مەسرور بارزانی وەڵامی حکومەتی عێراق دەداتەوە

کوردستان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 10709 جار خوێندراوه‌ته‌وه


مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز-ی ئەمریکی ڕایگەیاند، لە عێراق دەستوورمان هەیە، بە ڕوونیش لەو دەستوورەدا مافەکانی کوردستان دیاری کراوە و مافی ئەوەشمان پێدراوە کە گرێبەست واژۆ بکەین، بە تایبەت لە بوارەکانی پەرەپێدان و فراوانکردنی کەرتی وزە. ئەو قسانەی سەرۆك وەزیران وەك وەڵامدانەوەیەک بوو بۆ نیگەرانییەکانی حکومەتی عێراق بەرامبەر گرێبەستەکانی حکومەتی هەرێم.

لەو چاوپێکەوتنەدا مەسرور بارزانی باسی لەوەشکردووە، ئێمە لە ڕابردوودا گرێبەستمان واژۆ کردووە، ئەم دوو کۆمپانیایەش تازە نین و ماوەی 15 ساڵە لە ناوچەکەی ئێمە کار دەکەن. 

سەرۆك وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەو چاوپێکەوتنەدا وتیشی "هیوادارین ئەمریکا هەمیشە وەکو هاوبەشێکی سەرەکی سەیری هەرێمی کوردستان بکات، ئێمە شانازی بەوە دەکەین کە هاوپەیمان و هاوبەشی ئەمریکا بین". 

باسی لەوەشکرد، ئێمە لەگەڵ سیاسەتی سەرۆکی ئەمریکاین بۆ هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریاین و پێمان باشە دەرفەتێک بدرێت بەو وڵاتە چونکە بە دۆخێکی ناهەمواردا تێپەڕیوە.