ئایا سوریا بۆ روسیا دەبێتە ئەفغانستانی دووەم؟

کوردستان

21/10/2019‌ 1329 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەو ناونیشانەی سەرەوە، گۆڤاری (نیزافیسیمایا غازیتا) راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە دەربارەی گرەوەكانی روسیا لە سوریا و سەختی یەكلاییكردنەوەی جەنگ لەو وڵاتە.

بەپێی راپۆرتەكە، سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترامپ دەڵێت: هیچ شتێكی هەڵە لەوە نابینێت سوریا یارمەتی لە روسیا وەربگرێت، وەك كاردانەوەیەكیش بەرانبەر ئەو رەخنانەی لە ئەمریكا دەگێرێت بەوەی ناپاكی لە بەرژەوەندی كوردەكان كردووە و سوپاكەی لە سوریا كشاندووەتەوە، ترامپ نمونەی پرۆسەی مۆسكۆی هێناوەتەوە لە ئەفغانستان.

هەر بەپێی راپۆرتەكە، ئەمریكا دەستبەرداری پلانە ستراتیژییەكانی نابێت لە سوریا و رۆژهەلاتی ناوەڕاست بە شێوەیەكی گشتی، واشنتۆن دژی رژێمی بەشار ئەسەد كار ناكات، بە قەد ئەوەی بەربەست بۆ بەرژەوەندییە سەربازی و ئابووری و جیۆسیاسییەكانی مۆسكۆ دروست دەكات، كە پاڵپشتی ئەم رژێمە دەكات.

یەكەم، ئەمریكییەكان سوریا بە جێناهێڵن، ئەوان، بەگوێرەی قسەی سەركردەكانی پەنتاگۆن، لە بنكەی تەنەفی سەر سنووری ئوردن دەمێننەوە، لەبەر ئەوە، ئەوان بەردەوام دەبن لەسەر پاڵپشتیكردنی جەنگاوەرەكانی دژی ئەسەد لەسەربازگەی رەكبانی دراوسێی ئەم بنكەیە.

دووەم، نوێنەری تایبەتی سەرۆكی روسیا بۆ كاروباری سوریا، ئەلسكەندەر لافرینتیف دەڵێت: كوردەكان رازی بوون بەوەی سوپای سوریا بچێتە هەندێك شوێنی دیاریكراو، ئەم رێككەوتنە باسی بابەتی سیاسی و ئابووری نەكردووە، بەڵكو ئەو شوێنانە دەگرێتەوە، كە دەگەڕێنرێتەوە بۆ دیمەشق، هەروەك لە نەخشەكەدا هاتووە، هێڵێكی ئەمنی بە درێژایی سنوری سوریا-توركیا دەگرێتەوە. بەڵام سەرجەم كیڵگە نەوتییەكان لەباشووری ئەم كەرتە بە نزیكی؛ لەدەرەوەی دەسەڵاتی حكومەتی سوریا دایە.

دوای كشانەوەی ئەمریكا، لەسەر هێزەكانی سوریا پێویستە دەست بگرنەوە بەسەر ناوچەیەكی ئێجگار زۆردا، ئەمەش مانای ئەوەیە مەترسی پێكدادانی سەربازی لەگەڵ هێزەكانی توركیا و باندەكانی داعش زیاد دەبن، لێرەدا، بەدڵنیاییەوە، داواكردنی یەكەیەكی سوپای روسیا دەبێتە پێویستی.

پاشان، لەگەڵ ئەوەی مۆسكۆ پێی وایە قۆناغی سەربازی لە سوریا كۆتایی پێ هاتووە، هێشتا زۆر زووە بۆ ئەوەی قسە لەسەر ئەوە بكرێت وڵات دەچێتە قۆناغی ئاشتییەوە. 

هەروەها دیمەشق بە پاڵپشتی روسیا تەنیا چەند سەركەوتنێكی بەدەست هێناوە و تا ئێستاش چارەسەری سیاسی لەو وڵاتە دەستی پێنەكردووە، دۆخەكە لە راستیدا دۆخی ئەفغانستان وەبیردێنێـتەوە، بەوەی مۆسكۆ لە جەنگدا تێوەگلا لەمیانی هاوكاری كردنی كابوڵ لە دژایەتی كردنی ركابەرەكەیدا.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا