شارپرێس:
نمایشە سەربازییە گەورەکەی چین لە 3ی ئەیلولی 2025 لە گۆڕەپانی تیانمەنی پەکین کە هاوکات بوو لەگەڵ
يادى 80 ساڵەی کۆتاییهاتنی
جەنگی جیهانی دوەم، بوە یەکێک لە ڕوداوە سەربازییە مشتومڕاوییەکانی ئەمساڵ.
نمایشەکە بە چەند هۆکارێک جیاواز بوو لە نمایشەکانی پێشوو،
چەندین پەیامی لە سەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتیشدا نارد.
بۆ یەکەمجار چین بە ئاشکرا موشەکی هایپەرسۆنیک و فڕۆکەی
بێفڕۆکەوانی تارمايى و ژێردەریایی بێسەرنشین و چەکی لەیزەر و موشەکی بالیستی بە چەندین
سەری ئەتۆمی نمایشکرد، کە ئەم چەکانە نیشانی دەدا پەکین ئێستا وەک زلهێزێکی سەربازی
خۆی جێگیر دەکات.
ئامادەبونی ڤلادیمێر پوتن و کیم جۆنگ ئون شانبەشانی شی جینپینگ
نیشانەی بەهێزکردنی هاوپەیمانی وڵاتانی رۆژهەڵات بوو، میدیاکان ئەم وێنانەیان وەک
نیشانەی سەرهەڵدانی میحوەرێکی نوێی دەسەڵات لە دژی نەزمی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتی
ئەمریکا دەبینی.
چین تیشکی خستە سەر ڕۆڵی مێژویی خۆی لەشکستی ژاپۆن لە جەنگی
جیهانی دوەمدا و هەوڵیدا بە پێناسەکردنەوەی ڕابردوو شەرعیەتێکی زیاتر بۆ ڕۆڵی سەرکردایەتی
خۆی لە ئاسیا بەدەستبهێنێت.
شی جینپینگ لە وتارەکەیدا وتی: جیهان لە لێواری هەڵبژاردنی
نێوان ئاشتی و شەڕدایە، ئەم ڕستەیە لە میدیاکاندا وەک پەیامێکی ئاگادارکردنەوە بۆ
ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لێکدرایەوە.
جگە لە پەیامە دەرەکییەکان، نمایشەکە بە ئامانجی بەهێزکردنی
یەکگرتویی نیشتمانیو زیادکردنی متمانەی خەڵک و چەسپاندنی دەسەڵاتی حزبی كۆمۆنیستی
لە ناوخۆدا بەڕێوەچوو، بە تایبەت لە کاتێکدا کە ئابوری چین ڕوبەڕوی ئاستەنگ بوەتەوە.
