ڕاپۆرتى شیكارى دهزگاى میدیایى شارپرێس:
پێشەکی:
لە20ى ئایاری 2025، حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەسەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، دوو گرێبەستی گرنگی نەوتو گاز لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئەمریکی HKN Energy WesternZagros Resources واژۆکرد کە بەهایان بەدەیان ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت.
ئەم گرێبەستانە بەمەبەستی گەشەپێدانی کێڵگە گازییەکانی میرانو تۆپخانە-کوردەمیر لەسلێمانی بون، کە چاوەڕواندەکرێت کارەبا بۆ ملیۆنان کەس دابین بکەن، هەلی کار دروستبکەنو ئابوری کوردستان بەهێزتر بکەن، بەڵام سەرەڕای ئەم هەنگاوە، گومانەکانی زۆر لەسەر شەفافیەتی خاوەندارێتی، چالاکییەکانی ئەم کۆمپانیایانەو پەیوەندییە سیاسیو ئابورییەکانیان سەریهەڵداوە، بەتایبەتی کە هەردوو کۆمپانیاکە تەنها لەهەرێم کاردەکەنو لەئەمریکا تۆمارکراون، بەڵام خاوەنی هیچ سەرمایەو پڕۆژەیەک نین لەناوخۆی ئەمریکاو تەنها وەک ناو بەناوی کۆمپانیای ئەمریکی یەوە تۆمارکراون بەبێ بونی هیچ کارو پڕۆژەیەک لەئەمریکام یان کەنهدا کە وێسترن زاگرۆس وا بانگەشە دەکات بنکەی سەرەکیەکەی لەکەنەدایە.
خاوەندارێتیو شەفافیەت:
- WesternZagros Resources و Crest Energy International LLC: WesternZagros کە گوایە بنکەی سەرەکی لەشاری ئەلبێرتای، کەنەدایە، لەساڵی 2017 لەلایەن Crest Energy International LLC، کۆمپانیایەکی ئەمریکی لەهۆستن، تەکساس، بە225 ملیۆن دۆلاری کەنەدی کڕدرا، خاوەندارێتی Crest Energy International LLC بەتەواوی نادیارە، چونکە وەک کۆمپانیایەکی تایبەت، یاساکانی ویلایەتی تەکساس ڕێگە بەشاردنەوەی زانیارییەکانی خاوەندارێتی دەدات، مەگەر داواکارییەکی دادگایی هەبێت، بەتایبەت کاتێک کۆمپانیاکە بەکاردەهێنرێت بۆ ڕوکەش بۆ شاردنەوەی سەروەتو سامان یان موڵک، بۆیە کۆمپانیاکە تەنها ناوەو هیچ چالاکیەک لەئەمریکا ئەنجامناداتو کارمەندی نییە.
تەنانەت خاوەنداریی وێسترن زاگرۆسیش دیارنییە، تەنها کەسانێک وەک کارمەندو بەڕێوەبەر لەکارەکانی کوردستانیاندا بونیان هەیە نەک خاوەنداری ڕاستەقینە.
هەروەها بهگوێرهى داتا بەردەستەکانی ویلایەتی تەکساسو کۆمپانیاکانی، کۆمپانیان کرێست ئینێرجی نێودەوڵەتی کاری پێدانی قەرزە، تەنها پڕۆژەیەک هەیبێت کڕینی وێسترن زاگرۆسە کە تەنها لەکوردستان کاردەکات، ئۆفیسی کۆمپانیاکە کە گوایە لەتەکساسە، تەنها ناونیشانی بەریدە(P.O. Box) و شوێنی کارکردنی دیارنییە.
HKN Energy:
HKN Energy کە لەساڵی 2007 دامەزراوە، کۆمپانیایەکی تایبەتی ئەمریکییە کە گوایە بارەگاکەی لەدالاس، تەکساسە.
ئەم کۆمپانیایە تەنها لەهەرێمی کوردستان کاردەکات، بەتایبەتی لەبلۆکەکانی سەرسەنگو ئەتروش لەپارێزگای دهۆک، هیچ زانیارییەکی کراوە لەسەر خاوەندارانی HKN Energy بەردەست نییەو لەویلایەتی تەکساس تۆمارکراوە کە یاساکانی ڕێگە بەشاردنەوەی خاوەندارێتی دەدەن.
سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیاکە ڕەسڵ فریدمانەو تیمی بەڕێوەبەرایەتییەکەی کەسانێکی وەک مەت زەیس (جێگری سەرۆکی کاروباری حکومەت)و مختار (جێگری سەرۆکی کاروباری بازرگانیو حکومەت) لەخۆدەگرێت، بەڵام زانیاری لەسەر خاوەندارانی سەرمایەگوزارەکان نییە.
هەروەها ئەەی سەیرە ئەم کۆمپانیایە ساڵى 2024 فرۆشراوە بەکۆمپانیایەکی ترو ئەمریکی بەناوی HILLWOOD INTERNATIONAL ENERGY GP, LLC ، هەمان کەس کە سەرۆکایەتی - HKN Energy دەکات سەرۆکایەتی ئەم کۆمپانیا نوێیەش دەکاتو لەتەکساس تۆمارکراوە، بەڵام شوێنی تۆمارکردنی - HKN Energy شاراوەیە.
هەموارەکانی کۆنگرێسی ئەمریکیو ترس لەکەشفبونی خاوەنداریی کۆمپانیا وەهمییەکان لەئەمریکا:
یەکێک لەگومانی ڕاگهیاندنى ئەم هەواڵی گرێبەستانە، کە خودی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان دوپاتیکردەوە کە گرێبەستەکان کۆننو تەنها خاوهنداریی کۆمپانیاکان گۆڕاوە، پەیوەندیی بەگۆڕانکارییە یاساییەکانی ئەمریکاوە هەیە.
لەساڵی 2024، کۆنگرێسی ئەمریکی هەموارێکی نوێی پەسەندکرد کە ویلایەتەکان ناچاردەکات خاوەندارێتی کۆمپانیاکانی تایبەت کەشف بکەن، بەتایبەتی بۆ کەسانی بیانی، بەمەبەستی ڕێگریکردن لەشاردنەوەی سەرمایەو گەندەڵی، ئەم هەموارە گومانەکان زیاترکردوە کە کڕینی WesternZagros لەلایەن Crest Energy International LLC و هێنانە ناوەی HKN Energy لەگرێبەستە نوێیەکانداو فرۆشتنی بە HILLWOOD INTERNATIONAL ENERGY GP, LLC لەوانەیە هەوڵێک بێت بۆ شاردنەوەی خاوەندارانی ڕاستەقینە پێشئەوەی یاسای نوێ کەشفکردنیان زۆرەملێ بکات.
ئەمەش پرسیار دروستدەکات کە ئایا ئەم کۆمپانیایانە لەلایەن کەسانی نزیک لەدەسەڵاتی سیاسیی لەهەرێمی کوردستان یان ئەمریکا خاوەندارێتی دەکرێن.
چالاکییەکان: تەنها لەکوردستان
- WesternZagros:
ئەم کۆمپانیایە لەساڵی 2005وه لەهەرێمی کوردستان کاردەکاتو تەنها لەبلۆکەکانی کوردەمیرو گەرمیان چالاکی هەیە، هیچ بەڵگەیەک نییە کە WesternZagros لەدەرەوەی کوردستان پڕۆژەیەکی هەبێت، سەرەڕای ئەوەی لەکەنەدا دامەزراوەو لەئەمریکا خاوەندارێتیی دەکرێت.
کێڵگەی کوردەمیر کە WesternZagros بەرپرسیەتییەکی سەرەکی هەیە، یهك ملیار بەرمیل سەرچاوەی نەوتو غازو کۆندێنسەیت (contingent resources) و 2.2 ملیار بەرمیل سەرچاوەی چاوەڕوانکراو (prospective resources) لەخۆدەگرێت.
کێڵگەی تۆپخانە-کوردەمیر کە بەشێکە لەگرێبەستە نوێیەکان، پێنج ترلیۆن پێی سێجای غازو 900 ملیۆن بەرمیل نەوت لەخۆدەگرێت کە بەهایەکی 70 ملیار دۆلاری هەیە.
- HKN Energy:
HKN Energy لەساڵی 2007وه لەبلۆکی سەرسەنگ لەدهۆک کاردەکاتو لەئابی 2024دا بەشێکی 25٪ی بلۆکی ئەتروشی کڕیوە، ئەم کۆمپانیایە لەدوو کێڵگەی سەرسەنگ (سوارە تیکەو ڕۆژهەڵاتی سوارە تیکە) نەوت بەرهەمدەهێنێتو لەئەتروشیش لەکێڵگەیەک کە سەرەتا لەژوریەی درەنگ (Late Jurassic) نەوت بەرهەمدەهێنرێت، وەک WesternZagros، HKN Energy هیچ چالاکییەکی لەدەرەوەی هەرێمی کوردستان نییەو ئۆفیسەکەی لەگوندی ئینگلیزی، نزیک هەولێر، جێگیرە، ئەمەش گومانەکان زیاتر دەکات کە ئەم کۆمپانیایانە لەوانەیە وەک "کۆمپانیا کاغەزینەکان" (shell companies) بەکاربهێنرێن بۆ ئەنجامدانی کاروبارە ناشەفافەکان، هەرچەندە لەسەر ماڵپەڕی کۆمپانیاکە ناوی ژمارەیەک کەسانی ئەنریکی هەیە کە زۆرێکیان لەگەڵ کۆمپانیا ڕوسیەکان پێشتر کاریانکردوە، بەڵام زیاتر ئەندامی بۆردی ڕاوێژکارین، بەڵام لەهیچ شوێنێکی تر پڕۆژەیان نییە، جگە لەکوردستان.
گومانەکانو نیگەرانییەکان
نەبونی شەفافیەت لەخاوەندارێتی:
هەردوو کۆمپانیاکە لەویلایەتی تەکساس تۆمارکراون، کە یاساکانی ڕێگە بەشاردنەوەی خاوەندارێتی دەدەن، بەڵام هەموارە نوێیەکانی کۆنگرێس داوای کەشفکردنی خاوەندارانی کۆمپانیاکان دەکەن، بەتایبەتی بۆ کەسانی بیانی، ئەمەش پرسیار دروستدەکات کە ئایا کڕینی WesternZagros لەلایەنCrest Energy International LLC و هێنانە ناوەیHKN Energy لەگرێبەستە نوێیەکاندا هەوڵێکە بۆ دورکەوتنەوە لەکەشفکردنی خاوەندارانی ڕاستەقینە پێش جێبەجێکردنی یاساکە.
چالاکی تەنها لەکوردستان:
هەردوو کۆمپانیاکە هیچ پڕۆژەیەکیان لەدەرەوەی هەرێمی کوردستان نییە کە ئەمەش گومانی ئەوە دروستدەکات کە لەوانەیە ئەم کۆمپانیایانە بەئەنقەست بۆ کارکردن لەکوردستان دروستکرابن، بەبێ هەوڵدان بۆ گەشەکردن لەبازاڕە نێودەوڵەتییەکانی تر، ئەمەش لەگەڵ نەبونی زانیاریی لەسەر خاوەندارێتی گومانەکانی گەندەڵیو بەکارهێنانی کۆمپانیاکان وەک ئامرازێک بۆ بەرژەوەندییە سیاسییەکان زیاتر دەکات.
نەبونی بەرپرسانی ئەمریکی لەمەراسیمی واژۆکردن:
گرێبەستەکان لەژوری بازرگانی ئەمریکا واژۆکران، بەڵام هیچ بەرپرسێکی حکومەتی ئەمریکی ئامادەنەبوو، تائێستا هیچ بەرپرسێکی ئەمریکی لەسەر ئەم گرێبەستانە قسەینەکردوە، ئەمەش سەرنجی ڕۆژنامەنوسانو چاودێرانی کوردستانی ڕاکێشاوە، چونکە گرێبەستەکانی بەو قەبارە گەورەیە 110 ملیار دۆلار بهگوێرهى بەیاننامەی حکومەتی هەرێم، چاوەڕواندەکرا بەرپرسانی ئەمریکی تێیدا بەشداربن، بەتایبەتی کە قەبارەکە سێ هێندەی بازرگانی ساڵانەی نێوان ئەمریکاو تورکیایە.
کەمی باسکردنی میدیایی لەئەمریکا:
میدیاکانی ئەمریکا کە بەزۆری گرێبەستە گەورەکانی نەوتو گاز بڵاودەکەنەوە، تائێستا هیچ باسێکی گرێبەستەکانی HKN Energy و WesternZagros نەکردوە، ئەمەش نیگەرانی زیاترکردوە کە ئەم گرێبەستانە لەوانەیە لەژێر سێبەری ناشەفافیەتدا واژۆکرابن، بەتایبەتی کە بەغدا ئەم گرێبەستانەی وەک "نایاسایی"و "بەتاڵ" سەیرکردوە، چونکە بەبێ زانیاریی پێشوەختەی وەزارەتی نەوتی عێراق واژۆکراون، بەڵام بابەتەکە ئەوەیە کە تەنها خاوەنداریی کۆمپانیاکان گۆڕاوەو هیچ گرێبەستێکی نوێ واژۆنەکراوە، تەنها بەردەوامی گرێبەستەکانی پێشوە.
ئەنجام
گرێبەستەکانیHKN Energy و WesternZagros Resources کە بەبەهای 110 ملیار دۆلار مەزەندەکراون، وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ گەشەپێدانی بواری نەوتو گاز لەهەرێمی کوردستان سەیر دەکرێن، بەڵام نەبونی شەفافیەت لەخاوەندارێتی، چالاکی تەنها لەکوردستان، نەبونی بەرپرسانی ئەمریکی لەمەراسیمی واژۆکردنو کەمی باسکردنی میدیایی لەئەمریکا، گومانەکان لەسەر ڕاستو دروستی ئەم کۆمپانیایانە زیاترکردوە.
هەموارە نوێیەکانی کۆنگرێسی ئەمریکی بۆ ئاشكراكردنى خاوەندارێتی کۆمپانیاکان دەتوانێت فشار زیاتر بکات بۆ ئاشكراكردنى خاوەنەکانی Crest Energy International LLC و HKN Energy، بەڵام تائەوکاتە، ئەم کۆمپانیایانە وەک نمونەیەک لەناشەفافیەتی کاروباری نەوتو غاز لەهەرێمی کوردستان دەمێننەوە، هەروەها ئەوەی لەهەواڵەکان بڵاوکرایەوە وەک گرێبەست، زیاتر لێکتێگەشتنو ڕێکەوتنە بۆ پەرەپێدانی کاری کۆمپانیا نوێکان کە گرێبەستەکان کراوە بەناویانەوە، بەڵام هیچ سەرمایەیەکی نوێ بۆ وەبەرهێنان نەخراوەتەڕوو تەنها هەڵسانگاندن کراوە بۆ ئەوەی دەکرێت لەئایندە پڕۆژەکانیان لەبوارى غازو نەوت بە40 ملیار دۆلار بخەمڵێنرێت، نەک گرێبەستی 40 ملیار دۆلاری.
