شارپرێس:
وتەبێژی سوپای پاسداران هەڕەشەی وێرانكردنو سڕینهوه لەئیسرائیل دەكاتو ڕایدهگهیهنێت، "ئەگەر تەلئەبیب هێرشبكاتەسەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران ڕوبەڕوی وەڵامێكی چارەنوسساز دەبێتەوە".
فەریق عەلی محەمەد ناعینی وتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، "ئەگەر تەلئەبیب هێرشبكاتەسەر وڵاتەكەیانو گەمژەیی بكات، بەدڵنیاییەوە لەلایەن سوپای وڵاتەكەیەوە ڕوبەڕوی وەڵامێکی وێرانکەر چارەنوسساز دەبێتەوە".
وتیشی:"تائەوكاتەی ئیسرائیل لەسەر ڕوی زەوی نەسڕدرێتەوە، ئاسایشو سەقامگیریی بۆ ناوچەكە ناگەڕێتەوە".
لاى خۆیشیهوه عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لهپهیامێكدا ڕایگهیاند، پلانی ئیسرائیل بۆ هێرشكردنەسەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی وڵاتەكەی جێگەی نیگەرانییە، هەر كاتێك ئیسرائیل هێرشێكی لەو جۆرە ئەنجامبدات سوپای پاسداران دەستبەجێ وەڵامی دەدەنەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، پێویستە ئەنجومەنی ئاسایش لەسەر پلانی هێرشكردنەسەر دامەزراوەكانی وڵاتەكەی لەلایەن تەلئەبیبەوە ئیدانە بكرێتو ڕێگریی لەزیادبونی گرژییەكانی ناوچەكە بكرێت.
پلانەكەی ئیسرائیل لەكاتێكدایە كە بڕیاروایە گەڕی پێنجەمی دانوستانەكانی نێوان تارانو واشنتۆن لەدوو ڕۆژی داهاتودا لەڕۆما بەڕێوەبچێت، تەلئەبیبیش ڕایگەیاندوە، لەكاتی شكستی دانوستانەكان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران پلانی هێرشكردنەسەر ئەو وڵاتەیان ئامادەكردوە.
