شارپرێس:
به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى شارپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگاداره‌وه ده‌ستیكه‌وتوه، تاوه‌كو دوشه‌ممه‌ى داهاتوو هیچ كۆبونه‌وه‌و بڕیارێك له‌باره‌ى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم نادرێت‌و دوشه‌ممه‌ش دادگاى فیدراڵى فه‌رمانسالاریه‌ك له‌وباره‌یه‌وه ده‌رده‌كات.
سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار له‌به‌غداوه به‌شارپرێسى وت، "بڕیاروایه دوشه‌ممه‌ى هه‌فته‌ى داهاتوو، دادگاى فیدراڵى كۆببێته‌وه بۆ ده‌ركردنى فه‌رمانسالاریه‌ك له‌باره‌ى موچه‌ى موچه‌خۆرانى هه‌رێمى كوردستانه‌وه".
به‌وته‌ى سه‌رچاوه‌كه، "تا دوشه‌ممه‌ى هه‌فته‌ى داهاتوو، هیچ كۆبونه‌وه‌یه‌ك له‌باره‌ى موچه‌ى موچه‌خۆرانى هه‌رێمه‌وه ناكرێت".
جه‌ختیشیكرده‌وه، "شه‌وى ڕابردوش شاندى هه‌رێمى كوردستان له‌فڕۆكه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تى به‌غداوه به‌ره‌و هه‌رێمى كوردستان گه‌ڕایه‌وه".
سه‌رچاوه‌كه ئاماژه‌ى به‌وه‌دا، "بڕیاربوو ئه‌مڕۆ لیژنه‌كه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق‌و شانده‌كه‌ى هه‌رێم كۆببونایه‌ته‌وه، بۆ پرسى موچه‌و ڕێكه‌وتنى هه‌ولێرو به‌غدا، به‌ڵام كۆبونه‌وه‌كه دواخراو تا دوشه‌ممه‌ى داهاتوو هیچ كۆبونه‌وه‌یه‌ك ناكرێت".