نیشانە و چارەسەر.. جیاوازی نێوان غەم ‌و كەئابە چییە؟

تەندروستی

11/09/2019‌ 1464 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەموومان بەدۆخی قورسدا تێدەپەڕین، كە تێیدا هەست بە كۆمەڵێك حاڵەتی نەرێنی دەكەین، لەوانە: خەفەت، توڕەیی، نیگەرانی و چەندان هەستی تر.

هاوكات هەزاران مرۆڤ لە دنیادا بە دەست غەم و خەفەت و شكست و نیگەرانی و دۆخی كەئابەییەوە دەناڵێنن، بەڵام ئایا هەموو هەستێك وەكو یەك وایە كەسێك، كە غەم و خەفەتێكی هەیە چواردەور پێی دەڵێن كەسێكی كەئابەیە، ئایا كەئابە و خەفەت یەك شتن؟ ئەگەر یەك شت نین جیاوازییان چییە؟

غەم
غەم و خەفەت حاڵەتێكی هەستەكیی مرۆییە لە كاتی بەركەوتن لەگەڵ دۆخێكی نەخوازراودا دەردەكەوێت و مرۆڤ ناتوانێت بیشارێتەوە و چەند هۆكارێكی هەیە: یان بە هۆی لە دەستدانی كەسێكی نزیكەوەیە، یان جیابوونەوەی هاوسەرەكان، لە دەستدانی كار، هتد... ئەم حاڵەتانە ڕاستەوخۆ كار لە هەستەكانی مرۆڤ دەكەن.

كەئابە
دۆخی كەئابەیی دۆخێكی عەقڵی قورسە و تێدا عەقڵ بەر زەبرێكی كوشندە دەكەوێت، كەئابە لە كەسێك بدات، لە هەر حاڵەت و تەمەنێكدا بێت، توانای ئەوەی هەیە ڕەوشت و ڕەفتاری كەسەكە بگۆڕێت. 

لە ساڵی 2015 نزیكەیی 16 ملیۆن تاكی ئەمریكی توشی حاڵەتی كەئابەی گەورە بووبوون.

چۆن غەم دەناسیتەوە؟
ئەو كەسانەی، كە غەم و خەفەتیان هەبێت لە كاتی قسەكردن بۆ كەسێكی نزیكی خۆیان، یان لە كاتی گریاندا هەست بە ئارامی و بار سوكیییەكی زۆر دەكەن و لەگەڵ تێپەڕبوونی كات غەمەكەیان نامێنێت، ئەگەر كەسەكە بە ئەنجامدانی ئەم كردەوانە باشتر نەبوو، ئەوە دۆخێكی قورسترە و زانایان ناویان ناوە دۆخی كەئابەیی.

چۆن كەسی كەئابە دەناسیتەوە؟
هەستكردن بە بێ هیوایی
هەست كردن بە بێتاقەتی
لە كاتی سەرزەنشت كردندا بەرگری لە خۆی ناكات
گرنگی بە چالاكییانە نادات كە پێشتر چێژی لێیان بینیوە
نایەوێت لەگەڵ خێزانەكەیدا دابنیشێت و چەند كاتژمێرێكیان لەگەڵدا بەسەر ببات
خولیاكانی لە دەست دەدات و ناتوانێت بچێت بۆ خوێندنگا، یان بۆ كارەكەی
لە دۆخێكی قورسدا، بیر لە خۆكوشتن دەكاتەوە

چارەسەر
ئەگەر حاڵەتی كەئابە لە كەسێكدا زۆر بوو و ڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر خواردن و ڕەفتاری هەبوو، پێویستە خێزانەكەی بەزووترین كات بیبەن بەرەو نەخۆشخانەیەكی پزیشكی، یاخود دەروونی، تا بە هۆی دەرمان و چارەسەرەوە، یاخود بە هۆی چاكسازی و چەند ڕاهێنانێكی جەستەیی و دەروونی، دۆخی كەئابەكەی كەم بكرێتەوە.

وەرگێڕان: ڕەنج ڕەسوڵ

بەپەلە