نەوەی دووەمی بنەماڵەكانی دەسەڵات هێڵەكانی دووئیدارەیی تۆخدەكەنەوە

ڕاپۆرت

21/03/2020‌ 3100 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەم دوایانە بەتەواوی دەسەڵاتی ئیداری‌و حیزبی لەهەرێمی كوردستان كەوتە دەست نەوەی دووەمی دوو بنەماڵەی دەسەڵاتدار، كە ئەوانیش بنەماڵەكانی بارزانی‌و تاڵەبانین.

لەگەڵ دەستگرتن بەسەر دەسەڵاتی ئیداری‌و حیزبی لەلایەن ئەو نەوەیە، گەڕێكی نوێی ململانێ‌ لەنێوان ئەو دوو بنەماڵەیە سەریهەڵدا، كە لە شەستەكانی سەدەی رابردووەوە بەردەوامەو لەو ماوەیەشدا ئەو ململانێیانە چەندین جار گەیشتووە بەلوتكە.

دواین ململانێی ئەو دوو بنەماڵەیە لەماوەی رۆژانی رابردوو سەریهەڵدا، كە ململانێكە بەشێوەیەكە، لەنێوان هەردوولا شەرێكی میدیایی توند دروست بووە، كە دەتوانرێت بەشەڕی هەواڵگری ناوی ببەیت.

هۆكاری ئەوەی ئەو شەڕە بەشەڕی هەواڵگری ناودەبێت، ئەوەیە، كە دەزگا هەواڵگرییەكانی پارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتمانی لەبەرانبەر یەكتری وەستاونەتەوەو بەیاننامەی توند لەسەر یەكتری دەردەكەن.

رۆژی پێنج شەممەی رابردوو، ئاسایشی هەولێر، كە راستەوخۆ لەلایەن دەزگای پاراستنی پارتی سەرپەرشتی دەكرێت بەیاننامەیەكی لەسەر دەستگیركردنی كەسێك بەناوی "رۆژگار رزگار محەمەد" بڵاوكردەوە، كە ناوبراو پاسەوانی وەزیری دارایی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە. 

بەپێی بەیاننامەكە ئەو پاسەوانە "لە كاتی ئەركی فەرمی خۆیدا لە ژێر سەرپەرشتی و رێنمایی دەزگای زانیاری كاری سیخوڕی ئەنجامداوە بۆ بەرژەوەندیی لایەنێكی بیانی لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان".

ئەمە بەسبوو بۆ تەقینەوەی ئەو شەڕەی ماوەی شەند رۆژێكە بەردەوامەو راستەوخۆ دوای ئەوە، دەزگای زانیاری سەر بەیەكێتی نیشتمانی بەیاننامەیەكی دەركردو بەتوندی وەڵامی ئاسایشی هەولێری دایەوە.

ئەوەش وایكرد، شەڕی نێوان هەردوولا توندتر بێت، تا كار گەیشتە ئەوەی نووسینگەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەیاننامەیەكی توندی دەركردو وەڵامی دەزگای زانیاری یەكێتی دایە، هاوكات دژەتیرۆری سەر بەپارتیش بە بەیاننامەیەكی توند شەڕەكەی ئەوەندی تر گەرمكرد.

هاوكات وتەبێژی یەكێتی هەر لەماوەی ئەو چەند سەعاتەی شەڕكردن، بەیاننامەیەكی توندی بڵاوكردەوەو بەتوندی وەڵامی بەیاننامەكانی دایەوەو هۆشداریشدایە، پارتی دیموكرات، كە ئەوە ئەو شەراكەتە نییە ئەوان داوای دەكەن.

دەركردنی چەند بەیاننامەیەك لەماوەی چەند سەعاتی شەڕی میدیایی نێوان پارتی‌و یەكێتی، ئەو ئاماژانەمان زیاتر بۆ دەردەخەن، كە هەردوو حیزب، هێشتا خاوەن هەژموون‌و هێزو ناوچە جێنفوس‌و هێزی چەكداری خۆیانن، كە وا بەئاسانی دەستبەرداری نابن‌و هەمیشەش ئامادەن بۆ گەڕانەوە بۆ سەردەمی دوو ئیدارەیی.

دواین راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاش، كە لەم مانگەدا بڵاوكرایەوە، بەڕوونی باس كرابوو، كە هێشتا هێڵەكانی دوو ئیدارەیی لەهەرێمی كوردستان دیارەو پارتی‌و یەكێتی هەریەكەیان خاوەنی هێزو ئاسایشی تایبەت بەخۆیانن‌و هیچ هەنگاوێكیان نەناوە بۆ یەكگرتنەوەی ئیدارەو دروستكردنی هێزی هاوبەش‌و نیشتمانی بۆ هەرێمی كوردستان.

ململانێی‌و شەڕی میدیایی پارتی‌و یەكێتی چ لەئێستا چ لەقۆناغەكانی رابردوو، زیاتر لەپێناوی پاراستنی بەرژەوەندی‌و بەهێزكردنی خۆیان بووە، بەتایبەتی بەهێزكردنی دەسەڵاتی بنەماڵەیی.

بەدرێژایی ئەو ماوەی ململانێیەش، كە لەنێوان پارتی‌و یەكێتی هەبووە، بەردەوام چاودێران هۆشدارییانداوە لەوەی ئەگەری سەرهەڵدانەوەی شەڕی ناوخۆ هەیە، بەو شێوەی لەماوەی ساڵانی نەوەدی سەدەی رابردوو روویداو بەهۆیەوە هەزاران كەس بوونە قوربانی.

چاودێران باس لەوەش دەكەن، كە هەنگاوی كارەكی‌و كاریگەر بۆ دووركەوتنەوە لەدروستبوونەوەی دووئیدارەیی‌و شەڕی ناوخۆیی ئەوەیە، پارتی‌و یەكێتی دەستبەرداری هێزە ئەمنییەكانیان بن‌و كار بكەن بۆ دروستكردنی هێزی نیشتمانی.