ته‌رمى به‌رپرسێكى باڵاى حه‌ماس له‌قه‌ته‌ر دۆزرایه‌وه‌

جیهان

11/09/2025‌ 7424 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی ناوخۆی قەتەر ناسنامەی سێیەم کەسی کوژراوی لەهێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر سەرکردەکانی حەماس لەدەوحە پشتڕاستکردەوە، وەزارەتەکە ڕایگەیاندوە، تەرمەکە هی "جیهاد ریاح حەسەن لبد"ە، بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆکی دانوستانەکانی حەماس لەقەتەرو ئاماژەی بەوەکردوە، پاشماوەی مرۆڤ لەشوێنی جۆراوجۆر لە شوێنی هێرشەکەی ئیسرائیل دۆزراوەتەوە.


ڕونیشیکردەوە، تیمێکی تایبەتمەند کاردەکەن بۆ دەستنیشانکردنی قوربانییەکان، هەروەها هەوڵەکان بەردەوامن بۆ دەستنیشانکردنی دوو کەسی ونبوو.

ڕۆژی سێشەممەى ڕابردوو، وەزارەتی ناوخۆی قەتەر بەدواداچونێکی بۆ دوایین پێشهاتەکانی هێرشەکەی ئەمدواییەی ئیسرائیل بڵاوکردەوەو کوژرانی "موئمین جەواد حەسونە"، ئەندامی بزوتنەوەی حەماس، لەئەنجامی ئەم هێرشە پشتڕاستکردەوە.

وەزارەتی ناوخۆ جه‌ختیكرده‌وه‌، هێشتا لێکۆڵینەوە مەیدانییەکان بەردەوامن بۆ دەستنیشانکردنی ئەوکەسانەی کە ماون، بەبەکارهێنانی تەکنەلۆژیای ناسینەوەی قوربانیانی کارەسات (DVI) لەڕێگەی بەشە پەیوەندیدارەکانەوە.

وەزارەتی ناوخۆ پێشتر کوژرانی ئەندامێکی هێزی ئاسایشی ناوخۆ (لەخوییە)ی لەئەنجامی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحە ڕاگەیاندبوو.

وەزارەتەکە لەڕاگەیەندراوێکدا ڕونیکردەوە، ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لەکاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانی لەشوێنی ئامانج گیانی لەدەستداوە، ئەمە جگەلەوەی ژمارەیەک برینداریش لەنێو کارمەندانی ئەمنیدا هەیە.