وردەكاری پیلانی توركیا بۆ دروستكردنی ناوچەی ئارام لەرۆژئاوای كوردستان

کوردستان

22/10/2019‌ 1522 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
توركیا بە پاشەكشەی هێزە كوردییەكان بەپێی رێكەوتننامەی ئاگربەست، دەست دەكات بەدروستكردنی ناوچەی ئارام بەدریژایی ١٢٠ كیلۆمەتر لەباكووری رۆژهەڵاتی سوریاو رۆژئاوای كوردستان .

رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا بەردەوام داوای ناوچەیەكی ئارامی دەكرد بەدرێژایی ٤٤٤ كیلۆمەتر لەسەر سنووری سوریا، بەڵام قۆناغی یەكەمی ئەو پرۆژەیە لە چوار یەكی ئەو رووبەرە تیپەڕ ناكات .

وادیارە پیلانی یەكەمی ئەردۆغان لەڕێگای بڵاوەپێكردنی هێزەكانی سوپای سوریا لەسەر داوای هێزە كوردییەكان لەبەشێك لەو ناوچانەی ئەردۆغان نیازی دروستكردنی ناوچەی ئارامی لێهەبوو شكستیپێهینراوە .

سەرچاوە سەربازییە توركییەكان باسیان لەوە كردووە، كە دروستكردنی ناوچەی ئارام بەدرێژایی ١٢٠ كیلۆمەتر و بەقووڵایی ٣٢ كیلۆمەتر وەك "هەنگاوی یەكەم" ئێوارەی رۆژی سێشەممە دەستپێدەكات، ئەگەر هاتوو هێزە كوردییەكان بەپێی ئەو ڕیكەوتننامەیەی هەفتەی رابردوو لەنێوان واشنتۆن و ئەنقەرە واژوو كرا پاشەكشەیان كرد.

لە قۆناغی یەكەمدا ناوچە ئارامەكە لەنێوان گرێ سپی، كە هەر لە سەرەتای دەستدرێژی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان لەلایەن سوپای توركیا و گرووپە چەكدارییە سورییەكانی سەر بە توركیاوە دەستی بەسەرداگیرا تاوەكو شاری سەری كانی، كە هێزە كوردییەكان لەدوای پرۆسەی ئاگربەست پاشەكشەیان لێكرد دەگرێتەوە .

بەئامانجی فراوانكردنی ئەو ناوچەیە، توركیا ناچارە لەگەڵ روسیا بگاتە لەیەكتێگەیشتن، كە لەگەڵ بەشار ئەسەددا هاوپەیمانەو لەسەرەتای هێرشەكانی توركیا هێزەكانی لەچەند ناوچەیەكی باكووری رۆژهەڵاتی سوریا  بڵاوكردووەتەوە، ئەوەش ئاستەنگی بۆ پلانەكەی توركیا دروست كردووە.

پێشبینی دەكرێت لە دیداری رۆژی سێشەممەی نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا و ڤلادیمێر پۆتینی سەرۆكی روسیا باسی ئەو بابەتە بكرێت، كە هێزەكانی رێگریان كردووە لەوەی هێزە توركی و سورییەكان بەریەكبكەون .

لای خۆیشییەوە ، ئێران رایگەیاند، شتێكی قبووڵكراو نییە توركیا بنكەی سەربازی لەناو خاكی سوریا دروست بكات .

رۆژی هەینیش ئەردۆغان رایگەیاند، لە ئایندەدا  ١٢ ناوچەی چاودێری توركی لەناوچە ئارامەكە دروست دەكەن ، بەڵام سەرچاوە سەربازییە توركییەكان جەختیان كردەوە، كە ئەو بنكانە هاوشێوەی ئەو بنكەیە دەبێت، كە توركیا لەنزیك موسڵ دروستی كردووە .

ئەگەر ئامانجی سەرەكی توركیا لە دروستكردنی ئەو ناوچە ئارامە دورخستنەوەی شەڕڤانانی كورد بێت لەسەر سنوورەكانی، ئەوە ئامانجێكی تریش بریتییە لە نیشتەجێكردنی بەشێك لەو پەنابەرە سورییانەی ئێستا لە توركیا نیشتەجێن و بەقسەی دەسەڵاتدارانی توركیا ژمارەیان دەگاتە ٣،٦ ملیۆن پەنابەرە .

هەروەها رۆژی دووشەممە خلوسی ئاكار وەزیری بەرگری توركیا رایگەیاند، ئەنقەرە پلانی هەیە ملیۆنێك پەنابەری سوری لەو بەشەی رۆژئاوای كوردستان نیشتەجێ بكات، كە ناوچە ئارامەكەی لێدروست دەكرێت .

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی