ئەردۆغان: ئێمە باسى تیرۆر دەکەین و ئەمریکاش باسى پرسى کورد دەکات لە سوریا

کوردستان

13/09/2019‌ 3133 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆک کۆمارى تورکیا رایدەگەیەنێت ئەگەر ئەوروپا بۆ ناوچەى ئارام لەسوریا هاوکارییان نەکات دەرگا بۆ کۆچبەران دەکەنەوە، دەشلێت، ئەوان کێشەى تیرۆریان هەیەو ئەمریکاش باسى پرسى کورد دەکات لە سوریا.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا ئەمشەو هەینى رایگەیاند، یەپەگە شەڕى دژى تورکیا دەکات، کەچى ئەمریکا هەزاران بارهەڵگر چەکى لە عێراقەوە گەیاندوەتە دەست یەپەگە.

ئاماژەى بەوەشکرد، بەڵگەکانیان داوەتە ئەوروپا کە یەپەگە باڵێکى پەکەکەیە، بەڵام بەوتەى خۆی نەیانتوانیوە قەناعەتیان پێ بکەن.

سەبارەت بە ناوچەى ئارامیش لەسوریا ئەردۆغان دەلێت، پلانەکانى ناوچەى ئارام بە پێی چاوەڕوانییەکانى ئێمە ناچێت بەرێوە، بۆیە ئەگەر ئەوروپا لەدروستکردنى ناوچەى ئارام هاوکاریمان نەکات دەرگا بۆ کۆچبەران دەکەینەوە.

لەدرێژەى قسەکانیدا سەرۆک کۆمارى تورکیا رونیکردەوە، وڵاتەکەى باسى مەترسى تیرۆر دەکات لە باکورى سوریاوە، بەڵام ئەمریکییەکان باس لە پرسى کورد دەکەن لە سوریا.

س.هـ