له‌سنورى سلێمانى ژماره‌یه‌ك تیرۆریستی داعش ده‌ستگیركران

کوردستان

21 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3959 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دەزگای ئاسایشی هەرێم ده‌ستگیركردنى ژماره‌یه‌ك تیرۆریستى داعش له‌سنورى پارێزگاى سلێمانى ئاشكراده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "به‌هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ ده‌زگا ئه‌منیه‌كانى عێراق ئه‌وكاره‌ كراوه‌".


له‌ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ده‌زگاى ئاسایشى هه‌رێم ئاشكرایكردوه‌، بەرێوەبەرایەتی گشتیی ئۆپه‌راسیۆنەکانی ئاسایش، بەهەماهەنگی ئاڵۆگۆڕی زانیاریی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی عێراق لەسنوری (سلێمانی، چەمچەماڵ‌و شارەزور) توانیویانه‌ سێ تیرۆریستی داعش دەستگیربکەن.

ئه‌وه‌ش ڕونكراوه‌ته‌وه‌، له‌ (6تاوه‌كو 21ى ئه‌م مانگه‌) بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش، لەسێ چالاکی جیاوازدا، لەسەر بنەمای زانیاریی هەواڵگریی‌و بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، دوای بەدواداچون‌و کۆکردنەوەی زانیاری وردو دەستنیشانکردنی شوێنی تیرۆریستان توانییان سێ تیرۆریستی داعش ده‌ستگیربكه‌ن.

ئه‌وه‌ش هاتوه‌، "ئه‌و تیرۆریستانه‌ لەدەوروبەری سلێمانی‌و چەمچەماڵ‌و شارەزور بون، سه‌رجه‌میشیان لەلایەن دادگاکانەوە داواکراوبون، چونكه‌ لەڕابردودا ئەندامی چالاکی گروپی تیرۆریستی داعش بون".

له‌كۆتاییشدا جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌، لەئێستادا تۆمەتباران بەمادەی چوارى تیرۆر ڕاگیراون‌و ڕوبەڕوی یاسا کراونه‌ته‌وه‌و لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکانیان بەردەوامە.