نهێنی پارێزەكەی دۆناڵد ترامپ دەست لەكاردەكێشێتەوە

عیراق

31/08/2019‌ 1192 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: میدیاكان
ئامادەكردن‌و وەرگێڕان: لوقمان حاجی قادر


شەرقلئەوسەت بڵاویكردەوە
"مادلین ویستەر هۆت" ی یاریدەدەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا، كە بە ڕازگری نهێنییەكانی دۆناڵد ترامپ ناو دەبرێت، دەستی لەكارەكەی كێشایەوە، ئەمەش‌ دوای ئەوەی چەند زانیارییەكی نهێنی ترامپی بۆ ڕۆژنامەنووسان ئاشكراكرد.

ڕۆژنامەی نیویۆڕك تایمز لە سەرچاوەیەك، كە ناوی نەبردووە، ئەوەی ئاشكراكردووە ترامپ ئەوەی زانیوە یاریدەدەرە تایبەتەكەی باسی لە نهێنییە تایبەتییەكانی خێزانەكەی و چەند نهێنییەكی كۆشكی سپی كردووە.

هەروەها كەناڵی "بی بی سی"یش بڵاویكردەوە، كە ویستەر هۆت بە ڕوونی بەڕۆژنامەنووسانی نەوتووە، كە ئەوەی دەیڵێت بۆ بڵاوكردنەوە نییە، بۆیە ئەوەی وتوویەتی لە لایەن ڕۆژنامەنووسێكەوە گەیەنراوەتە كۆشكی سپی.

ئەو كەناڵە بڵاویشیكردەوە، كە پەیوەندییەكانی ترامپ و یاریدەدەرە تایبەتەكەی پتەو بوون، ئاشكراكردنی نهێنییە تایبەتەكانی خێزانەكەی ترامپیش هێڵی سوورە و جێی لێخۆشبوون نییە.

میدیاكان "ویستەر هۆت" یان بەڕازگری نهێنییەكانی ترامپ لە قەڵەمداوە، هەر لە سەرەتای ماوەی سەرۆكایەتی ترامپەوە ئەو پۆستەی وەرگرتووە. 

هەر بە گوێرەی ڕۆژنامەی "نیویۆڕك تایمز" ، ویستەر هۆستن جارێكی دیكە ناتوانێت بچێتەوە ناو كۆشكی سپی.

ئەحوال توركیا بڵاویكردەوە 
دیڤید ساترفیڵد وەك باڵویزی تازەی ئەمریكا لە توركیا دەستبەكاربوو، بەڵگەنامەی دەستبەكاربوونیشی ڕادەستی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توریكا كردووە، ئەمەش دوای دوو ساڵ دێت لە كۆتاییهاتنی ئەركی باڵوێزەكەی پێشووی ئەمریكا لە توركیا.

باڵوێزە تازەكە، كە دبلۆماتێكی شارەزایە، پێشتر زۆر پۆستی گرنگی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرتوونەدەست وەك بەڕێوەبردنی نووسینگەی كاروباری عەرەبی ئیسڕائیلی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە ساڵانی نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوو، هەروەها باڵوێزی ئەمریكا بووە لە عێراق لەو ماوەیەی ئەمریكا عێراقی داگیركرد.

لە سایەی بارگرژی پەیوەندییەكانی نێوان ئەنقەرە و واشنتۆندا، ئەركەكانی باڵوێزە تازەكە ئاسان نین و سەخت و دژوارن.

دوای ئەوەی واشنتۆن لە ساڵی 2017  ڤیزای چوونەناوەی لە توركیاوە بۆ وڵاتەكەی هەڵوەشاندەوە، ئەردۆغان ڕایگەیاند، كە دان بەباڵوێزەكەی پێشوو "جۆن ڕ. باس" دا نانێت.

گرفتەكانی نێوان هەردوولا كاتێك سەریانهەڵدا، كە دەسەڵاتدارانی توركیا "مەتین تۆبۆز"  كارمەندی كونسوڵگەری ئەمریكایان بە تۆمەتی تیرۆر و بەشداری لە هەڵگەڕانەوە شكستخواردووەكەی ساڵی 2016  لە توركیا دەستگیر كرد، لەو ساوە پۆستی باڵوێزەكەی ئەمریكا بەتاڵ بوو. 

پرسی مامەڵەی موشەكی ئێس 400 ی ڕوسی و ناوچە ئارام لە سوریا، لە گەورەترین ئەو پرسانەن، كە ڕووبەڕووی باڵوێزە تازەكە دەبنەوە. 

ئەردۆغان ئاماژەی بەوەش كردووە، كە كەلوپەلی سەربازی دیكەی ڕوسیا بكڕێت و ئەمەش گرفتێكی دیكەی بەردەم باڵوێزە تازەكەیە.

مەركەز بەیت ئەلعڕاق بڵاویكردەوە
مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانی عێراق، لە میانەی چاوپێكەوتنی لەگەڵ یاسین تاهیر یاسری وەزیری ناوخۆی عێراق، ئەوەی دووپاتكردەوە، كە عێراق لە باكورەوە بۆ باشوور یەك ووڵاته.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە، یاسری سڵاو ڕێزی سەرۆك وەزیرانی عێراقی بە حكومەت و گەلی هەرێمی كوردستان گەیاندووە و هیوای ئاسایش و سەقامگیری بۆ خواستوون.

هەروەها رایگەیاندووە، ئەو سەردانەی ئامانجی فراوانكردنی پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان هەرێم و بەغدایە و هۆكارێكە بۆ لابردنی بەربەستەكان.

لای خۆیشییەوە سەرۆك وەزیری هەرێمی كوردستان، شاندەكەی وەزارەتی ناوخۆی بەغدای بە گەرمی بەخێرهێنا و پەرۆشی خۆشی دووپاتكردەوە، كە ئاسانكاری پێویست بۆ سەرجەم هاووڵاتییانی عێراق بكرێت.

مەسرور بارزانی وتیشی: عێراق لە باكوورەوە بۆ باشوور یەك وڵاتە و هەمووشیان پەیوەستن بە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و خۆشگوزورانی ووڵاتەكە.

بەیاننامەكەی وەزراتی ناوخۆی عێراق ئەوەشی ڕاگەیاند، كە مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەوە ڕازی بووە مزەی (رسوم) 10 هەزار دینار هەڵوەشێنێتەوە كە جاران لە بەرامبەر هاتنەناوەوەی هەركەسێك بۆ ناو هەرێم وەردەگیرا.

سكای نیوز عەرەبییە بڵاویكردەوە
بەگوێرەی هەواڵێكی ڕۆژنامەی "نیویۆڕك تایمزی" ئەمریكی، دادوەرێكی سەربازی ئەمریكی ساڵی 2021 ی دیاریكرد بۆ پڕۆسەی دادگاییكردنی خالید شێخ محەمەد، كە تۆمەتبارە بەوەی ئەقڵە تەگبیرسازەكەی هێرشە تیرۆرستییە‌كەی 11 ی سێبتێمبەری ساڵ 2001 .

عەقید شۆن كۆهین لە هێزەكانی ئاسمانی ئەمریكا وتی: دادگاییكردنەكە لە 11 ی یەنایەری 2021 لە "سەربازگەی دادپەروەری" لەبنكەی سەربازی غو‌انتانامۆ لە كۆبا بەڕێوەدەچێت.