شەوقی محەمەد، هاوسەرۆكی دەستەی ئابوری و كشتوكاڵی ئیدارەی خۆسەری باكور و رۆژهەڵاتی سوریا، ڕایگەیاند، هەڵگرتنی سزاكانی ئەمریكا لە سەر سوریا هەلومەرجی سیاسی و ئابوری نوێی دروستكردووە كە پێویستە ئیدارەی خۆسەر هەوڵەكانی ئاوەدانكردنەوە خێراتر بكات و دەستی وەبەرهێنان ڕابكێشێت.
شەوقی محەمەد بۆ ئاژانسی نۆرس پرێس دەڵێت: "ئێمە كاردەكەین بۆ دڵنیابوون لەوەی باكورو ڕۆژهەڵاتی سوریا پشكی لە وەبەرهێنانی بیانی و ناوخۆیی لە پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەدا هەبێت".
هاوسەرۆكی دەستەی ئابوری و كشتوكاڵ ڕایگەیاند، ئیدارەی خۆسەر بەم دواییە یاسای وەبەرهێنانی خۆی هەمواركردەوە بۆ ئەوەی هاوسەنگ بێت لەگەڵ پێشهاتە نوێیەكان و هاندانی وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و بیانی بۆ هاتنە ناو هەرێمەكەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، "ئێمە دەزگایەكی وەبەرهێنانمان دامەزراندووە كە پشتگیری یاسایی و كارگێڕی و ئابوری پێشكەش بە وەبەرهێنەران دەكات".