دەیلی مێڵ: هەولێر پێنجەمین شاری جیهانە لە ئارامی و ئاسایشدا

کوردستان

25/10/2018‌ 2797 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ماڵپەڕێکی ئەمریکی راپۆرتێکی دەربارەی 50 ئارامترین شارەکانی جیهان بڵاوکردووەتەوە و هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانیشی بە پێنجەمین شاری سەلامەت و ئارام لە جیهاندا ناوبردووە. 

ماڵپەری زە دەیلی میڵی، کە ماڵپەرێکی تایبەتە بە خواردن و کلتور، ڕایگەیاندوە "یەکێک لە گەورەترین نیگەرانییەکان بۆ ئەو کەسانەی بۆ مەبەستی بەسەربردنی کاتێکی خۆش سەردانی شوێنەکانی جیهان دەکەن ئەوەیە، ئەو شوێنەی هەڵیدەبژێرن ئارامی و ئاسایشی تەواوی تێدایە یان نا.".

"دەیلی مێڵ" ئاماژە بەوە دەکات، لەم چەند ساڵەی دواییدا ئەم نیگەرانییە زیادیکردووە و دەبێت گەشتیارانیش ئەو نیگەرانییەیان هەبێت، چونکە تەنانەت دەکرێت شتێکی بچووکی وەک گیرفانبڕین تەواوی گەشتەکەیان لێ تێکبدات. 

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ئەبو زەبی پایتەختی ئیمارات ئارامترین و سەلامەتترین شاری جیهانە و دەوحەی پایتەختی قەتەریش دووەمین شاری ئارامی جیهانە و شاری ئۆساکای ژاپۆنیش لە پلەی سێیەمی ریزبەندییەکەدا هاتووە. 

بە گوێرەی راپۆرتەکە، شاری کیوبیکی کەنەدا چوارەمین شاری ئارامی جیهانە و شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانیش لە پلەی پێنجەمی ئارامترین شارەکانی جیهاندا دێت. 

"دەیلی میڵ" ئەوەشی وتوە "جێی نیگەرانییە کە تێڕوانین و رووماڵی شێوێندراوی میدیا وادەکات ژمارەیەکی زۆر کەس سەرسام بن کاتێک شارێکی عێراق لە ناو لیستی ئارامترینی شارەکانی جیهاندا بێت، بەڵام شاری هەولێر، پایتەختی کوردستانی عێراق لە ناو لیستی پێنج ئارامترینی شارەکانی جیهاندایە". 

هـ ـ ر