سێبەری قەلەبەرد؛ مێژووی تراژیدیی و شۆڕشگێرانەی ڕەوت و خانەوادەیەك بە قەڵەمی ژنێكی جەسوور

توێژینەوە و شیکاریی

11 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 106 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ئەنوەر حسێن (بازگر)

بەشی یەكەم
كەمن ئەو كتێبانەی بە قەڵەمی ژنێك نووسرابن و هێندە كاریگەر بن و بەشێك لە مێژوویان بە وردی گێڕابێتەوە، بەتایبەت ژیانی شەخسی، ڕەوت و جەرەیانێك و ڕووداوگەلێك، كە ڕەنگە هەموو كەس جورئەتی باسكردنی نەبێت.
(سێبەری قەلەبەرد – لەسەر ئەڵمانە و تاڵە سوار، بیرەوەرییەكانی مەلەكە مستەفا سوڵتانی، كچی سوڵتانی، خوشكی فوئاد، هاوسەری د.جەعفەر و ئەندامی كۆمەڵە) كتێبێكە خوێندنەوەی پێویستە، بەتایبەتی بۆ ژنانێ كە ڕەنج و ئازار و مەینەتیان زۆر كێشاوە و لەناو ئەو مێژوەدا ژیاون.
مەلەكە، ژنێكی جەسوور لە خانەوادەیەكی تەواو سیاسی و شۆڕشگێڕ و چەپ خوڵقاوە، هەموو ژیانی خانەوادەكەیان لە پێناو شۆڕش و ئازادیدا، خەرجكردوە.
بەڵام، حیكایەتەكانی و چیرۆكە واقیعە تراژیدیەكانی ناو ئەم كتێبە، هێندە زۆر ئازار بەخش و تراژیدین، لە فیلم دەچێت، بەڵام بەرگەگرتنی هێجگار سەخت و دژوارە (شەهیدبوونی پێنج برا لە ماڵێكدا، مردنی هاوسەرت، دایك و باوكت، ڕەنج و ئازاری ژنێكی تەنیا، بوونی تەنها یەك منداڵ یادگاری د.جەعفەر بۆ هەموو خۆشییەكانی ژیان، بەڵام ئەویش (8) ساڵ دایكی جێهێشت و دواتر خۆی كوشت...) چەند سەختە ئەو هەموو دژوارییە، ئەو هەموو ئازارە؟ كێ بەرگەی دەگرێت؟
سێبەری قەلەبەرد، ڕۆمانێكە، حیكایەتی ژنێك و خانەوادەیەك، شۆڕشگێڕێك و كۆمەڵگایەك دەگێڕێتەوە، كە چ بێ ڕەحمییەك، كە چ بێ چانسییەك ڕووی تێدەكات، گەر بكرێتە فیلم، ڕەنگە هەر لە فیلم بچێت ئەم هەموو ڕووداوگەلە.
ئەم كتێبە بێگومان لە هەندێك شوێن ڕەنگە ڕەخنەی لێ بگیرێت، كە مێژووی كۆمەڵە و بەشێك لە ڕووداوەكانی وەك خۆی باس نەكردوە یان هەقیقەت و ڕووداوگەلێكی بەیان نەكردوە یان نەدەبوو وابكات...
بەڵام لە ڕابەرانی هەموو (كۆمەڵە)م گوێ لێ بووە، كە وتیان؛ "نامانەوێت هیچ وەڵامێك بدەینەوە، چونكە دەزانین مەلەكە نیگەرانە و بارودۆخی باش نییە و خۆیی و خانەوادەكەی قوربانی زۆریان بۆ شۆڕش داوە و مافی گلەیشی هەیە و كۆمەڵە شانازی بە فوئاد و خانەوادەكەیانەوە دەكات".
بەڵام ڕەنگە تراژیدیترین، فەسڵی كتێبەكە، لە دەستدانی تاكە سەرمایەی ژیانی (بەیان)ی كچییەتی، كە بە شێوەیەكی تراژیدی كۆتایی بە ژیانی خۆی و دایكی دەهێنێت، سەختە ئینسان ئەم كتێبە بخوێنێتەوە، گریانی قوڵپی ناخی پێ ڕابگرێت، بژی بۆ كۆمەڵە.

ژیانی بەیان: دیموكرات دڵۆپێ ئاویان پێ نەدام
لە (9)ی خەرمانان پاش ئازارێكی زۆر، بەیان لە دایك بوو لە نەخۆشخانەی (حدكا) لە مەزناوێی سەردەشت، د.جەعفەر زۆر مەشغول بوو، عەبەی برام و سەعدیەی نەسیمی لام بوون، بەڵام برادەرانی (حدكا) مامەڵەیان زۆر خراپ بوو، تەنانەت دڵۆپی ئاو، تیكەیەك نانیان نەدامێ بیخۆم، حیزبی كۆمۆنیست لە گوندی مێشكەپە لە ئالانی سەردەشت پێكهات، لەنێوان سەهەند و كۆمەڵە لە (11ی خەرمانانی 1362)، (2/9/1983) دوور لە هەموو چین و توێژەكانی كرێكاران و موهتەدی كرا بە سكرتێر (ئەمە مەلەكە دەیگێڕێتەوە)، بەڵام بەرخوردی (حدكا) بۆچی وابوە؟ دەبێ خۆیان وەڵام بدەنەوە، ئەگەر پەیوەندی بە ململانێیی سیاسییەوە هەبووبێت خراپە.
مەلەكە دەڵێ: گوڵروخ قوبادی دوو ڕۆژ پێشتر منداڵی ببوو (شاهۆ)ی ناونابوو، لەگەڵ بەیان دەمانخستە ناو كارتۆنی هێلكەوە لە ترسی مشك، پاشان ئەعزیزە ئەعەزەمی منداڵەكەی ناو ناو (ئازادە)، عەزیزە لە ئۆردوگا دادگایی كرا و ماوەیەك لەژێر چاودێری دا بوو، دوایی باوكی هات و ئازادەی بۆ هێنا، دواتر بوە پێشمەرگە، بەڵام لە ساڵی (1367)، (1988) لە كارەساتی هەڵەبجە لە ناو گوردانی شوان (عەزیزە) خۆی و هاوسەرەكەی (حەمەی عەلی وەزیری، خاڵۆی هاوسەرەكەی مەحمود سەجادی) لەگەڵ (22) پێشمەرگەی قارەمان گیانیان بەختكرد.

من و د.جەعفەر پێنج دینارمان هەبوو
شیر بۆ بەیان دەست ناكەوێت
مەلەكە دەڵێ: "بەیانمان سپارد بە ماڵی كاك عەزیز، دواتر نامەیان ناردبوو، كە بەیان شیری نەماوە من و د.جەعفەر تەنیا (5) دینارمان هەبوو، ناردمان لە كونە ماسی لە باشوری كوردستان شیری پێ بكڕین، دواتر كۆمەڵە نامەیەكی توندیان ناردبوو بۆم، كە دوو لیستی تۆ بۆ شیر كڕین هاتوە بۆ كۆمەڵە، ئەمە خەساركردنی دارایی حیزبە، بەهاری (1363-1984) ئوردوگا لە شینكاوێ چوە مالوومە، دواجار بەیانم ناردەوە بۆ دایكم لە ئەڵمانە"، لەم بەشەدا مەلەكە دەیەوێت بڵێ كۆمەڵە شیری بۆ بەیان ڕەوا نەدەبینی و پارەشمان نەبوو.

لەگەڵ بەیان چووینە سوید و زۆر میهرەبان بوو
ژیانی تازەمان لە گەڵ بەیان ساڵی (1990) لە سوید دەستپێكرد، ئەو ساڵە قاچم وەبەر ماشێن كەوت، هەر ئەو ساڵە (نیما) منداڵی ڕەزای برام لە دایكبوو، دوای دوو ساڵ بە نەخۆشی فەوتی كرد.
بەیان، وردە وردە لەگەڵ ژیانی سوید خۆی ڕێكدەخست و ڕۆژ دوای ڕۆژ دەگەشایەوە، لەگەڵ هەموو كەس میهرەبان بوو.
ساڵی (2001) بەیان دەبوو بە هەژدە ساڵ، ڕۆژی لە دایكبوونی هاوكات بوو لەگەڵ ڕۆژی گیانبەختكردنی كاك فوئاد، لە یۆنان جەژنی لە دایكبوونمان بۆ گێڕا و زۆری پێخۆش بوو، چونكە ئەو تاكە یادگاری د.جەعفەر بوو، كە بۆ من مایەوە و بێ حەد خۆشمدەویست.

شەوبۆ هاوڕێی بەیان گیانی لە دەستدا
هەر ئەو ساڵە شەوبۆی عومەری ئیلخانیزادە، هاوڕێی كەژ و كێو و منداڵی بەیان لە زانكۆیەكی ئینگلیز قبوڵ كرا، بەداخەوە ساڵی (2004) شەوبۆ لە ڕووداوی هاتووچۆ گیانی بەختكرد، كە بۆ بەیان زۆر سەخت بوو، پاشان بەیان پلەی دواناوەندی لە بواری سروشت لە ئۆپسالا دەستپێكرد.

بەیان تووشی خەمۆكی بوو، پێكەنینی نەما، باوك و دایكم مردن
ساڵی (1994) باوكم گەڕایەوە مەریوان و پاش حەوت مانگ كۆچی دوایی كرد، پاش (43) ڕۆژ دایكیشم كۆچی دوایی كرد، ساڵی (2002) بەیان دیبلۆمی وەرگرت زۆر دڵخۆش بوو، لە زستاندا هەندێ ڕەفتاری نامۆی تێدا دەركەوت، كە ئاسایی نەبوون، ئیتر شادی و شۆخی و قاقای پێكەنینی جارانی نەمابوو، ڕەنگ زەرد، بێ دەنگ، ڕەنگ پەڕیوو، بێ تاقەت، كەمتری دەخوارد، خەویشی تێكچووبوو، باش نەدەخەوت، بۆ مەدرەسەش نەدەچوو، دكتۆر وتی؛ خەمۆكی هەیە.
لای عەبەی برام وتبووی: "خەڵك زۆرتر وەكو كچی د.جەعفەر و مەلەكە چاوم لێ دەكەن، نەك وەكو بەیان ".

بەیان، نەخۆش كەوت و ناڕواتە زانكۆ
ساڵی (2002) لە زانكۆی ئۆپسالا لە ڕشتەی كۆمپیوتەر قبوڵ بوو، بەڵام پێی خۆش نەبوو دەرس بخوێنێت، چوو لە ڕێستۆرانێك تا سێی شەو كاری دەكرد، دیتم ناڕواتەوە بۆ زانكۆ، هەر لە ماڵێ دەبێ، ساڵی (2004) ئیتر لە ماڵ نەدەچوە دەرێ، مەرگی شەوبۆ یەكجار كاریگەری خراپی لەسەر بەیان دانا و بەردەوام دەیگوت: "شەوبۆ نامرێ، ڕاست نییە".
لە دوای (2005) ئیتر بەیان زۆربەی وەخت نەخۆش بوو، هێزی هیچی نەبوو، هەر لەناو جێگا دابوو.

بەیان، وەڵامی تەلەفوونەكانی نەدەدامەوە، منی ڕووخاند
بەیان سێهەمین جار لە زانكۆ لە شاری ئیسكیلسكونا دەرچوو، حاڵی باشتر بوو لە (2005) هاتەوە سەردانی كردم، دواتر بەیان وەڵامی تەلەفونەكانی نەدەدامەوە، ناچار خۆم چووم بۆلای كە منی بینی پێی سەیر بوو، پرسی چی ڕوویداوە؟
بەیان حاڵی خراپتر بوو، بەردەوام لەناو جێگادا كەوتبوو، وەزعی نالەباری بەیان، منی بەتەواوی ڕووخاند. لەگەڵ (12) پسپۆڕی دەروونناس قسەم كرد، بەڵكو یارمەتیم بدەن بۆ چارەسەری كچەكەم.
داوام لێكرد، بۆ سەری ساڵ بێتەوە بۆلام، هەر جارەو بیانوویەكی دەوت، خۆم چوومەوە بۆلای، دوو ڕۆژ لای مامەوە ڕازیم كرد بێتەوە لام، هەستم كرد بەیان تەحەموول و تاقەتی منیشی نەماوە، نیگەران بوو لەوەی كەلای بووم، حەزی دەكرد جێی بهێڵم، ئیتر پێی خۆش نەبوو لەگەڵ كەس قسە بكات و پەیوەندی هەبێت.
(2006) بەیان هاتەوە بۆ ئۆپسالا، دواتر من تووشی كارەساتێكی تر هاتم و هەردوو دەستم شكا، مردنی ئارێز تەوەكولی هاوڕێی بەیان، كاریگەری خراپی لەسەر بەیان دانا، زۆر نیگەران بوو.

بەیان زۆر نیگەرانی كردم
مەلەكە ئەم نامەیە دەنووسێ:
"خۆزگە دەمتوانی ئەوكاتە ناخۆشانە بە باشی بخەمە سەر كاغەز. لە بابەت هەر شتێك كە پێموابوو، حەزی پێدەكا، قسەم لەگەڵ دەكرد و زۆرجار پرسیارم لێدەكرد چیت دەوێ و چۆنت پێ باشە باوا بكەین؟ پێم دەگوت ئەگەر ئەم ماڵە، ئەم شارە، ئەم وڵاتەت پێخۆش نییە، بۆ هەر كوێییەك بڵێی بە تەنها خۆت یان پێكەوە دەچین. بە سەدان جار پێم دەگوت هەرچی تۆ پێتخۆشە بە دیدە و بەدڵ ئەنجامی دەدەم، هیچ جوابی نەدەداوە"
(2008) بەیان ببوو بە (25) ساڵ، ئەو ڕۆژە بەیان خۆی جوانكرد و جلی جوانی لەبەركرد...، بەڵام ڕۆژی (12)ی نۆڤمبەری (2008) كە لە كار گەڕامەوە بەیان لە ماڵێ نەمابوو، دواتر هاتەوە ماڵێ.

بەیان ماڵی جێهێشت و چوە سۆسیال لەژێر چاوەدێری پۆلیس
هەستم بە بێ دەسەڵاتی و نائومێدی دەكرد، من چوومە حەمام، كە هاتە دەر كیفەكەی هەڵگرتبوو ڕۆیشتبوو، تەلەفونم بۆ كرد وەڵامی نەدامەوە، تەلەفونم بۆ هاوڕێی و شوێنەكانی كرد، كەس خەبەری لێی نەبوو، پۆلیسم ئاگادار كردەوە، وتیان؛ ڕۆژی (14)ی مانگ سیگناڵی تەلەفونەكەیمان دۆزیوەتەوە و وتیان؛ سەلامەتە، دواتر ئاگادار كرام كە بەیان لە شوێنێكی سۆسیال بەناوی (سیریی) دەژی و ماڵی بەیەكجاری جێهێشتبوو، لەوێ لەژێر چاودێری پۆلیس بەنهێنی دەژی.
پۆلیس وتی: بەیان خۆی گەورەیە و بڕیاری خۆیەتی، بەردەوام زەنگم بۆ بەیان لێ دەدا، وەڵامی نەدامەوە، دواتر پۆلیس ژمارە تەلەفونەكەشیان بۆ گۆڕی بوو، دواتر زانیم لەڕێگای كارتەكەیەوە، شتی كڕی بوو، ئەمەم بۆ خۆش بوو، كە زانیم باشە.

سێ ساڵە هیچ خەبەرێكم لە بەیان نەبوو
ناچار چەند نامەم بۆ سۆسیال نارد، تا پێی بدەن، بەڵام وەڵامی هیچ كام لە نامەكانی نەدامەوە، هیچ هەواڵم لێی نەبوو، دواجار نامەیەكم بۆ نووسی پاش نزیكەی سێ ساڵ لە ونبوونی، تێیدا نووسیبووم:
"بەیان گیان!
ئەمڕۆ 2 ساڵ و 9 مانگ تێپەڕ بوە. هیچ خەبەرێكم لێت نییە. لەگەڵ دوو پارێزەری تر قسەم كردوە، بەڵام هیچیان بۆ نەكردووم، ئەوانیش دەڵێن: "بەیان گەورەیە و بۆ خۆی بڕیار دەدا، نازانم تاكەی ئەم وەزعە درێژەی دەبێت و كەی ئەو ڕۆژە دێت، كە بیرێك لە دایكت بكەیەوە و ئەم تەلیسمە بشكێنی؟ لەم ماوەیەدا دیسان چەند نامەم بۆ ناردووی، هەر هەموویان بێ وەڵامن، ئەمڕۆ دیسان بە فیلم لەگەڵت دەدوێم، نازانم ئەویش چ كاریگەرییەكی دەبێ؟"
دوای ماوەیەك ئاگادار كرام كەیسی بەیان، وەكو گرفتی نامووسی چاوی لێ كراوە، (2010) ڕۆژنامە میترۆ نووسیبووی (12420) كەس لە سوید ئەدرەسی نهێنیان هەیە، بەڵام سوید وتیان خەبەرمان لە بەیان نییە.
بەیان دوای (990) ڕۆژ ونبوونی، سەعات (12:25) دەقیقە تەلەفوونی كرد بەدەنگی بەرز هاوارم كرد، بەیان گیان...؟
وتی: "مە قیژێنە و مەگری قسە بكە"

بەیان وتبووی دایكم ئازاری داوم
دواتر تەلەفونی كردەوە و دەستی كرد بە گریان، لە سەفەرێكدا بۆ ئەڵمان لەتەنیشت (ئافاق) خانم دانیشتبووم بە سوتفە وتی: دەنگ هەڵ مەبڕە. "بەیان" لای منە، وتی: لە (2009)ەوە بەیان لای منە لە دائیرەی سۆسیال، وتی: بەیان وتوویەتی "دایكم ئازاری داوم، نەمتوانیوە بەدڵی خۆم جل لەبەر بكەم، موزیك گوێ لێ بگرم، هاوڕێكانم ببینم و هاوڕێی كوڕم هەبێت".
تا ساڵی (2013) هیچ خەبەرێكم لە بەیان نەبوو، بەهۆی دۆستێكەوە شوێنم پەیداكرد، بەیانیان زوو دەچوومە ئەو شوێنە تا ئێوارە تاكو بێتە دەرەوە بیبینم، كەچی شانسی من هەر نەهات و نەهات.
ڕۆژی (9)ی مەی (2014) هاوكارەكەی بەیان وتی: بەیانم بانگكردوە كە من دایكت دەبینم و خەمی تۆیەتی، بەڵام وتی: هیچی نەوتوە و هەستاوە و ڕۆیشتوە و وەڵامی نەدامەوە...
(2015) حاڵم خراپ بوو كەوتم قاچم شكا، بیستم كە بەیان ڕوویكردۆتە خۆرئاوای كوردستان بۆ بەشداری شۆڕش، بەڵام ڕاست نەبوو، هەر لە سوید بە نهێنی دەژیا.

(8) ساڵ كچەكەم نەبینی خۆی لێ ونكردم
ساڵی (2016) كارتی پیرۆزبایم بۆ نەنارد، دوو شەو پێش (9)ی خەرمانان خەوم پێوە بینی.
ئێوارە بوو كە لە دەرگایاندا، بە قاچی شكاوەوە چووم دەرگام كردەوە و بینیم (پۆلیسە)، هاوارمكرد (8) ساڵە كچەكەم نەبینیوە، ئەمڕۆ ڕۆژی لە دایكبوونیەتی شتێك بوە؟

پۆلیس: لە ڕۆژی لە دایكبوونی وتیان؛ كچەكەت خۆی كوشتوە
یەكێ لە پۆلیسەكان وتی: "بەداخەوە كچەكەتیان بە مردوویی لە ماڵەكەی خۆی دۆزیوەتەوە...".
پاش (8) ساڵ، یەعنی چی بەیان نەماوە؟
ئەمە چیرۆكی تراژیدی ئینسانێكە، گێڕانەوەی بە كتێب، ناتوانێ ئەم خەفەت و ئازارە ناخ هەژێنەی هەست پێ بكەیت، بەڵام ڕەنگە باشی ئەم كتێبە ئەوە بێت؛ سەدان چیرۆكی وا تراژیدی ڕوویانداوە و كەس نەیكردۆتە حیكایەت و چیرۆك وەكو مەلەكە، كە كارێكی گەورەی ئەنجامداوە.
مەلەكە دەبێ لەگەڵ نووسینەوەی ئەم دێڕانە چ فرمێسكێكی ڕژاندبێ؟ چ حەسرەت و سوێ چوبێتە دڵیەوە؟ مەلەكە دەبێ چۆن بژی و بخەوێت؟

پاش (8) ساڵ، بەیانم بە مردوویی بینی
سەرئەنجام دوای (8) ساڵ دووری و ونبوون لێم و خوێن دڵ خۆری ڕۆژی (18)ی خەرمانان لە كاتی ناشتنیدا بۆماوەیەكی كورت بەیانم بە مردوویی بینی، ئاخ!!!
زۆر شتی جوانم بۆ كڕیبوو بیدەمێ، بەڵام پاش چی؟
"...سی و سێ ساڵ ڕەنج و زەحمەتی پێگەیاندنی، چواردە ساڵ هەوڵدانی بێ وچان بۆ چارەسەركردنی دەردە بێ دەرمانەكەی، هەشت ساڵ ونبوون، چاوەڕوانی هەموو ڕۆژە و هەمیشەیی بۆ گەڕانەوەی و سەرئەنجام دۆزینەوەی ئەم تاقانەیە بە مردوویی. بەڕاستی چ دەتوانێ لەوە جەرگبڕتر بێت بۆ منی دایك؟
جارێك بەیان باسی كوڕێكی بۆ كردم كە قسەیانكردوە پێكەوە، بەڵام دواتر لێم نەبینی باسی عیشق و دڵداری خۆی بكات.
نازانم چۆن بەیان توانی (8) ساڵ دووری لە من تەحەموول بكات و نەیەتەوە باوەشی من!؟

* ئەم كتێبە مێژووی بەشێك لە شۆڕشی كوردستان دەگێڕیتەوە، زۆرتر ڕۆڵی نووسەر و خانەوادەكەی لەناو كۆمەڵەدا بەرجەستە كردوە، كتێبەكە لە فۆڕمی ئەدەبی و ڕۆمان، پڕە لە چیرۆك و پاڵەوان، پڕە لە هەقیقەت و تراژیدیا، شایانی خوێندنەوەیە، بەڵام بێ ڕەخنەش نییە، بەتایبەتی بۆ خەڵكانێ كە ناویان هاتوە و زانیارییەكان بەهەڵە دەزانن و بە خۆمیان وت؛ بۆیە وەڵام نادەینەوە، چونكە كاتی نییە و مەلەكە و خانەوادەكەی سەرمایەی كۆمەڵەن و زوو یان درەنگ ئەم ناڕاستیانە ئاشكرا دەبن ڕاستییەكان دەرەكەوێت.