پلانی ئەمریكا بۆ جێگیركردنی بنكە سەربازییەكانی لەناوچە سوننی‌و كوردییەكان

ڕاپۆرت

20/01/2020‌ 3434 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
چەند سەرچاوەیەكی سیاسی باڵای عێراقی لەبەغدا، ئەوەیان ئاشكراكرد، ئەمریكا لیبڕاوانە بە دوای چەند بژاردەیەكەوەیە سەبارەت بە ئایندەی بوونی هێزەكانی لە عێراق، ئەمەش دوای ئەوەی پەرلەمانی عێراقی بڕیاریدا هێزەكانی ئەو وڵاتە لە خاكەكەی بكاتە دەرەوە، یەكێك لە بژاردەكانیش هێشتنەوەی هێزەكانی ئەمریكایە لە ناوچە سوننی و كوردییەكان.

چاودێران دەڵێن: لە 10 ساڵی ڕابردوودا، ئەمە یەكەمجارە شیعەكان لە بەرامبەر ئەمریكادا نیمچە یەكڕیزبن، ئەمەش بۆ ڕازیكردنی دڵی ئێرانە، كە بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراقیش بە زۆرینەی دەنگی شیعەكان بوو، كورد و سوننەكان دەنگیان بۆ نەدا، كە ئەوە نیشانەی پەرتەوازەیی بڕیاری سیاسییە لە عێراقدا.

ئوسامە نوجەیفی، یەكێك لەسەركردەكانی لایەنە سوننییەكان لەعێراق پێیوایە ئەمریكا هاوڕێ و دۆستە، چەند ڕێككەوتننامەیەكیشی لەگەڵ بەغدا مۆر كردووە، بۆیە هەر بڕیارێك دەبێت لەخانەی بەرژەوەندی هەردوولادا بێت.

نوجەیفی بڕیارەكەی‌ پەرلەمانی عێراق بە بڕیارێكی بەپەلە و خێرا وەسف دەكات، پێشیوایە گەلێك كون و كەلەبەری یاسایی تێدان و لێدانیشە لەیەكڕیزی بڕیاری نیشتمانی، چونكە پێكهاتەی سوننە و كورد تییدا بەشدار نەبوون، بۆیە بڕیارەكە لێكەوتی نەرێنی دەبن بۆ سەر ئایندەی بڕیاری سیاسی نیشتمانی عێراق.

هەروەها چاودێران كۆكن، كە شیعەكان دەتوانن فشار بخەنە سەر سونەكان بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە ناوچەكانیاندا جێگیركراون، بەڵام ئەو كارەیان لە دژی كوردەكان پێناكرێت، كە لە بەرانبەر بەغدا نیمچە سەربەخۆییەكیان هەیە.

چەند سەركردەیەكی سیاسی سونەش ئاماژەیان بۆ ئەوە كردووە ماسیۆ تۆلەری باڵویزی ئەمریكا لە بەغدا، ئەو پرسەی لەگەڵ سونەكان لە ئەنبار تاوتوێكردووە و وەڵامی ئەرێنییانەی دەستكەوتووە.

چەند سەرچاوەیەكی ئاگاداریش دەڵێن: پلانی ئەمریكا هێشتنەوەی هێزەكانییەتی لە هەردوو بنكەی عەین ئەلئەسەد لەئەنبار و بنكەی حەریر لە هەولێر.

هاوكات سەرچاوەكان دەڵێن عادل عەبدولمەهدی و هادی عامری ئەو پرسەیان لەگەڵ محمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق تاوتوێكردووە، كە ئاخۆ گفتوگۆی لەوبارەوە لە نێوان ئەمریكی و سونەكاندا بوونی هەیە یاخود نا.

پێشتر شیعەكانی نزیك لە ئێران وەك دۆستێكی متمانەپێكراو تەماشای حەلبوسیان دەكرد، بەڵام ئێستا گومانی ئەوەی لیدەكەن لە ژێرەوە پەیوەندی لەگەڵ ئەمریكییەكان هەبێت، لە بەرانبەرشدا ئەمریكا بەڵێنی پێداون پشتیوانی بیرۆكەی هەرێمێكی فیدڕاڵی بێت بۆ سونەكان.

چاودێران دەشڵێن: ئایندەی بوونی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق لەوانەیە پەیوەست بێت بە بیرۆكەی هەرێمێكی سونییەوەو لەوانەیە ئەو بیرۆكەیە تاوتوێ بكرێت و مشتومڕ لەسەری گەرموگوڕ بێت.

باس لەوەش دەكەن، سەركردە سیاسییە سونییەكان لەوانەیە ئەو كارتی فشارە لەبەرانبەر شیعەكان بخەنەكار، چونكە سونەكان پێیان وایە هێزەكانی ئەمریكا دەستەبەری بەردەوامی هاوبەشبەندی نێوان شیعە و سونەكان دەكەن لە دەسەڵاتدا.

ئەمە لە كاتێكدایە، چاوەڕوان دەكرێت حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی بڕیاری كردنە دەرەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە وڵاتەكەی پەسەند بكات، كە قسەكەرێكی سەربازی بە ناوی عەبدولمەهدییەوە ڕایگەیاند، چی دیكە ڕێگە بە مانەوەی هێزە ئەمریكییەكان نادرێت لە عێراقدا.

لەلایەكی تریش میدیا ئەمریكییەكانیش دەڵێن، لە دوای كوشتنی قاسم سلێمانی، هێزەكانی ئەمریكا كردە سەربازییەكانیان لە عێراق دەستپێكردووەتەوە.

قسەكەرەكەی عەبدولمەهدی جەختی لەوە كردەوە، كە بڕیاری كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان لە عێراق هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە، وتیشی: هەرێمی كوردستانیش لەوبارەوە هیچ گرفتێكی ئەوتۆی نییە.

ئەو لێدوانەی وتەبێژە سەربازییەكەی عێراق دوای چەند كاتژمێرێك هات لەبڵاوكردنەوەی ئەو ڕاپۆرتانەی دەڵێن: ئەمریكییەكان و هەرێمی كوردستان پرسی دامەزراندنی بنكەی سەربازی ئەمریكییەكان لە هەرێم تاوتوێ كردووە.

هاوپەیمانی ناتۆش بەوەزارەتی دەرەوەی‌ عێراقی ڕاگەیاندووە، ئەگەر بڕیارەكەی عێراق بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەوا ناتۆ كردە سەربازییەكانی لە عێراق دەوەستێنێت و كۆتاییان پێدێنێت.

سەرچاوە: عەرەب
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر