هەوڵەكانی پارتی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم‌و پێكهێنانی حكومەت

کوردستان

18/03/2019‌ 3124 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەهۆی درێژەكێشانی دانوستاندنەكانی نێوان پارتی دیموكرات و یەكێتی نیشتمانی بۆ رێككەوتنی كۆتایی لەبارەی پۆستەكان لەكابینەی داهاتوودا، هەنگاوە كردەییەكانی نێو پەرلەمان بۆ ئامادەكردنی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم‌و هەمواركردنەوەی لەگەڵ پرۆسە سیاسییەكەی دەرەوەی پەرلەمان هاوتەریب نییە، ئەگەرچی بڕیارە رۆژی سێشەممەی داهاتوو پارتی و یەكێتی جارێكی دیكە كۆببنەوە، بەڵام بەرپرسانی پارتی دەڵێن خەریكە بەتەواوی لە یەكێتی نائومێدببن "واتێدەگەین ئامانجی یەكێتی هێشتا كاتكوشتنە". ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتیش دەڵێت: لەگەڵ پارتی نەگەیشتوون بە بنبەست.

هەفتەنامەی رووداو لەژمارەی ئەمڕۆ دوو شەممە لەزاری بەرپرسێكی پارتی ئاشكرایكردووە، ئامانجی حیزبەكەی لەزوو تێپەڕاندنی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و راسپاردنی بەربژێرانی حیزبەكە بۆ دەستبەكاربوون لەپۆستەكانی سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەتدا، بۆ ئەوەیە "پێكهێنانی حكومەت لەوە زیاتر دوانەكەوێت". 

ئەو بەرپرسەی پارتی، كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە دەڵێت: هەموو هەوڵێك دەدەن، یەكێتی لە دەرەوەی پێكهێنانی حكومەت نەمێنێتەوە، "بەڵام نابێت یەكێتیش تەنیا بیر لە كاتكوشتن بكاتەوە و پێویستە لەگەڵ ئەو هەموو هەنگاوەی پارتی، ئەویش چەند هەنگاوێك بێتە پێش و رێكبكەوین".

بەپێی زانیارییەكانی چەند سەرچاوەیەكی یەكێتی و پارتی، لە دواهەمین كۆبوونەوەی نێوان مەكتەبی سیاسی ئەو دوو حیزبەدا، یەكێتی مەبەست لە شەراكەتی راستەقینەی بەستووەتەوە بەوەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت، سەرۆكی پەرلەمان، جێگری سەرۆكی هەرێم، وەزارەتی ناوخۆ، شارەوانی، كشتوكاڵ، پەروەردە، گواستنەوە، سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە، بەڵام پارتی رەتیكردووەتەوە جێگری سەرۆكی هەرێم و وەزارەتی ناوخۆ بداتە یەكێتی.

فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی، پێیوایە لەحاڵەتی رازینەبوون بەو خواستانە، دەكرێت "زیادكردنی جێگرێكی دیكە بۆ سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی هەرێم، ئاڵۆزییەكان لەسەر رێگای دانوستاندن لاببات"و پێیوایە پارتی بەو رێككەوتنە بەپەلەیەی لەگەڵ گۆڕان "هەڵەی كرد". ئەوەش دەستی یەكێتی كردووەتەوە بۆ ئەوەی خواستەكانی بەرز بكاتەوە ، "چونكە گۆڕان وەك لایەنی سێیەم ئەوەندەی پۆست بەركەوتبێت، یەكێتی مافی خۆیەتی لە گۆڕان زۆرتر داوا بكات". 

هەرچەندە فەرید ئەسەسەرد، بە ئاماژەدانی ناڕاستەوخۆ بۆ رێككەوتنی نێوان پارتی و گۆڕان دەشڵێ ناكرێ دوای ئەوەی واژۆت خستە سەر رێككەوتن جارێكی دیكەدا بە رێككەوتنەكەدا بچیتەوە، "بەڵام ئێمە وایدەبینین گۆڕان وەك براوەی پێكهێنانی كابینەی نۆیەم دەردەكەوێ، بە كورسی كەمەوە پۆستی زۆری بردووەتەوە".

هەروەها ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، داوایكرد ناوی بڵاونەكرێتەوە، باسی وردەكاریی ناكۆكییەكانیان لەگەڵ پارتی دەكات و دەڵێت :"گفتوگۆكانمان لەگەڵ پارتی هێشتا قووفڵ نەبووە" لەبارەی كێشە گەورەكەیان لەگەڵ پارتی، رەتیدەكاتەوە وەرنەگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بێت "گوتومانە وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ و ئەنجوومەنی ئاسایش، پێكهاتوون لە هێزی پارتی و یەكێتی و دەبێت ئەو دوو هێزە لەو پۆستانەدابن، گۆڕان كە پێشمەرگە و هێزی نییە، بۆچی جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری پێشمەرگەی لابێت".

ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نوێترین داواكاریی خۆیان پێش كۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی پارتی و یەكێتی دەخاتەروو "دەمانەوێ بە خاڵ پۆستەكان دابەشبكرێنەوە، چونكە بە خاڵ هەموو لایەك بەشی خۆی بەردەكەوێت" ئەوە لە كاتێكدایە كە یەكێتی لە سەرەتای پرۆسەكەوە، بە بنەماكردنی خاڵ و دوو جێگر بۆ سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی هەرێمی رەتدەكردەوە.

ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان، رەتیدەكاتەوە رازی ببن بەوەی بۆ رازیكردنی یەكێتی دەستكاریی رێككەوتنەكەیان لەگەڵ پارتی بكرێ :"ئێمە كێشەمان لەگەڵ پۆست نەبوو، بۆیە رازی بووین بەوەی بەو پۆستانەی ئێستا بەشداریی بكەین، بەڵام ویستمان پرۆسەكە پەكی نەكەوێت".

نەسرەدین مەحمود، هەروەها دەڵێت "دەبێت یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەمواربكرێتەوە و پەرلەمان كاری خۆی بكات، ئێستا لیژنە پێوەندیدارەكانی پەرلەمان سەرقاڵی ئامادەكارین، هیوادارین فراكسیۆنی یەكێتی بەشداربن بۆ ئەوەی ئەو یاسایە بەبێ ئەوان نەڕوات و بۆخۆشیان لە رێككەوتننامەكەیان لەگەڵ پارتی كێشەیان لەگەڵ هەمواركردنەوەی یاساكە نەبووە".

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست (رووداو) كەوتووە، دوای پشووی نەورۆز و تاوەكو كۆتایی ئەم مانگە، پەرلەمانی كوردستان رێكارەكانی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم دەستپێدەكات، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە، دواتر تا ناوەڕاستی مانگی داهاتوو، سەرۆكی هەرێم كاندیدی فراكسیۆنی زۆرینەی پەرلەمان رادەسپێرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت، لەماوەیەكدا كە لە (30) رۆژ تێپەڕنەكات.

بژار كۆچەر، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمان لە فراكسیۆنی پارتی دەڵێ پارتی لەبەر رەچاوكردنی دۆخی نێوخۆی هەرێمی كوردستان و یەكێتی، شەش مانگ چاوەڕێی كردووە "بەڵام یەكێتی نەهاتووەتە پێشەوە و واتێدەگەم یەكێتی بەرنامەی وابێت شەش مانگی دیكەش بخایەنێ، من دڵنیانیم لەوەی پارتی بە فەرمی ئەو بڕیارە دەدات یان نا، بەڵام پێموایە هەفتەیەكی دیكەش چاوەڕوانی یەكێتی دەكات، ئەگەر هەر نەیەنە پێش ناچارین یاسای سەرۆكایەتی ئامادە و دواتر هەموار بكەینەوە و نێچیرڤان بارزانی، دەستبەكار ببێ و بەپێی یاسای ژمارە 1 ساڵی 2005 هەموو دەسەڵاتەكانی بۆ دەگەڕێتەوە، دواتر لە دەستووردا هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شێوازی كاركردنی یەكلایی دەكرێتەوە".

بۆ دەستكردن بەو پڕۆسەیە، پەرلەمانی كوردستان پێویستی بە هەمواركردنەوە و هەڵوەشاندنەوەی سێ یاسای تایبەت بە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانە، دەكرێن بەیەك پڕۆژە یاسا سەرۆكایەتی هەرێم كارابكرێتەوە و دەسەڵاتەكانی بۆ بگەڕێتەوە و پاشان یاساكەی هەموار بكرێتەوە، یان بە سێ پڕۆژە یاسا رێكارەكانی كاراكردنەوە و گەڕانەوەی دەسەڵاتەكان و هەمواركردنەوەی یاساكە دەنگی لەسەر بدرێت.

زیاد شەهید جەبار، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان "دەڵێ تاوەكو كۆتایی ئەم مانگە بۆمان هەیە پرۆژەیاساكان پێشكەش بە سەرۆكایەتی پەرلەمان بكەین و ئێمە 19 پرۆژەیاسامان هەیە و لەنێو ئەو پرۆژانەدا یەكێكیان بۆ هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانە. یاساكە لەو یاسا گرنگانەیە كە رەهەندی نیشتمانی هەیە و ناكرێ پارتی بیرلەوە بكاتەوە لایەنێكی سەرەكی نێوپرۆسەی سیاسی پەراوێز بخات، دەبێت هەموو لایەك كۆك بن لەسەر یاساكە".

بەڵام یەكێتی هێشتا بڕیارینەداوە بەشداریی دانیشتنەكانی پەرلەمان بكات، كەواتە چۆن بەشداریی لە ئامادەكردنی یاساكەدا دەكات؟ ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی دەڵێ "كێ دەڵێ تاوەكو ئەوكات بەشداریی ناكەین؟ ئینجا خۆ ئامادەكردنی یاساكە و هەمواركردنی كاتی پێویستە و بە یەك دوو رۆژ ناكرێ".