تادێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاتر بەڕووی سوریادا دەکرێتەوە، دوای لابردنی گەمارۆکانی ئەمریکا و ئەوروپا، بەڵام کەم نین ئەو مەرجانەشی بۆ دیمەشق دانراون.
لە گۆڕانکارییەکی بەرچاودا کە ڕەنگدانەوەی گۆڕانی ڕەوشی نێودەوڵەتییە سەبارەت بە قەیرانی سوریا، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دانیشتنێکی نائاسایی بۆ قسەکردن لەسەر پێشهاتەکانی مەلەفی سوریا ئەنجامدا.
وەک چاودێران دەڵێن، ئاماژەیەکی ڕوون بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی کراوەیی و نزیکبوونەوە لەگەڵ دیمەشق هەیە، لەوانەش قسەکردن لەسەر هەڵگرتنی سزاکان، پشتیوانیکردن لە ئاوەدانکردنەوە و هاوکاری نێوان حکومەتی دیمەشق و هێزەکانی سوریای دیموکرات.
لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە سوریا، نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان پشتڕاستی کردەوە کە ئەمریکا هەنگاوەکانی بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییە ئاساییەکانی لەگەڵ دیمەشق دەستپێکردووە، جەختی لەسەر پێویستی هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) سەبارەت بە پاراستنی زیندانەکانی داعش کردەوە.
نوێنەری ئەمریکا لە وتارەکەیدا بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا سزاکانی سەر سوریای لە پێناو گەلی سوریا هەڵگرت و داوای لە دیمەشق کرد ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل ئەنجامبدات و چەکدارانی بیانی و سەرکردەکانی چەکدارانی فەلەستینی دەربکات.
هاوکات داوای لەناوبردنی کۆگای چەکی کیمیایی سوریای کرد بۆ "بەرزکردنەوەی ئاسایشی سورییەکان" و جەختی لەوە کردەوە کە ترەمپ دەیەوێت هاوکاری سوریا بکات و سوریاش وەک ئەندامێکی چالاک لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بگەڕێتەوە.
لای خۆیەوە نوێنەری فەرەنسا ئاماژەی بەوەدا کە پاریس پێشوازی لە شەرع کردووە بۆ دووپاتکردنەوەی پشتیوانی خۆی بۆ سوریا، ئاماژەی بەوەشدا کە یەکێتی ئەوروپا لە ساڵی 2011ەوە لەگەڵ سورییەکان وەستاوە و داوای لە جیهان کرد هاوکاری سوریا بکەن و پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل ڕابگرن.
هەروەها نوێنەرانی بەریتانیا، ڕووسیا، دانیمارک و یۆنان پشتیوانی خۆیان بۆ یەکگرتوویی سوریا و ڕێزگرتن لە ئیرادەی گەلەکەی دووپاتکردەوە، هاوکات سەرکۆنەی پێشێلکارییەکانی ئیسرائیلیان کرد.
هەروەها ئاماژەیان بەوە کرد کە هەڵگرتنی سزاکان گۆڕانکارییەکی ئەرێنی لە سوریا بەدوای خۆیدا دەهێنێت و وەک چرایەکی هیوا بۆ سوریاییەکان سەیری دەکەن.
لای خۆیەوە گەیر پیدەرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سوریا، ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و دەسەڵاتدارانی دیمەشقی وەک دەرفەتێکی مێژوویی تەماشا کرد.
جەختی لەوەش کردەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان پاڵپشتی ئەم ڕێککەوتنە دەکات کە سەرکەوتنی بۆ سەرکەوتنی قۆناغی ڕاگوزەری لە سوریا زۆر گرنگە. هەروەها بانگەوازی خۆی بۆ پشتیوانی لە سوریا نوێکردەوە لە قۆناغی کاتیدا.
