شارپرێس:
دواجارو دوای دوو کۆنفرانس بەجیا لەیەکتر، هەردوو ئاراستەکەی گۆڕان ڕۆژی شەممە بەشداریی لەکۆنفرانسی بزوتنەوەکەیان دەکەنو دەیانەوێت بەئامادەبونی کۆمسیۆن لایەکیان بەفەرمی ببنە خاوەنی ناو؛ لۆگۆو مێژوی بزوتنەوەکە.
دوای ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان، پێنجی نیسانی ئەمساڵ، ئاراستەی گردی زەرگەتەی بزوتنەوەکە کۆنفرانسی گشتیی بەڕێوەبرد. هەروەها ئاراستەکەی دیکەی بزوتنەوەکە کە بە"باڵی کوردسات"یش ناودەبرێن، 26ی نیسان کۆنفرانسێکیان بەڕێوەبرد، بەڵام هیچیان بۆ خاوەنداریکردن لەحزبەکە براوەنەبون.
بەرپرسێک لەژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڕەکی کوردسات ئاشكرایكرد، "24ى ئهم مانگه کۆنفراسی گشتیمان بەئامادەبونی کۆمسیۆن بەڕێوەدەبەین".
دوو کۆنفرانسەکەی جاری پێشوو، یەکەمیان بەهۆی ئامادەنەبونی کۆمسیۆنو دوەمیش بەهۆی ئامادەنەبونی زۆرینەی ئەندامان بەگوێرەی ڕێنوێنی کۆمیسیۆن، هیچیان پەسندنەکران.
بەگوێرەی ژوری هەڵبژاردنی گۆڕان لەگەڕەکی کوردسات، لەبەرنامەی کاری کۆنفرانسدا ڕێکخەری گشتیی بەزۆرینەی دەنگ هەڵدەبژێرن.
ئەمڕۆ نزار مەحمود ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزوتنەوەی گۆڕان لەگردی زەرگەتە ئاماژهى بهوهدا، "ئێمەش بەشداردەبین لەکۆنفراسی گشتیی لەڕۆژی شەممەدا".
کۆنفرانسەکە لەهۆڵی ئاشتی لەشاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
لەبارەی ئەنجامی کۆنفرانسەکە، نزار مەحمود وتی:"هەموو شتێک بەگوێرەی یاسا بەزۆرینەی دەنگە، ئێمەش دەچینە کۆنگرەو پابەندی یاسا دەبینو بەشداریی دەکەین".
بەگوێرەی زانیارییەکان، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بەفەرمی 24ی ئەم مانگەی بۆ کۆنفرانسی گۆڕان دیاریکردوەو هەرخۆیشی شەممە سەرپەرشتی کۆنفرانسەکە دەکات.
کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بزوتنەوەی گۆڕانی ناچارکردوە، تەنها ئەو ئەندامانە بەشداریی کۆنفرانس بکەن ناویان لەساڵی 2017 تۆمارکراوە زیاترن لەدوو هەزارو 100 ئەندام؛ ئەوانەش ئێستا بەسەر دوو ئاراستە دابەشبون، جگەلەوەی بەشێکیان دەستبەرداری سیاسەت بونو بەشێکیش چونەتە نێو حزبەکانی دیکە.
بەگوێرەی کۆمسیۆن، شەممە بەدەنگی زۆرینەی ئەندامانی ئامادەبوو هەڵبژاردن دەکرێن، بۆ نمونە 400 ئەندام ئامادەبێت دەتوانن بڕیارەکانی کۆنفرانس بەزۆرینەی دەنگ پەسندبکەن.
