بەندكراوێكی كوردی خەڵكی سەردەشت لەسێدارە درا

کوردستان

22/05/2025‌ 2335 جار خوێندراوه‌ته‌وه


سزای سێدارەی یوسف ئیسماعیلی، بەندكراوی كورد و خەڵكی شاری سەردەشت كە پێشتر لە لایەن دەزگای دادوەریی كۆماری ئیسلامیی ئێران سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی بەندەرعەباس جێبەجێ كرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سزای سێدارەی یوسف ئیسماعیلی، باوكی دوو منداڵ و خەڵكی شاری سەردەشت لە بەندیخانەی ناوەندیی بەندەرعەباس جێبەجێ كرا.

بە وتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، یوسف ئیسماعیلی سێ ساڵ پێشتر بە تۆمەتی هەڵگرتنی ئەسید لە مەرزی گەناوەوە بۆ سەردەشت، دەستبەسەر كرابوو و لە لایەن دەزگای دادوەریی ئێران، بەبێ ناردنی سزاكەی بۆ دیوانی باڵا و ڕاگەیاندنی بەو بەندكراوە و بنەماڵەكەی، سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

 یوسف ئیسماعیلی لە ماوەی سێ ساڵ دەستبەسەربوونیدا لە مافی چاوپێكەوتن لەگەڵ بنەماڵەكەی بێبەش بووە و بنەماڵەكەی دوو ڕۆژ پێشتر بەبێ ئاگاداری لە لەسێدارەدرانی ناوبراو بەمەبەستی دوایین چاوپێكەوتن لەگەڵ ئەو بەندكراوە بانگ كرابوون.