ئالاسكا بەرزترین پلەی گەرمی لەمێژووی خۆیدا تۆماردەكات

هەمەڕەنگ

20/08/2019‌ 638 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شارەزایانی بواری كەشوهەوا لەئەمەریكا دەڵێن: ناوچەی ئالاسكا گەرمترین مانگی لەمێژووی خۆیدا بەخۆوە بینیوە.

بەگوێرەی كەناڵی "حوررە"ی ئەمەریكی، ئیدارەی نیشتمانی بۆ زەریاكان و بەرگەهەوای زەوی لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە، تێكرای پلەی گەرما لە مانگی تەمموز لەئالاسكا زیاتر لە ٣٠ پلەی سەدی بووە، بەوەش ٠،٤ پلەی سەدی لەبەرزترین پلەی گەرمی ساڵی ٢٠٠٤ زیاتر بووە.

برایان بریچنایدەر لەناوەندی نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوەكانی جەمسەری باكووری سەر بەزانكۆی ئالاسكا فیربانكس لەلێدوانیكی رۆژنامەوانیدا دەڵێت: لەماوەی چەند دەیەی رابردوودا پلەكانی گەرمای ئالاسكا زیادیكردووە.

هەروەها دەڵێت: بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی كەشوهەوا، كەشێكی نائاسایی لەئالاسكا دروست بووە.

لەگەڵ توانەوەی سەهۆڵی دەریایی لە باكووری ئالاسكا و ئەو وشكەساڵییەی باشووی ویلایەتەكەی گرتووەتەوە، بەئاسانی هەست بەكاریگەرییەكانی ئەو مانگە گەرمە لەهەموو ویلایەتەكە دەكرێت.

لەهەمان چوارچێوەیەدا، زاناكانی بواری كەشناسی دەڵێن: لەژێر سایەی بەرزبوونەوەی بەردەوامی پلەكانی گەرما، ئەگەری زۆرە ئەو جۆرە كەشوهەوا نائاساییە زیاتر بەربڵاوببێت.

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی