ئەردۆغان ئامادەیە جێگای فرۆكەی سو-35ی روسی لە ئەنجەرلیك بكاتەوە

ڕاپۆرت

15/12/2019‌ 2160 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەو ناونیشانەی سەرەوە، گۆڤاری (فۆینۆبرۆمیشیلینی كورییر) راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە دەربارەی سیناریۆی توركیا بۆ پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەمریكا، ئەمەش بەهۆی هەڕەشەكانی واشنتۆنەوە دێت بەسەپاندنی سزا بەسەر ئەنقەرە بەهۆی كڕینی ئێس-400 ەوە.

ئەمریكا و توركیا لە كێشەیەكی قووڵی پەیوەندییەكانیاندان، هەندێك لە شارەزا ئەمریكییەكان سیفەتێكی (درامییان) داوەتە پاڵ ئەم كێشەیە، بە شێوەیەك واشنتۆن خەریكی تاوتوێكردنی سیناریۆی جۆراوجۆرە بۆ رووداوەكان و بەدووری نازانێت سزای كەلە رەقی توركیا بدات لە كڕینی كۆسیستەمەكانی بەرگری ئاسمانی روسی ئێس-400، هەروەها ئەنقەرە رایگەیاندووە، ئامادەی وەڵامدانەوەیە.

وەزیری دەرەوەی توركیا مولود چاویش ئۆغلۆ لە لێدوانێكی گوزارشت تونددا لەرێگەی كەناڵی (هابر)ی تەلەفزیۆنی نیشتمانییەوە پەیمانیدا وەڵامی زۆر توندیان بەرانبەر سەپاندنی سزاكان بەسەریاندا و لەم بارەیەوە وتی: ئەگەر ئەمریكا سزا بەسەر توركیا بسەپێنێت، رەنگە بەهانە بێت بۆ پرسی هەردوو بنگەی ئینجەرلیك و كیۆرجیك لەخشتەی كارەكاندا و ئەنقەرە فرۆكەی شەڕكەری روسی بە جێگرەوەی ئێف-15ی ئەمریكی دادەنێت، ئەگەر بێت و واشنتۆن بە توركیا ی نەفرۆشێت.

ناكرێت ئەم لێدوانانەی وەزیری دەرەوە وەك خۆی وەربگێرێت، بەڵام لایەنێكی پرۆسەی دانوستاندن یاخود سازشی تێدایە، ئەنقەرە دەیەوێت لەوێوە خاڵەكان لە بەرژەوەندی خۆیدا بەكاربهێنێت. 

لای خۆیەوە، ئەمریكا رەزامەند بووە لەسەر بودجەی سەربازی ساڵی داهاتوو، مكوڕیشە لەسەر ئەوەی بە ئاشكرا بیهێڵێتەوە و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا دەربارەی ئەم بابەتە هاتووە: فرۆكەی ئێف-15 رادەستی توركیا ناكرێت تاك كێشەی ئێس-400 چارەسەر نەكرێت. 

سەرەرای ئەمەش هەر یەك لە كۆنگرێس و ئەنجومەنی نوێنەران بە ئەنقەست دوا هۆشدارییان بە توركیا داوە. بەڵام لە كۆتاییدا سەرۆك دۆناڵد ترامپ یەكلایی دەكاتەوە.

دەكرێت بڕوا بەوە بكرێت، كە پێویستە هەڵسوكەوت لەگەڵ ئەم كێشەیەدا لە گۆشەنیگاو دیدگای سیاسەتی ناوخۆی توركیاوە بكرێت نەك لەدیدی پەیوەندییەكانی نێوان ئەنقەرەو واشنتۆن، ئەردۆغان هەست بەوە دەكات بیرۆكەی دوورخستنەوەی لەلایەن ئەمریكا و ئەوروپاوە پێگەیشتووە، لەوەش دەترسێ چارەنووسی وەك سەرۆكی پێشووتری ئۆكرانیا (یانوكوفیچ)ی لێبێت، بۆیە گوتارەكانی روەوو پەلكێشكردنی بەدەست هێنانی پشتیوانیی جەماوەرییە.

بەڵام داخستنی بنكە ئاسمانییەكانی ئەمریكا لە توركیا، زۆری لەسەر دەكەوێت بەتایبەتی ئەو كێشانەی پەیوەندییان هەیە بە كەلوپەل و سامانەوە، لەبەر ئەوە هەرەشەكردنەكە لەیەك حاڵەتدا دەبێتە راستی ئەویش ئەوكاتەیە، كە ئەمریكا بە كردار دەست بكات بە رووخاندنی ئەردۆغان.

لێرەدا هەست بەوە دەكرێت، زۆر كەس گرنگی بەم بابەتە دەدەن، ئەوانەی بەرگریكارن لەمافەكانی مرۆڤ لە ئەمریكا و ئەوروپا لە ئێستادا لەسەر توركیا ڕاڕان، دەستگیركردن و داوای دادگایی كردن لە وڵاتدا بوونی هەیە، بەڵام بەو جۆرەش خراپ نییە، كە سەرجەم بەرگریكاران دەنگیان لێبەرزبێتەوە. 

سەرەرای ئەوەش پارەیەكی زۆر لە رۆژنامە بەرهەڵستكارەكانی توركیا خەرج دەكرێت، بە كورتی ژمارەیەك پێنوێن بوونی هەیە وەك ئامادەكاری ناڕاستەوخۆ دێتە بەرچاو بۆ لادانی ئەردۆغان لە دەسەڵات.

پێدەچێت سەرجەم بابەتەكان تا ڕادەیەكی زۆر لە گۆڕەپانی ئۆكرانی بچێت لەساڵانی 2012-2013، بەڵام پاساو دژی ئەو لۆژیكە هەیە، كە ئەردۆغان یانوكۆڤیچ نییە، لە بۆچوونی راپۆرت نووسەكەدا ناوبراو سیاسییەكی زۆر لێزانە، ئەو چەندین جار لە كاروانی سیاسیدا شكستی هێناوە، بەڵام لە كۆتاییدا و زۆربەی كات دەرچەیەكی دۆزیوەتەوە بۆ دەرچوون لەو رێگا داخراوە.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا