووتنەوەیە بڕیاریداوە پێداچوونەوە بەهەڵوێستی لەبارەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی بكات.

هەر بەپێی زانیارییەكان پێداچوونەوەكەی گۆڕان بەشێوەیەك دەبێت، كە گۆڕانكاری بەسەر هەڵوێستی دێت، بەشێوەیەك ئەگەر هەیە ریفراندۆمی هەرێم بەفەرمی بایكۆت بكات، ئەوەش بەهۆی ئەوەی "بەشەرعی نازانێت ریفراندۆم لەكەركوك ناوچەكانی تر نەكرێت".

ریفراندۆمی هەرێم لە 25 ئەم مانگە بەرێوەدەچێت وەك بڕیاری لێدراوە، بەڵام ئەمڕۆ شەممە كۆمەڵێك گۆڕانكاری لەو بارەوە رووداوەو یەكێتی بەفەرمی رایگەیاندووە، بەهۆی مەترسییەكانەوە رێگەنادەن ریفراندۆم لەشاری كەركوك بكرێت.

گۆڕان پێشتر هەڵوێستی ئەوەبوو، كە ریفراندۆم دوابخرێت، ئەگەر دواشنەخرا، دەنگدەرانی سەربەست بكات، چۆن دەنگ بەریفراندۆم دەدەن بیدەن، بەڵام بەفەرمی پرۆسەكە بایكۆت نەكات.

ئەو سەرچاوەی شارپرێس ئەوەشی راگەیاند، ئەنجامنەدانی ریفراندۆم لەكەركوك ناوچەكانی تر، وا لەبەرپرسانی گۆڕان دەكات "پێداچوونەوە بەهەڵوێستیان بكەن‌و لەو بارەشەوە لەچەند سەعاتی داهاتوو بڕیاری یەكلاكەرەوە دەدەن".

هـ ـ ح