ئاڵدار خەلیل بۆ شارپرێس: تورکیا بیانووی بۆ هێرشکردنە سەر ڕۆژئاوای کوردستان نەماوە

ڕاپۆرت

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 215 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس: کەنداڵ جودی
بەرپرسێكی باڵای ڕۆژئاوای كوردستان بە شارپرێسی ڕاگەیاند، كورد خوازیاری لامەركەزییەتە لە سوریا و جەختی لەوە كردەوە كە چەكدانانی پەكەكە هیچ پەیوەندییەكی بە هێزەكانی هەسەدەوە نییە.

ئاڵدار خەلیل  ئەندامی دەستەی هاوسەرۆكایەتی پەیەدە،  لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ شارپرێس باسی لە كاریگەری بڕیارەكەی پەكەكە بۆ هەڵوەشاندنەوەی خۆی لەسەر ڕۆژئاوای كوردستان كرد و وتی: "بێ گومان بڕیاری پەكەكە  كاریگەری لەسەر هەموو كوردستان دەبێت، یەكێك لەو پارچانەش ڕۆژئاوای كوردستانە، ئەگەر ئەم پرۆسەیە بەرەوپێش بچێت و توركیا ئەمە قبوڵ بكات‌و ئەمە لە باكوری كوردستان ڕووبدات ئەوە دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی توندوتیژی دەوڵەتی توركیا لە دژی ڕۆژئاوای كوردستان جگە لەوەش كاریگەری لەسەر كاری دیپلۆماسیمان دەبێت لە هەمان كاتدا لایەنی سەربازی، كاریگەری لەسەر ئەو ڕاستییەش دەبێت كە دەوڵەتی توركیا چیتر هێرش ناكات و ئەم پرسە بە ڕێگەی دیكە چارەسەر دەكرێت، بە واتایەكی دیكە، بیانووی بوونی پەكەكە بۆ هێرشكردن نەماوە.

لە درێژەی قسەكانیدا، ئاڵدار خەلیل ئاماژەی بەوەدا، ئەم پرۆسەیە كاریگەری لەسەر پەیوەندییەكانمان لەگەڵ دیمەشق دەبێت، دیمەشق هەمیشە لە حاڵەتی ترس و دڵەڕاوكێدا بووە سەبارەت بە دامەزراندنی پەیوەندی لەگەڵ ئێمە، چونكە ترسی لە هەڵوێستی توركیا هەبووە. بۆیە دوای ئەوەی دەوڵەتی تورك گۆڕانكاری لە دۆخی خۆیدا دەكات، دیمەشق بە ئاسوودەییتر لەگەڵ ئێمە دانوستان دەكات.

بەرپرسی میتی توركیا چەند ڕۆژێك لەمەوبەر و ئەردۆغان دوو ڕۆژ لەمەوبەر ڕایانگەیاند، دوای ئەوەی پەكەكە چەكەكانی دادەنێت، پێویستە هەسەدەش چەكەكانی خۆی ڕادەست بكات.

سەبارەت بەم پرسە، خەلیل وتی: "هیچ شتێك نییە بەناوی دانانی چەكەكانی هەسەدە، چونكە ئێمە سوورین و دژی داعش شەڕمان كردووە و لە دژی ڕژێمی ئەسەد تێكۆشانمان كردووە، لە پێناو بنیاتنانی سوریایەكی دیموكراسیشدا، سیستەم و گەل و ناوچەكە و ئۆتۆنۆمی خۆمان دەپارێزین. ئەوە پرسێكە لەنێوان ئێمە و دیمەشقدا. كاتێك دەستووری سوریا پێكدێت و ئێمە و دیمەشق دەگەینە ڕێككەوتن، ئەم كێشانە بە شێوەیەكی سروشتی چارەسەر دەكرێن، واتە ئێمە و دیمەشق لەسەر پرسی هەسەدە دەگەینە ڕێككەوتن".

دوای دیدارەكەی ترەمپ لەگەڵ شەرع، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند، ئەگەری ڕووخانی حكومەتی ئێستای دیمەشق لە ماوەی چەند هەفتەیەكدا هەیە. ئەم لێدوانە مشتومڕێكی گەورەی لە سوریا دروست كرد. ڕۆژئاوای كوردستان چۆن سەیری ئەم هۆشدارییە دەكات؟ ئاڵدار خەلیل بەم شێوەیە وەڵامی دایەوە: "لە سەرەتای ئەمساڵیشدا هۆشداریماندا لەوەی ئەگەر بە عەقڵی دیموكراسییەوە مامەڵە نەكرێت و هەموو پێكهاتەكانی ناو سوریا هاوكاری حكومەت نەبن، ئەمە دەبێتە هۆی دروستبوونی ململانێی ناوخۆیی و سوریا دەچێتە ناو شەڕێكی نوێوە. بەداخەوە هەرچەندە خۆیان وەك دەوڵەت دەخەنە ڕوو، بەڵام وەك گروپی چەكدار و باند مامەڵە دەكەن. نموونەی ئەمەش ئەو كۆمەڵكوژیانەن كە رویانداوە لە ناوچە كەنارییەكانی سوریا".

 دەشڵێت، ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت، ئەگەر دەسەڵاتی كورد نەمێنێت، هەمان كۆمەڵكوژی لە دژی كورد دووبارە دەبێتەوە، بۆیە مەترسی هەیە.

لەبارەی داواكاری كورد لە سوریا ئاڵدار خەلیل، دەڵێت "بە مەبەستی پەرەپێدانی چارەسەرێكی دروست لە سوریا، شاندێك بە ناوی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پێكهێنرا لە كورد و عەرەب و ئاشوری، كە بۆ دانوستاندن دەچێتە دیمەشق.  پێویستە دەستووری سوریا پێكەوە بنووسرێت و پرسەكانی تریش بەگوێرەی دەستوور تاوتوێ بكرێن وەك بابەتی سەربازی، ئیدارە، دامەزراوەكان، ئیدارەی خۆسەر و پرسەكانی دیكە، ئێمە لامەركەزیمان دەوێت، كە چەندین شێوەی هەیە ئەمە تەنها بۆ ئێمە وەك كورد نییە، بەڵكو ئێمە لامەركەزیەتمان دەوێت بۆ هەموو گەلی سوریا".

ئاڵدار خەلیل لە بارەی كاتی سەردانی شاندەكە دەڵێت: "داواكاری كۆبوونەوە بۆ حكومەتی دیمەشق كراوە، بەتایبەتی شاندی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا حكومەتی دیمەشقیان ئاگاداركردۆتەوە كە بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ كۆببنەوە، بەڵام تا ئێستا حكومەتی كاتی لە دیمەشق وەڵامی نەداوەتەوە، پێشبینی دەكەم لە چەند ڕۆژی داهاتوودا حكومەتی دیمەشق وەڵام بداتەوە".
ئ.ه