هەواڵی ئەمریكا بۆ دابینكردنی ئینتەرنێتی خۆڕایی بۆ ئێرانییەكان

جیهان

20/11/2019‌ 1842 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە كۆنگرێسی ئەمەریكییەوە باسی لەوە كردووە، كە واشنتۆن كار لەسەر ئەوە دەكات لەڕێگای مانگە دەستكردەكانەوە خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی خۆرایی بۆ خەڵكی ئێران دەستەبەر بكات .

ئەو سەرچاوەیە بە "ئاژانسی هەواڵی عەین"ی راگەیاندووە، ئەو هەنگاوە وەك پاڵپشتییەكی راستەوخۆیە بۆ شۆڕشی ئێرانییەكان دژ بە سیستەمی سەركوتكاری لەتاران .

بەقسەی ئەو سەرچاوەیە ئەو هەنگاوە دەرفەتی ئەوە بە جیهانی دەرەوە دەدات ئاگاداری ئەوەبن، كە لەناوخۆی ئێران چی دەگوزەرێت، بەتایبەت دەسەڵاتدارانی تاران بۆ دامركاندنەوەی خۆپیشاندانەكان خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی بڕیوە .

سەرچاوە ئاگادارەكەی كۆنگرێس ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە جیهانی دەرەوە مافی خۆیەتی بزانێت لەناو ئێران چی روودەدات تا هەنگاوی پێویست بۆ پشتیوانیكردنی گەلی ئێران بنێت.

هەر لەو چوارچێوەیەدا ، ڕێكخراوی موجاهیدینی خەڵق، كە مریەم رەجەوی رابەرایەتی دەكات لەبەیاننامەیەكدا داوای لەسكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایش ڕێكبخات بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی خۆپیشاندانەكانی ئێران و سەركوتكردنیان لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە، كە بە قسەی ڕێكخراوەكە تائێستا زیاتر لە ٣ هەزار كەس بریندار بوون .

ماوەی دە رۆژ دەبێت خۆپیشاندان لەشارو شارۆچكەكانی ئێران دەستیپێكردووەو بەردەوامیشی هەیە، كە حكومەت وەك رێكارێك بۆ رێگری‌و تەشەنەی خۆپیشاندانەكان ئینتەرنێتی بڕیوە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی