توركیا میلیشیا حكومییەكانی سەراجی لیبی پڕچەك دەكات

جیهان

19/05/2019‌ 724 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
زۆر لایەن بە پاڵپشتیكردنی چەك و كەرەستەی جەنگی، لەسەرووی هەمووشیانەوە توركیاو قەتەر، پشتیوانی حكومەتی ویفاقی لیبی و میلیشیا چەكدارەكانی دەكەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی سوپای لیبیا كە لە هەوڵی ڕزگاركردنی تەڕابلوسی پایتەخت دایە.

میلیشیاكانی تەڕابلوس تەنگیان پێهەڵچنراوە، ئەو هێرشەی حەفتەر بۆ وەرگرتنەوەی پایتەخت دژ بەو میلیشییایانە دەستی داوەتێ، لە ئاستی هەرێمی و نیودەوڵەتیدا وەك پێویستییەك تەماشا دەكرێت بەوەی دەبیت ئەو میلیشیا چەكدارانە لێكهەڵوەشێندرێن كە كار بۆ پەرتپەرتكردنی لیبیا دەكەن.

هاوپەیمانییەكی سەر بە حكومەتەكەی ویفاقیش ڕایگەیاند، ڕۆژی شەممە، بارێك ئۆتۆمبێلی زرێپۆش و چەك و تەقەمەنییان پێگەیشتووە، ئەمەش بۆ وەستاندنی هێرشەكانی سوپای لیبیای نیشتمانی كە گەرەكیەتی دەست بەسەر پایتەختدا بگرێت.

ئەو حكومەتەی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دانیپێدا نراوە(حكومەتی ویفاقی لیبیا) لەسەر واڵی خۆی لە فەیس بوك نووسیوویەتی: "حكومەتی ویفاقی نیشتمانی ڕیزەكانی خۆی بە هێزی تۆپهاوێژ و زریپۆش و چەك و تەقەمەنی جۆری پتەوتر دەكات بۆ بەرگریكردن لە تەرابلوس". 

نووسینگەی ڕاگەیاندنی حكومەتەكەی ویفاقی نیشتمانی، لە میانەی  پڕۆسەی "گڕكانی توڕەیی" كە خۆیان وایان ناوناوە، وێنەی دەیەها زرێپۆشیان بڵاوكردونەوە كە لەسەر یەكێك لە شۆستەكانی شوێنی لەنگەرگرتنی كەشتییەكان تەڕابلوس وەستاون. 

وێنە و تۆماری دەنگی وێنەگیراویش كە هاوپەیمانێتییەكە بڵاویكردوونەوە، ئەوەیان نیشانداوە كە دەیەها ئۆتۆمبێلی زریپۆش لە جۆری (بی ئیم سی كیربی) دروستكراوی توركیا لە بەندەری تەڕابلوس دەبەزیوون.

تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش وێنەی چەند ئامرازێكی سەربازییان گرتووە كە لەسەر پشتی كەشتی ئەمازۆن وێنەگیراون كە دادەبەزێندرێن.

بە گوێرەی پێگەی ئەلەكترۆنی "فیسیلیفایندەر"، باری ئەو كەشتییە كە ئاڵای مۆڵداڤیای هەڵداوە،  لە شوێنی لەنگەرگرتنی كەشتیەكانی سامسۆنی باكوری توركیاوە هاتووە.

توركیا بە ناردنی چەك و تەقەمەنی و كەرەستەی سەربازی، ئاگری شەڕی لیبیا خۆش دەكات، ئەمەش لە سایەی بێدەنگییەكی نێودەوڵەتی بەرامبەر بەو دەستتێوەردانە نەرێنیانەی توركیا لە ناردنی چەك و تەقەمەنی و داڵدەدانی توندڕەووەكان.

لە ڕاپەرینی ساڵی 2011 وە كە ڕژێمەی قەزافی كۆتایی پێهێنا، لە هەر لایەنێك قەدەغەكراوە چەك و تەقەمەنی بباتە ناو خاكی لیبیاوە.

قسەكەری حكومەتەكەی ویفاقی نیشتمانی لیبیا ئەم مانگە ووتی كە لەگەڵ توركیا لە پەیوەندیدان بۆ دەستخستنی ((هەر شتێك پێویست بێت بۆ وەستاندنی هێرشی سوپای لیبیای نیشتمانی)) بە پشتیوانی سەربازی و مەدەنیشەوە.

سەرچاوە: عەرەب
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر