سەرنوسەرى رۆژنامەى هاوڵاتى سکاڵا لەسەر شاسوار عەبدولواحید تۆمار ده‌كات

کوردستان

21/05/2019‌ 2442 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
تاریق فاتیح، سەرنوسەرى رۆژنامەى هاوڵاتى لە دادگا سکاڵاى یاسایی لەسەر شاسوار عەبدولواحید، سه‌رۆكی جولانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ تۆمارکرد.

تاریق فاتیح، سەرنوسەرى رۆژنامەى هاوڵاتى له‌باره‌ی تۆماركردنی سكاڵاكه‌وه‌ به‌ شارپرێس-ی وت، "پیشتر گومانم هەبوو کە ئەو پەیجانەى هێرش دەکەنە سەر رۆژنامەنوسان و دەزگا میدیاییەکان خاوەندارێتى هى شاسوار بێت، بەڵام دواى بڵاوکردنەوەى دانپێدانانى کەسە نزیکەکانى شاسوار گومانم نەما بۆیە سکاڵام لە دژى تۆمار کرد".
"ئەو پرسە هیچ پەیوەندى بەئازادى رادەربرین و کارى رۆژنامەونى نییە"

  راشیگه‌یاند، "ئەو پرسە هیچ پەیوەندى بەئازادى رادەربرین و کارى رۆژنامەونى نییە، چونکە هیرشەکان بۆ ناوزڕاندن و ناشرینکردن بوون، بێ بەڵگە لەو پەیجانەوە هێرشى ناڕەوا کراوەتە سەرمان".

شاسوار عه‌بدولواحید، سه‌رۆكی جولانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ 15ی ئه‌م مانگه‌، چووه‌ به‌رده‌م دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ بۆ وه‌رگرتنی وته‌كانی له‌باره‌ی ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی ئاڕاسته‌ی كراون، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی پپێش فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی بۆ ده‌ركرابوو.
"دوو سکاڵامان له‌سه‌ر شاسوار عه‌بدولواحید تۆمار کردووە"

  تاریق فاتیح، سه‌رنوسه‌ری رۆژنامه‌ی هاوڵاتی رونیكرده‌وه‌، "دوو سکاڵامان له‌سه‌ر شاسوار عه‌بدولواحید تۆمار کردووە، یه‌كه‌میان بەناوی خۆم و دووه‌میان به‌ناوی رۆژنامەی هاوڵاتییه‌وه‌".

10ی ئەم مانگە، دەزگای ئاسایشی هەرێم دانپێدانانی پێنج دەستگیرکراوی نەوەی نوێی بڵاوکردەوە، كە لەسەر سکاڵای شادی نەوزاد، ئەندامی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان دەستگیركرابون.
پێنج کەس دەستگیرکراون کە لە ژوری بەڕێوەبەردنی پەیجی فەرمی و نا فەرمی نەوەی نوێ کاردەکەن

 

  ئەو گەنجانەی کە لە گرتە ڤیدیۆکە ئاسایشدا دەرکەوتن رایانگەیاند، لە ژوری بەڕێوەبەردنی پەیجی فەرمی و نا فەرمی نەوەی نوێ کاردەکەن، کە راستەوخۆ لەلایەن شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەکەوە بەڕێوەدەبرێت. 

دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و دانپێدانانه‌ چەند كەسایەتییەكی سیاسی‌و رۆژنبیرو رۆژنامەنووس، دەستیان بەتۆماركردنی سكاڵا لەسەر شاسوار عەبدولواحید كرد، دوای ئەوەی بۆیان یەكلابووەتەوە، كە ئەو هێرشانەی لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كراوەتە سەریان، ئەو پەیجانەن، كە خاوەندارییان بۆ شاسوار عەبدولواحید دەگەڕێتەوە و بەدانپیانانی گیراوەكانیش ئەو كارە بە فەرمان و ئاگاداری ئەو ئەنجامدراون.
ئەو كەسانەی دەستگیركراون‌و دانیان بەهەندێك شت ناوە لەسەر شاسوار عەبدولواحید

 

  ئەو كەسانەی دەستگیركراون‌و دانیان بەهەندێك شت ناوە لەسەر شاسوار عەبدولواحید، زۆربەی بەڵگەكانیش وەك بەڵگەی تاوانەكەیان پێکراوە، كە بەوتەی ئەوان، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بەمەبەستی تایبەت‌و بۆ كاری خۆی ئاراستەی كردوون.

ژمارەی ئەو پەیجانەی تا ئێستا لەزاری ئەدمینی پەیجەكانەوە ئاشكراكراون، ژمارەیان زیاتر لە بیست پەیجە، ئەو پەیجانە لەشێوەیەكی نهێنی‌و بەجیا لەپەیجە فەرمییەكانی نەوەی نوێ بەرێوەبراون‌و بەكارتی بانكی شاسوار عەبدولواحید لەرێگەی سكرتێرەكەیەوە سپۆنسەر كراون.
سەرەتای ئاشكرابوونی ئەو پەیجانە بەهۆی سكالاكەی شادی نەوزادەوە دەستگیر كرابوون

 

 سەرەتای ئاشكرابوونی ئەو پەیجانە بەهۆی دانانی ئەو كەسانەوە بووە، كە بەهۆی سكالاكەی شادی نەوزادەوە دەستگیر كرابوون، ئەوان پەراوی تایبەتیان بۆ كراوەتەوە و وەك بابەتێكی جیا لەهەڕەشەی سەر پەرلەمانتارەكان مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت، ئەمەش بەهۆی ئەوەی لەو پەیجانەوە بەمەبەستی ناوزراندن و هێرشی زۆر كراوەتە سەر كەسایەتی و سەركردە و ئەندامانی لایەنەكانی تریش. 
ئەو پەیجانە تائێستا خاوەندارێتیان دیار نەبووە، بەڵام ئێستا تارادەیەكی زۆر بەڵگە دەستكەوتووە، كە بەشێوەیەكی نهێنی لەلایەن كەسە نزیكەكانی شاسوارەوە بەرێوەبراون

 

 پێشتر سەرچاوەكەی شارپرێس لەو بارەوە ئاشكرایكردبوو، كە ئەو پەیجانە تائێستا خاوەندارێتیان دیار نەبووە، بەڵام ئێستا تارادەیەكی زۆر بەڵگە دەستكەوتووە، كە بەشێوەیەكی نهێنی لەلایەن كەسە نزیكەكانی شاسوارەوە بەرێوەبراون، و لەلایەن دادوەرەوە بریاری گرتن بۆ ئەدمینەكان دەكراوەو هەندێكیشیان تا ئێستا نەگیراون.

پەیجەكان بەسێ ژوور بەرێوەبراون، ژووری یەكەم بۆپەیجە فەرمییەكان بووە لەجوڵانەوەی نەوەی نوێ‌، ژووری دووەم بۆ ئەو پەیجانە بووە، كە تارادەیەك شتی ئاسایی و كۆمەڵایەتی تێدا بڵاوكراوەتەوە، بەڵام ژووری سێهەم تایبەت بووە بەو پەیجانە، كە لەوێوە هێرش كراوەتە سەر خەڵك، بریاری ئەو هێرش و پەلامارانەش وەك ئەدمینە دەستگیراوەكان دانیان پێداناوە، لەلایەن سەروی خۆیانەوە بووە، بۆیە ئەندامانی ئەو ژوورانە ئەوەیان لێقەدەغەكراوە، كە چاودێری ئێشی یەكتری بكەن، بەتایبەتی ژووری سێیەم زۆربەی كاتەكان لەكۆشكەكەی سەرۆكی نەوەی نوێ كۆبوونەوەو كارەكانیان ئەنجامداوە.
ه.م