شارپرێس:
ئەمڕۆ شەممە کۆنفرانسی تەواوکاری هەردوو باڵه‌كه‌ى بزوتنەوەی گۆڕانی زەگەتەو کوردسات لەهۆڵی ئاشتی له‌شارى سلێمانى بەڕێوەدەچێت، له‌کۆنفرانسەکەدا نوێنه‌رى کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان‌و وه‌زاره‌تى ناوخۆ‌و دادگاى تێهه‌ڵچونه‌وه‌ى ناوچه‌ى سلێمانى به‌شداریده‌كه‌ن‌و ڕێكخه‌رو جڤاتى گشتیى هه‌ڵده‌بژێردرێن.
چاوه‌ڕوان مه‌حمود په‌یامنێرى شارپرێس ئاشكرایكرد، هەموو ئەوکەسانەی ناویان وەکو دەستەی دامەزرێنەری گۆڕان هەیە ژماره‌یان دوو هه‌زارو 135 كه‌سه‌و پێویستە ئه‌وان بەشداریی کۆنفرانسەکە بکەن.
وه‌كو چاوه‌ڕوان جه‌ختى له‌سه‌ر كرده‌وه، کۆنفرانسى ئه‌مڕۆ لەهۆڵی ئاشتیی بەڕێوەدەچێت، تاوەکوو کاتژمێر 12ی نیوەڕۆ ئه‌ندامان بۆیان هەیە بچنە هۆڵه‌كه‌وه، دواتر کەس مافی نابێت به‌شداریى كۆنفرانسه‌كه‌ى گۆڕان بكات.
په‌یامنێرى شارپرێس له‌سلێمانى ئه‌وه‌شى ڕونكرده‌وه، لەکۆنفرانسی ڕابردودا پێویستبوو ڕێژەی یاسایی تەواوبێت، بەڵام کۆنفرانسەكه‌ى ئه‌مڕۆ پێویستى بەتەواوبونی ڕێژەیی یاسایی نییە، هەروەها کۆمسیۆن دوو کەس له‌هەردوو باڵەکەی گۆڕان بانگهێشتدەکات بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە بکەن.
به‌وته‌ى چاوه‌ڕوان، دوو دەستوری هەموارکراوی ناوخۆی گۆڕان کە گونجاوبێت لەگەڵ یاسای فەرمانگەی پارتە سیاسییەکان لەکۆمسیۆن باڵای هەڵبژاردنەکان ئامادەکراوە، هەریەکێک لەو دوو دەستورە ئەگەر دەنگی زۆرینەی ئەندامانی کۆنفرانسەکە واتە 50+1 بەدەست بێنێت، ئەوە دەستوری ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان دەبێتە هی ئەو لایەنە، هەروەها سەرجەم موڵک‌و ماڵ‌و میدیا‌و ناو‌و لۆگۆی گۆڕان بەفەرمی دەبێتە موڵکی ئەو لایەنە.
هه‌روه‌ك بڕیاریشه، دوای ئەوە جڤاتی نیشتیمانی هەڵبژێردرێت کە لەسەر ئەوخاڵە ناکۆکی هەیە، چونکە گۆڕانی گەڕەکی کوردسات دەڵێن، نابێت جڤاته‌كانى نیشتمانى‌و گشتیى بمێنن، به‌ڵام گۆڕانی گردی زەرگەتە سوره له‌سه‌ر مانه‌وه‌یان‌و جه‌ختده‌كاته‌وه، دەڵێت، دەبێت جڤاتى گشتیى ژماره‌شیان 51 کەس بێت، هەردولاش چەند ڕۆژێكه لەپەیوەندیدان کە بەڕێککەوتن بچنە ناو کۆنفرانس‌و گرژیی‌و ئاڵۆزی دروستنەبێت.
چاوه‌ڕوان مه‌حمود ئه‌وه‌شى زانیوه، گۆڕانی کوردسات دەڵێت دەبێت ڕێکخەری گشتی لەناو کۆنفرانس هەڵبژێردرێت، بەڵام گۆڕانی زەرگەتە دەڵێن، به‌گوێره‌ى ئەو دەستورەی نەوشیروان مستەفا دایناوە، پێویستە ڕێکخەری گشتی لەناو جڤاتی نیشتیمانی هەڵبژێردرێت.
ڕۆژى 5ى نیسانی ئەمساڵ باڵی گردی زەرگەتە کۆنفرانسێکی کرد‌و 26ی نیسانیش باڵی کوردساتیش به‌هه‌مانشێوه، بەڵام یەکێکیان بەهۆی تەواونەبونی ڕێژەی یاسایی ئامادەبوان‌و ئەوەی دیکەشیان بەهۆی ئامادەنەبونی نوێنەری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، پەسەندنەکران.
