توركیا گەورەترین پاڵپشتی ئیخوان موسلمینە لەجیهاندا

جیهان

02/06/2019‌ 1313 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بایەخدانی لۆرینزو فیدینۆ بە ئیسلامی سیاسی لە میلانۆ دەستیپێكرد، ئەو كاتەی لە شەقامەكانی ئەو شارە یاری تۆپی پێی دەكرد، هەر ئەو كات، موسوڵمانانی‌ ئەو شارەی بینین كە بۆ جیهاد ڕوویان دەكردە بۆسنە.

10 ساڵ لەمەوپێش فیدینۆ كارەكەی گواستەوە بۆ واشنتۆن، بۆ خوێندن لە زانكۆی جۆرج واشنتۆن و قسەكردن لەگەڵ زانكۆ و دامەزراوە میدیایی و دامەزراوە فیدڕالییەكان، بەو هیوای بۆچوونەكانی سەبارەت بەو‌ جوڵانەوە ئیسلامییە پێشەنگەی جیهان وەرگرن و پیادەی بكەن كە ئیخوان موسلمینە. فیدینۆ بۆ سەرۆكایەتی سەنتەری زانكۆی جۆرج واشنتۆن بۆ پرۆگررامە ئەمنییە ئەلەكترۆنییەكان ناوخۆییەكانی پەیوەست بە توندڕەووی هەڵبژێردرا كە لە یۆنیۆی 2015 دەستیپێكرد و هێشتاش هەر ئەو بەڕێوەبەری پرۆگرامەكەیە.

لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (ئەحوال توركیا)) لە یەكێك لە قاوەخانەكانی واشنتۆنی پایتەخت، فیدینو وتی كە فەرمانڕەوا ئیسلامییەكانی پارتی داد و گەشەپێدانی توركیا پەیوەستن بە ئیخوان موسولمینەوە. ووتیشی ئیخوانەكان كۆمەڵیكی نێودەوڵەتین، ستراتیژ و تەكتیكاتیان لە وولاتێك بۆ ووڵاتێكی دیكە لێكجیاوازە، سەرباری ئەوەی لقە نیشتمانییەكانی ئیخوان لە زۆر كاتدا لە پەیوەندیدان لەگەڵ یەكتریدا.

پەیوەندی ئەردۆغان بە ئیخوانەوە دەگەڕێتەوە بۆ حەفتاكانی سەدەی ڕابردوو، ئەو كاتەی متمانەدارترین قوتابی سیاسی نەجمەدین ئەربەكان بوو، كە باوكی رۆحی ئیسلامی سیاسییە لە توركیا. هەر بە گوێرەی قسەكان فیدینۆ، لەو كاتەدا، لقەكانی ئیخوانی كەنداو ،یارمەتیدەر و هاوكاری ئەربەكان و ئیسلامییەكانی توركیا بوون كە لە لایەن دامەزراوە عەلمانییەكانی توركیا سەركوت دەكران.

فیدینۆ بەردەوام بوو ((ڕەگی میژوویان هەمان ڕەگی ئیخوانە، ئەمە جگە لەوەی نزیكبوونەوەیەكی ئایدۆلۆجیشیان هەیە لە لێكدانەوەی سیاسی و ئاینی، لە كۆتایشدا، بەرژەوەندی خودی و هەلپەرستی سیاسی)).

دوای ماوەیەكی كەم لە دامەزراندنی پارتی داد و گەشەپێدان لە ساڵی 2001، كۆمەڵەی ئیخوانەكان لە هەموو جیهاندا پێگەیەكی پێشەنگیان بەو پارتە و ئەردۆغان بەخشی، ئەمەش بە هۆی سەركەوتنەكانیان، ئەوان لەو ساڵەوە هیچ هەڵبژاردنێكیان نەدۆڕاندووە.

فیدینۆ وتیشی: ((ئەگەر ئاماژە بە خێزانی ئیخوانەكان بدەین كە لە سەرتاسەری جیهاندا هەن، ئەوا ئیخوانەكانی توركیا (گروپی ئەردۆگان) تاكە كۆمەڵەن لە ووڵاتی خۆیاندا فەرمانڕەوان... ئەوانە دەوڵەتێكی گەورە بەرێوەدەبەن و یارمەتی خزمەكانیشیان دەكەن، ئەوان ڕۆڵی مامی گەورە دەگێرن كە هەموو برازاكان به گەورەیی لێی دەڕوان و چاویان لە ڕەزامەندی ئەوە)).

كاتێك ئەربەكان لە ساڵی 2011 كۆچی دوایی كرد، زۆرینەی سەركردەكانی ئیخوان لە جیهاندا، بەشداری ڕێوڕەسمی ناشتنی بوون لە ئەستەمبوڵ، لەو كاتە كە بەهاری عەرەبی لە تەشەنەسەندندا بوو، پاڵپشتی توركیا بۆ ئیسلامییەكان زیادی كرد.

فیدینۆ وتی: (( پشتیوانی پارتی داد و گەشەپێدان بۆ جوڵانەوە ئیخوانییەكان لە دەرەوەی توركیا لە نێوان ساڵی 2010  بۆ 2011 گۆرانی بەسەردا هات، ئەنقەرە لە كۆششی ئەوەدا بوو ئەو ڕیكخراوانە پارەدار بكات كە پەیوەستن بە ئیخوانەوە و ئایدۆلۆجییەكەیان هاوشێوەی ئیخوانەكانە)).

لەوساوەش محەمەد مورسی ‌سەر بە ئیخوانەكان لە سالی 2013 لە سەرۆكایەتی میسر لادرا، ئەردۆغان وویستی پەناگەیەكی ئارام بۆ ئیخوانەكانی میسر مسۆگەر بكات. ئەو كۆشانەی پارتەكەی ئەردۆغان زیادیان كرد لەو ساوەی دەوڵەتانی هاوسێی قەتەر لە یۆنیۆی 2017 دا، سزایان بەسەر دەوحەدا سەپاند و بایەكۆتیان كرد، ئەمەش بە هۆی ئەوەوە بوو كە دەوحە پشتیوانی ئیخوانەكان بوو.

ئێستا دەیەها سەركردەی ئیخوان لە تاراوگە لە توركیا دەژین كە لە كاریگەرترین كەسایەتییەكانی ئەو جوڵانەوەیەن، سەركردەكانی ئیخوان و خێزانەكانیان لەژێر باڵی ئەردۆغاندا بە ئارامی و تێروتەسە‌لی دەژین.

فیدینۆ دەڵێت: (( توركیا شوێنە گونجاوەكە و پەناگە ئارامەكەیە بۆ ئیخوانەكان.. لە قەتەر‌ ئەمین و ئامانترە)).

لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ گۆڤاری فۆڕین پۆلیسی لە سەرەتاكانی مایۆدا، فیدینۆ وەسفی كۆششی ئەردۆغان دەكات بۆ بەرفراوانكردنی هەژموونی ئیخوان موسلمین، بە تایبەتیش لە ڕۆژئاوا و دەڵێت: ((ئەمڕۆ توركیا گەوەرترین پاڵپشتی ئیخوانەكانە لە ئەوروپا، ئەو پشتیوانییەی پێشكەشی دەكات گەوەرترە لە پشتیوانی قەتەر، هاوكاری و یارمەتییەكان لە كۆمەڵەی پیشەسازان و بزنسمانە سەربەخۆ توركە كۆنەپارێزەكان و هێڵی ئاسمانی توركی و دامەزراوەی دیكەی نزیك لە پارتی داد و گەشەپێدانەوە دێن.

فیدینۆ پێی وایە پەیوەندییەكی بەتین هەیە لە نێوان پارتی داد و گەشەپێدان و دامەزراوە ئیخوانییەكانی وویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ئاماژە بەوشە دەكات كە بەرپرسانی پارتی داد و گەشەپێدان لە چالاكییەكانی ئەنجومەنی پەیوەندی ئەمریكی – ئیسلامیدا (كیر) بەشدارن كە پەیوەستە بە ئیخوان موسلمینەوە. 

فیدینۆ دەڵێت ناوە توركییەكان بە شێوەیەكی بەرچاو لە ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی ڕێكخراوە ناحكومییەكانی پەیوەست بە ئیخوان موسلمین دەردەكەون، هەژموونی موسوڵمانە توركەكان لە وویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە زیادبووندایە.

بە هۆی تكانی ئابڕوومەندی  ئەردۆغان لەمەڕ پرسەكانی مافەكانی مرۆڤ – ئەم هەفتەیە ڕاپۆرتێك لە لایەن كۆمیسیۆنی ئەوروپییەوە لەو بارەوە بڵاوكراوەتەوە - هەندێك لە لقەكانی ئیخوان لە ئەمریكا لە زیادبوونی هەژموونی پارتی داد  گەشەپێدان ڕازی نین.

لە سایەی فەرمانڕەوایی پارتی داد و گەشەپێداندا، مزگەوتە توركییەكان لە دەرەوە بوونە شوێنی بانگەشەكردن و ڕیكلام، چونكە ئەو ووتاربێژانەی توركیا پێشتر ڕاهێنانی پێكردوون و وا ناسرابوون كە بێلایەنن و دوورن لە جوڵانەوە سیاسییەكان، لەگەڵ پارتی داد و گەشەپێدان و كۆمەڵە ئیسلامییەكانی دیكەدا تێكەڵ بوون، وەك میلی غۆرۆش كە ئەربەكان دایمەزراند.

فیدینۆ دەڵێت لە ساڵی 2010  و لە زۆر شوێندا، بەڕێوەبەرایەتی كاروباری ئاینی توركی، ئەركی بەرپرسیارێتی ئیسلامی وەئەستۆ گرتووە. ئەو بەڕێوەبەرایەتییە تۆمەتی سیخوڕیكردنی دراوەتەپاڵ، هەر وەك لە ئەڵمانیا ساڵی پار بەوە تۆمەتبار كرا.

باشترین ڕێگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیخوان موسلمین ئەوەیە لەو جولانەوەیە تێبگەیت و پەی بەوەش بەریت چی دەوێت و جەماوەریش هۆشیار بكەیتەوە لەمەر ئەو پرسە. بۆیە هەوڵەكانی ئیدارەی تڕەمپ لەوەی ئیخوان موسلمین بخاتە لیستی تیرۆرەوە ، هەنگاوێكی ئەرێنییە، فیدینۆ دەڵێت زۆر پێویستە دووبارە لق و بەشەكانی ئیخوان لە سەرتاسەری جیهاندا هەڵسەنگاندنیان بۆ بكرێتەوە و لەسەر ئاستی تاكیش هەڵسەنگاندنی بۆ بكەین، چونكە زۆر ئەجێندا و پەیكەری جۆراوجۆریان هەن.

فیدینۆ وتیشی هەندێك لە گروپەكانی پەیوەست بە ئیخوان موسلمینەوە لە سوریا و یەمەن و لیبیا و میسر لەوانەیە تیرۆرستبن، هەندێكی كەشیان هەن وانین، ئێمە لە ساڵی 1955 دا ناژین، ئێستا یەك گروپی ئیخوان موسلمین نین... بەڵكوچەندەها ئیخوان موسلمین هەن.

لە ساڵی 2016 لە نیویۆڕك كۆبوونەوەیەك سازكرا، ئەمانە لەگەڵ ئەردۆغاندا كۆبوونەوە: هیلال دەمیری بەڕێوەبەری جێبەجێكاری دامەزراوەی زەكات، مازن موختاری بەڕێوەبەری جیبەجێكاری كۆمەڵەی ئەمریكی ئیسلامی، بكتاش ئیلیتون باشاج - ی زانای ئاینی و سەركردەی ڕوحی ئەلبنانی، محەمەد ماجد بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمەڵەی ئیسلامی لە ناوچەی ئۆل دوڵز، موعتەسەم عەتیە لە پەیمانگای شارەكە، یاسر جولاك لە سەرۆكی سەنتەری ئاینەكان لە ئەمریكا، ئەحمەد شحاتە لە ڕێكخراوی میسری ئەمریكی بۆ دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ، نهاد عەوەز بەڕێوەبەری ئەنجومەنی پەیوەندییەكانی ئەمریكییەكان، ئوسامە جەمالی ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی ئەمریكی بۆ رێكخراوە ئیسلامییەكان، خەلیل اریك میك – ی بەرێوەبەری جێبەجێكاری سندوقی یاسای ئیسلامی لە ئەمریكا، میر مەعصوم عەلی لە كۆمەڵەی برۆكلینی بەنگلادیشی، زاهد بوخاری لە بازنەی ئیسلامی ئەمریكای باكور، سەید موقتەدری سەرۆكی سەنتەری ئەدمز، سەید سەیدی بەرێوەبەری نیشتمانی كۆمەلەی ئیسلامی ئەمریكای باكور،  بەرهان تۆرانی سەرۆكی دامەزراوەی تۆركین، خالید لمازەی سەرۆكی دامەزراوەی فریاكەوتنی ئیسلامی، ئەیمەن حومس و لانا سەفح لە كۆمەلەی ئەمركیی ئیسلامی.... ئەمانە و چەندها كەسی دیكە .... لەو كۆبوونەوەیە بەشدار بوون. 

سەرچاوە:  ئەحوال توركیا
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر