رۆژئاوای كوردستان بۆ دادگاییكردنی چەكدارانی داعش داوای یارمەتی لەكۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات

کوردستان

27/02/2020‌ 613 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دوای نزیكەی ساڵێك لە كەوتنی دوایین بنكەی داعش لە سوریا لە ئازاری 2019، هێزەكانی سوریای دیموكرات، كە لەلایەن ئەمەریكاوە  پشتیوانی دەكرێن، هێشتا نزیكەی 12,000 ئەندامی گومانلێكراوی داعشیان لەژێردەستدایە لە باكوری خۆرهەڵاتی وڵاتەكە.

لەو بارەیەوە فەنەر كایت بەرپرسی پەیوەندییە دەرەكییەكان لە شاری قامیشۆی رۆژئاوای كوردستان وتی: ئیدارەی خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان پێویستی بە هاوكاری نێودەوڵەتییە.

بەگوێرەی پێگەی "دیارونا " ئەو بەرپرسەی رۆژئاوای كوردستان وتیشی: لەسەر ئاستی دادوەری و تەكنیكی، پێویستمان بە هاوكارییەكی زۆرە.

هەروەها ئەوەشی وت: چاوەڕێدەكەن زۆر وڵات یارمەتیمان بدەن "لە ماوەی مانگێك یان دوواندا"، بەبێ ئەوەی ناوی هیچیان بڵێت.

كایت یەكشەممە كۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێكی پەرلەمانی بەلجیكی كرد، كە 15 كەسی وڵاتەكە لەلایەن ئیدارەی رۆژئاوای كوردستانەوە  دەستگیركراون، لەكاتێكدا زیاد لە 60 ژن و منداڵی بەلجیكی لە كەمپەكاندا ماونەتەوە لەبەر گومانی ئەوەی ئەندامێكی داعش لە خێزانەكەیاندا هەبووە.

زۆربەی ئەو كەسانەی لە كامپ و گرتووخانەكانی رۆژئاوای كوردستاندا گیراون خەڵكی سوریا و عێراقن، بەڵام لەنێو ریزەكانیاندا نزیكەی 2,500 بۆ 3,000 كەس هەیە لە نزیكەی 50 وڵاتەوە هاتوون.

بەهۆی ئەوەی هەندێك وڵات دوودڵن لەوەی هاووڵاتیەكانیان وەربگرنەوە، رۆژئاوای كوردستان ناچارە خۆی هەنگاو بۆ دادگاییكردنی چەكدارانی داعش بنێت .

وەرگێران : ئاكۆ عەبدوڵلا ئاڵی